Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: سیناریۆکانی پاش شەڕی ئازادکردنی موسڵ


شەڕی ئازادکردنی موسڵ و پێشرەویەکانی هێزە ئاسایشیە عێراقیەکان ئاماژەن بە کۆتاییهاتنی ئەو دەوڵەتە خەلافەتیەی ئەبو بەکر ئەلبەغدادی ڕایگەیاند کە دەخوازێت سنورێکی لە ئەوروپاوە دەستپێبکات و سنورێکیشی لە چین بێت.

بەپێی ڕای زۆرێک لە شارەزایان، سەرکەوتن لە موسڵ بە مانای کۆتاییهاتنی توندڕەویی ئاینی نییە، لەسەر ئەو بنچینەیەی تا ئایدیۆلۆژیەتی ڕق و کینە بەردەوام بێت بەرامبەر ڕۆژئاوا و بەها بەرزەکانی مرۆڤایەتی و هەروەهاش پرەنسیپەکانی پێکەوە ژیان ئەوا ڕادیکاڵیزمی ئیسلامی درێژەی دەبێت.

هاوکاتی تێکشکاندن و پاشەکشەی ڕێکخراوە تێرۆریستیەکەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و هەروەها لە سوریاش، تێرۆریستانی داعش تاکتیکی کردەکانی خۆیان دەگۆڕن و لە شەڕی بەرەکانی جەنگەوە، دەکەونە دەستوەشاندن لە هەر شوێنێکدا بێت، یانیش هەر کارێکی تێرۆریستی لە هەر شوێنێکی جیهاندا بکرێت ئەم دەوڵەتە ئیسلامیە بە هی خۆی دەزانێت و بە بەشێک لە بەدەنگەوە هاتنی ئیسلامییە توندڕەوەکانی دادەنێت بۆ ئەو بانگەوازی پێشتر کردبووی "لە هەرشوێنێکدا توانیتان دەست بوەشێنن."

میوانی بەرنامە:

کەمال چۆمانی، نوسەر و لێکۆڵەر

ڕەهەندەکانی شەڕی ئازادکردنی موسڵ هەر تەنها لە سەرکەوتنە لەشکرییەکاندا سنوردار نییە، بەڵکو دەڕوات تا قۆناغی پاش ئازادکردنی موسڵ.

دەشێت پاش کۆتاییهاتنی داعش لەو ناوچەیەی عێراقدا گەلێک کێشەی تری ناوخۆیی لە وڵاتە بەشەڕ وێرانبووەدا سەرهەڵبدەن، لەوانە؛ کێشەی نێوان کورد و عەرەب، عەرەبی سوننە و عەرەبی شیعە (حەشدی نیشتمانی و حەشدی شەعبی)، عەشرەتەکانی سوننە لەو ناوچەیە واتە ئەوانەی پشتیوانی داعش بوون و ئەوانی دژایەتی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستیەیان دەکرد، ئەمە بێ لەوەی شەڕی کورد و کوردیش بە دوور نازانرێت.

وێڕای ئەم کێشە ناوخۆییانە، کێشەی بەرژەوەندییە دەرەکییەکانیش هەن بە تایبەتیش کاتێک بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران (شیعە)، وە کۆماری تورکیا (سوننە) لەو ناوچەیەدا بە یەکدا دەدەن.

هەر لە ئێستاوە دابەشبوونەکە لە ناو لایەنە عێراقیەکاندا بە لایەنە کوردیەکانی هەرێمی کوردستانی عێراقیشەوە بە ئاشکرایی دیارە بەسەر شیعەگەرایی و سوننەگەرایی ناوچەکەدا.

لەم هەفتەیەدا حەیدەر ئەلعەبادی، سەرەک وەزیری عێراق سەردانی واشنتۆنی کرد و لەگەڵ سەرۆک دانۆڵد ترامپ کۆبووەوە و هەروەهاش لەگەڵ گەورە کاربەدەستانی تری بەڕێوبەرایەتییەکەی ترامپدا. عەبادی لەم سەردانەیدا داوای هاوکاری کۆمەکی زیاتری لە ئەمریکا و هەروەهاش لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی کردووە تا یارمەتی و کۆمەکە لەشکری و لۆژیکییەکان بۆ عێراق زیاتر بکرێن.

ئایا ئەمریکا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ڕێگەگرتن لە دروستبوونی قەیرانی نوێ لە پاش ئازادکردنی موسڵ؟

ئایا سەرکەوتن لە شەڕی ئازادکردنی موسڵ بە مانای کۆتایی ئایدیۆلۆژیای دەوڵەتی خەلافەتە؟

ئایا کورد دەبێتە بەشێک لە قەیرانەکانی دوای ئازادکردنی موسڵ یان دەبێتە بەشێک لە چارەسەر و سەقامگیری؟
ئایا ڕزگارکردنی موسڵ کاریگەری ئەرێنی یان نەرێنی دەبێت بەسەر ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانەوە؟
ئایا قۆناغی پاش ئازدکرنی موسڵ عەرەبی سوننە لە عێراقدا ناچار دەکات لە یەک بەرەدا کۆببنەوە؟

(کەمال چۆمانی) نوسەر و لێکۆڵەر لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (لەگەڵ ڕووداوەکاندا) وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:33:28 0:00

XS
SM
MD
LG