بنیامین ناتانیاهو سەرۆک وەزیری ئیسرائیل دەڵێت ڕۆژی پێنجشەممە لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیا ڤلادمێر پوتندا لە مۆسکۆ کۆدەبێتەوە بۆ وتووێژکردن لەسەر هەوڵەکانی ئێران بۆ دامەزراندنی پێگەی سەربازی درێژدەمیان لە سوریا.
ناتانیاهو لە میانەی کۆبونەوەی کابینەتدا لە ڕۆژی یەکشەممە گوتی " لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی ئاشتی داهاتوو یان بەبێ ئەوە، ئێران هەوڵ دەدات پێگەی هەمیشەیی خۆی لە سوریا بەهێز بکات- یان بە ڕێگای هەبوونی هێزی زەمینی یاخود هەبوونی هێزی دەریایی و هەرەوەها بەو ڕێگایەوە هەول دەدات بەرەیەک دژ بە ئێمە لە بەرزاییەکانی گۆلان بکاتەوە."
ناتانیاهو گوتیشی " من بەرهەڵستی ئیسرائیل بۆ ئەو شیانانە بە سەرۆک پوتن ڕادەگەیەنم". ئێران کە دوژمنی سەرەکی ئیسرائیلە پشتیوانێکی سەرسەختی سەرۆکی سوریا بەشار ئەلئەسەدە و ملیشاکانی ئێرانی هاوکاریان دەکەن.
ڕوسیاش کە هاوپەیمانێکی ئەسەدە وەکو ڕاگرتنی بالانسی دەسەڵات دەبینرێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەسەر داهاتووی سوریا.