Accessibility links

سۆران عه‌لی خان: کێشه‌کانی ناو یه‌کێتیی زۆر زه‌ق بونه‌ته‌وه و له‌ چوارچێوه‌ی ره‌خنه‌ ده‌رچوون، بوه‌ به‌ سۆکایه‌تی به‌ یه‌کترکردن

  • Jani Diylan

ئه‌وه‌ی که‌ زۆر جار له‌م روژنامه‌ و له‌و رۆژنامه‌ به‌ر چاومان ده‌که‌وێت، له‌ رادیۆه‌کانه‌وه‌ گوێمان لێده‌بێت وه‌ یاخود له‌سه‌ر په‌رده‌ی ته‌لفزیۆنه‌کاندا ده‌بینین، ئه‌وه‌یه‌ که‌ نه‌ پارتێک دژ به‌ پارتێکی تره‌ به‌ڵکو له‌ ناو خودی پارته‌کاندا، که‌سایه‌تیه‌کان، ئه‌ندام و به‌رپرسه‌ باڵاکاندا دژ به‌ یه‌ک ده‌نووسن و دژ به‌ یه‌ک قسه‌ ده‌که‌ن. ئه‌م شێوه‌ کار و کاردانه‌وه‌، ئایا ده‌چێته‌ خانه‌ی ره‌خنه‌ له‌ یه‌کگرتن، یان ناو زراندن؟

مامۆستا سۆران عەلی خان نووسەر، رووناکبیر و جێگری پێشووێ مەڵبەندی 8 ی خانەقینی ێ. ن. ك لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" هه‌ڵبه‌ته‌ پرۆسه‌ی سیاسی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست به‌ گشتی وه‌ به‌ تاێبه‌تیش له‌ کوردستان و عێراق، پرۆسه‌یه‌کی ئاڵۆز و تێکه‌ڵچوو وه‌ پڕه‌ له‌ کێشه‌ و ململانی و ناکۆکی، ره‌وا و ناره‌وا تێکه‌ڵ بوه‌، پرۆسه‌ی سیاسی له‌م ناوچه‌یه‌ نا سرۆشتیه‌ وه‌ هۆێ سه‌ره‌کی پرسه‌کانیش نه‌بوونی دیمۆکراسیه‌، جا ئه‌م شه‌ره‌ قسانه‌ی سه‌ر ته‌لفزیۆن و راگه‌یاندن و میدیا که‌ له‌ نێوان سه‌رکرده‌کانی یه‌کێتیی به‌ تاێبه‌ت درووست بوه‌ ناچێته‌ قاڵبی ره‌خنه‌ گرتنه‌وه‌".

مامۆستا سۆران هه‌ر وه‌ها ده‌ڵێت " کێشه‌کانی ناو یه‌کێتیی به‌راستی زۆر زه‌ق بونه‌ته‌وه‌، له‌ تام ده‌رچوون، له‌ چوارچێوه‌ی ره‌خنه‌ ده‌رچوون، بوه‌ به‌ سۆکایه‌تی به‌ یه‌کترکردن، بوه‌ به‌ ناو زڕاندن وه‌ مه‌به‌ستیش بۆ شکاندنی یه‌کتره‌، ئه‌م باڵباڵینه‌ی له‌ ناو یه‌کێتیدا درووست بوه‌ له‌ بنچینه‌دا هه‌مووێ ناکۆکی (شخص) یه‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و له‌سه‌ر پاره‌ و له‌سه‌ر ئیمتیازاته‌،، جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر وا بروا به‌ شتێکی خراپ و به‌ره‌و خراپتریش ئه‌روا ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌رێکی بۆ نه‌دۆزنه‌وه‌".

مامۆستا سۆران ده‌شڵێت " یه‌کێتییه‌کان کێشه‌کانیان وا قوولکردووه‌ ئێستاش وه‌کو که‌سایتی یه‌کتریان قه‌بول نییه‌، ره‌نگه‌ به‌ هه‌موویانه‌وه‌ که‌سێکی ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتیان پێی قه‌بول بێ، به‌ڵام له‌ ناو خۆیاندا ئه‌وه‌نده‌ رقه‌به‌رایه‌تی له‌گه‌ڵ یه‌کتر ئه‌که‌ن، ئه‌وه‌نده‌ ناکۆکی و ره‌رکابه‌ریه‌تی یه‌کتر ده‌که‌ن واێلێهاتووه‌ ئاشتبوونه‌وه‌یان ئاسان نییه‌، هه‌میشه‌ ئه‌گه‌ر ویست و ئیراده‌ی چاره‌سه‌رکردنێ کێشه‌کان هه‌بێ، هیچ کێشه‌یه‌ک نییه‌ بڵێ چاره‌سه‌ری نابێ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نییه‌ته‌کان باش نیین، ئیراده‌ی چاکسازی و ئاشتبونه‌وه‌ و چاکبوونه‌وه‌ نییه‌، بۆیه‌ کێشه‌کان ته‌شه‌نه‌ ئه‌سێنێ و هه‌ر رۆژێک کێشه‌یه‌کی تر درووست ئه‌بێ".

XS
SM
MD
LG