Accessibility links

لێکۆڵینەوە لەسەر هێرشێکی ئاسمانی هاوپەیمانان لە موسڵ دەکرێت


هاوپەیمانانی بەڕێبەرایەتی ئەمەریکا کە لە عێراق شەڕی دژ بە چەکدارانی داعش دەکەن دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە کردن لەسەر ئەو هێرشە ئاسمانیانەی کە هەندێک ڕاپۆرت ئاماژەی پێدەکەن کە گوایە بەم دواییانە زیاتر لە 100 کەسی سیڤیلی لە گەڕەکی موسڵ جدیدەی ڕۆژئاوای شاری موسڵ کوشتووە.

لە بەیاننامەکەی هاوپەیماناندا هاتووە کە " هەڵسەنگاندێکی فەرمی بۆ زیانی گیانی سڤیلیەکان لە سەر بنچینەی ئەو تۆمەتە دەستیپێکردووە." بەیاننەمەکە دەشڵێت "فڕۆکەکانی هاوپەیمانان بە شێوەیەکی ڕۆتینی هێڕش دەکەنە سەر ئامانجەکانی داعش لە گەڕەکەکە و هێزەکانی هاوپەیمانان هەمو هەنگاوێکی بەرپرسیارانە دەگرنە بەر لە میانەی بەرنامەدان و ئەنجامدانی هەر هێرشێکی ئاسمانی، بۆ ئەوەی زیانی گیانی نەگەیەنن بە خەڵکی سیڤیل".

لەکاتێکدا جۆن تامس گوتەبێژی نێوەندی سەرکردایەتی هێزەکانی ئەمەریکا بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمسی گوتووە لەشکر دڵنیا نییە لەوەی کە تەقینەوەیەک لە ڕۆژئاوای موسڵ بەهۆی هێرشی ئاسمانی ئەمەریکا یان هاوپەیمانانی تر و یاخود بۆمبی چێندراوی داعشەوە بووە، بەڵام ئەفسەرێکی هێزی عێراقی بە ڕۆژنامەکەی گوتووە ڕێک دەزانێت چی ڕوویداوە.

ژەنەڕاڵ مان ئەلسەعدی سەرکردەی هێزی تایبەتی عێراقی بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە کە هێزەکەی داوای هێرشی ئاسمانیان لە هاوپەیمانان کردووە بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ سێرەگرەکاندا کەلە سەربانەکانی سێ ماڵی موسڵ جەدیدەوە هێرشیان دەکرد. پاشان گوتی هێزەکەی نەیانزانی بوو ژێرزەمینی ئەو ماڵانە پڕن لە خەڵکی سیڤیل.

گروپە مرۆییەکان و کاربەدەستانی چاودێری کردنی شەڕەکە هۆشداری شیانی زیادبوونی زیانە سڤیلییەکانیان داوە بەهۆی زیادبوونی داخوازییەکان بۆ هێرشی ئاسمانی و تۆپخانەکان.

XS
SM
MD
LG