Accessibility links

تالیبان نکوڵی لەوە دەکات لەسەر پرۆسەی ئاشتی ئەفغانستان وتووێژی لەگەڵ پاکستان کردبێت


تالیبانی ئەفغانستان ئەو ڕاپۆرتە هەواڵیانە بە درۆ دەخاتەوە کە نوێنەرەکانی بەم دواییانە سەردانی پاکستانی دراوسێیان کردبێت و بۆچوونی کاربەدەستانیان وەرگرتبێت لەسەر وتووێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کابوڵدا.

تالیبان بۆ ماوەیەکی زۆرە وتووێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستان ڕەتدەکاتەوە و بە بووکەڵەی دەستی ئەمەریکا ناودێریان دەکات.

زەبیحوڵا موجاهد گوتەبێژی سەرەکی ئەو گروپە یاخیبووە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئێمە بە توندی ئەو ڕاپۆرتە هەواڵیانە ڕەتدەکەینەوە، لەبەر ئەوەی هیچکام لە ڕێبەرەکانمان سەردانی ئیسلام ئابادیان نەکردووە و نە لەگەڵ هیچ کاربەدەسێکی ئەوێ کۆبونەتەوە.

بەڵام بە تەواوەتی ئەو ڕاپۆرتانەی ڕەت نەکردەوە کە ڕەنگە گروپەکەی لە کۆبونەوەی مۆسکۆ بەشداری بکات ئەگەر بانگهێشت بکرێت. موجاهد گوتی " تەنها کاتێک بانگهێشەکەمان پێ بگات ئەو کات دەتوانین تاوتوێی ئەو مەسەلەیە بکەین."

ئەم قسانەی موجاهد ڕۆژێک پاش ڕاپۆرتێکی ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتدە کە دەڵێت کاربەدەستانی پاکستان پێشوازیان لە 7 ڕێبەری تالیبان کردووە لە ئیسلامئاباد لە هەوڵێکیاندا بۆ فشار خستنە سەر ئەو گروپە یاخی بووە کە بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستاندا.

پاکستان وتووێژێکی لە نێوان تالیبان و کاربەدەستانی ئەفغانستان لە مانگی 7ی ساڵی 2015 ڕێکخست، بەڵام لەو کاتەدا بڵاو بوونەوەی ئەو دەنگۆیەی کە مەلا عومەری ڕێبەری باڵای گروپەکە بۆ ماوەی دوو ساڵە مردووە پرۆسەی ئاشتی تێکدا.

کاربەدەستێکی باڵای حکومەتی پاکستان و کاربەدەستێکی دەزگای موخابەراتی بە دەنگی ئەمەریکایان گوت کە ئەوان ئاگاداری وتووێژێکی لەو جۆرە نین بەڵام هەردوو کار بەدەست بە مەرجێک قسەیان کرد کە ناویان ئاشکرا نەکرێت .

کاربەدەستەکەی دەزگای موخابەراتی پاکستان گوتی " پاکستان هەوڵ دەدات خۆی بە دوور بگرێت لە میوانداری کردنی کۆبونەوەی ئاشتی ئەفغانستان و پێی وایە باشترە ئەو وتووێژە ئاشتییە لە ناو وڵاتەکە ئەنجام بدرێت و هەمولایەنکان پەسەندی بکەن."

پەیوەندییەکانی نێوان ئیسلامئاباد و کابوڵ لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا تێکچووە بەهۆی هێرشەکانی تاڵیبان لە ئەفغانستان ، کە کاربەدەستانی ئەفغانی ئەو یاخیبوانە تاوانبار دەکەن کە لە خاکی پاکستاندان.

لە سەرەتای ئەم هەفتەیە لە میانەی سەردانێکیدا بۆ واشنتۆن وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان سەلاحودین ڕەبانی سوور بوو لەسەر ئەوەی كابوڵ دەرگای وتووێژی ئاشتی بە ڕووی یاخیبواندا کردۆتەوە، بەڵام ئەویش ئیسلامئابادی بەوە تاوانبار کرد کە هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەی ئاشتی بۆ کۆتایی هێنان بە ناکۆکیەکانی ئەفغانستان بنکۆڵ دەکات.

XS
SM
MD
LG