Accessibility links

زانیارى ورد لەسەر هۆكارى ناردنى هێز بۆ سەر كۆمپانیاى نەوتى باكور لەكەركوک


ناردنى هێز بۆ سەر كۆمپانیاى نەوتى باكور لەلایەن مەڵبەندى دووى كەركوكى یەكێتى و كۆنترۆڵكردنى ، هەتا دێت كاردانەوەى زیاترى لێدەكەوێتەوە، بەتایبەت یەكێتى بەكارهێنانى هێز دەبەستێتەوە بە رێكەوتنێكى نێوان هەولێر و بەغدا بێ‌ وەرگرتنى رەزامەندى ئەوان. ڕۆژى پێنجشەممە هێزێكى سەر بە مەڵبەندى دووى كەركوكى یەكێتى بەشێوەیەكى کوتوپڕ ڕەوانەی كۆمپانیاى نەوتى باكور كرا كە كۆمپانیاكە سەربە حكومەتى عێراقیە ، بەرپرسانى ئەو حیزبەش هۆكارەكەیان بۆ فشارخستنە سەر بەغدا و قەبوڵ نەكردنى زوڵم لەكەركوك گێرایەوە.

یوسف تەیب جێگرى بەرپرسى مەڵبەندى كەركوكى یەكێتى، ناردنى هێز بە هەوڵى حیزبەكەى بۆ قەبوڵ نەكردنى "غەدر" لەكەركوك وەسف دەكات ، دەڵێت " لەنێوان پارێزگارى كەركوك و نوێنەرى حكومەتى عێراق رێکكەوتن كراوە بۆ دامەزراندنى پاڵاوگە لەكەركوك ، كەچى رێكکەوتنەکە جێبەجێ‌ نەكراوە."

ناوبراو گوتیشی"ڕۆژانە 40 هەزار بەرمیل نەوتى كەركوك دەبرێتە كەڵەكى نزیك هەولێر بۆ پاڵاوتن و دەدرێتە موسڵ ، بۆیە قەبوڵى ناكەین."

لەبەرامبەردا كامەران كەركوكى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى كەركوك ( پارتى )، دەڵێت"ئەو نەوتەى لە كەڵەك دەپاڵێورێت داهاتەكەى لەلایەن حكومەتى عێراقیەوە بۆ شارەكان خەرج دەكرێت."

هەرچەندە ئاسۆ ئەڵمانى بەرپرسى مەڵبەندى كەركوكى یەكێتى ناردنى هێزى بۆ سەر كۆمپانیاى نەوتى باكور بەكارتێكى فشار بۆ سەر بەغدا لەقەڵەمدا، بەڵام بەپێى زانیاریەكانى دەنگى ئەمەریكا بەشى زۆرى كێشەكە پەیوەندى بەتێروانینى جیاى پارتى و یەكێتیەوە هەیە بۆ ئیدارەدانى نەوتى كەركوك ، بەتایبەت پێشتر ئاسۆ ئەڵمانى لەسەر ئەو مەسەلە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى سەرۆكى حكومەتدا گفتوگۆى كردبوو.

شوان داودى ئەندامى پەرلەمانى عێراق لەفراكسیۆنى یەكێتى، هۆكارى ناردنى هێز لەلایەن حیزبەكەیەوە بۆ سەر كۆمپانیاى نەوتى باكور بۆ رێكەوتنى نێوان بەغداو پارتى دەگێرێتەوە، كە ئەو پێیوایە رێكەوتنەكە زیان بەخەڵكى كەركوك دەگەیەنێت.

شوان داودى، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"پارتى بیرە نەوتیەكانى رۆژئاواى خستوەتە ژێر كۆنترۆڵى خۆیەوە ، تەنها 3 كێڵگەى نەوتى لەژێر كۆنترۆڵى نەوتى باكور ماوە، هەرێم دەیەوێت بە هەر شێوەیەك بێت ئەوەش ببات."

داودى، ڕوونیكردەوە ئەوان ترسیان لەوە هەیە هەرێم هەموو نەوتى كەركوك ببات و بەغدا موچەى فەرمانبەرانى پارێزگاكە ببرێت ، گوتیشی"رێكەوتن لەنێوان پارتى و بەغدا هەیە ڕۆژانە 40 هەزار بەرمیل نەوت بدرێت بە كۆمپانیاى كارى پارتى كە ئەمە غەدرە لەكەركوك."

بیرە نەوتیەكانى رۆژئاواى كەركوك سەرجەمیان لەژێر كۆنترۆڵى هێزەكانى پارتى دیموكراتى كوردستاندان و ڕۆژانە لە نەوتى ئەو كێڵگانە نزیكەى 250 هەزار بەرمیلیان لەلایەن هەرێمەوە لێ‌ هەناردە دەكرێت.

هەروەها هێزەكانى یەكێتى بەسەر باشورى كەركوكدا باڵادەستن ، كە كۆمپانیاى نەوتى باكورى تێدایە و ڕۆژانە لە كێڵگە نەوتیەكانى 160 بەرمیل نەوتى لێ‌ بەرهەم دەهێنرێت ، لەو ژمارەیە نزیكەى 30 هەزار بەرمیلى بە تانكەر بۆ بەغدا دەبرێت.

بەرپرسانى یەكێتى هۆكارى ناردنى هێز بۆ سەر كۆمپانیاى نەوتى باكور بۆ ئەوە دەگێرنەوە.

هەرێم لەرێگەى رێكەوتنەوە لەگەڵ بەغدا ، دەیەوێت رۆژانە 40 هەزار بەرمیل نەوت بدات بە كۆمپانیاى كار كە كۆمپانیەكى نزیك لەپارتى یە، تا لە ناوچەى كەڵەكى نزیك هەولێر بیپالێوێت ، بەوتەى ئەوان ئەمەش رێگرە لەبەردەم دانانى پاڵاوگەدا لەكەركوك.

بەڵام كەمال كەركوكى ئەندامى مەكتەبى سیاسى پارتى و فەرماندەى میحوەرى ڕۆژئاواى كەركوكى پێشمەرگە، ڕەخنەى توند لەناردنى هێز بۆ سەر كۆمپانیاى نەوتى باكور دەگرێت و پێیوایە دەرئەنجامەكەى بە زیان بۆ سەر داهاتى نەوتى كوردستان دەشكێتەوە.

كەمال كەركوكى ، بەدەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند"بەشێك لەو نەوتەى بەهێز ڕاگیرا ، داهاتەكەى بۆ خەرجى ناوخوى هەرێم و پارەى پترۆ دۆلارى كەركوك بەكاردەهێنرێت ، بەشەكەى تریشى لەرێگەى توركیاوە دەفرۆشرێت و داهاتەكەى دێتە هەرێم."

بەرپرسەكەى پارتى، رەخنەى لەیەكێتى گرت بەوەى گەر هێزى بەمەبەستى فشار خستنە سەر بەغدا ناردبێتە سەر كۆمپانیاى نەوتى باكور دەیتوانى بەجۆرێكى تر فشار بكات، ئەویش لەرێگەى رێگرتن لە رۆیشتنى تانكەرى نەوت لەكەركوكەوە بۆ بەغدا ، گوتیشی"نەك گشت پرۆسەى هەناردەكردنى نەوت ڕابگرن."

هاوكات سەفین دزەیى وتەبێژى حكومەتیش ، ناردنى هێزى لەلایەن یەكێتیەوە بۆسەر كۆمپانیاى نەوتى باكور بە ڕەفتارێكى "نامەسئولانە و لۆكاڵى و ئیستیفزازى" وەسفكرد.

هەرچى پەیوەندى بە حكومەتى عێراقیشەوە هەیە كە یەكێتى هۆكارى بەشێكى كێشەكەى دەداتە پاڵ ، لە زارى سەعد حەدیسى وتەبێژى نوسینگەى سەرۆك وەزیرانى عێراق، رایگەیاند" لێكۆڵینەوە لەهۆكارەكانى ناردنى هێز بۆسەر كۆمپانیاكە دەكەن"

بۆ زانینى هەڵوێستى حەشدى شەعبى لەبارەى ڕووداوەكەوە ، بەتایبەت كە بەشێك لەپەرلەمانتارانى شیعى داواى ناردنی هێزیان بۆ كەركوك كردبوو، دەنگى ئەمەریكا پەیوەندى بەعەلى حسێنى وتەبێژى حەشدى شەعبیەوە كرد بەڵام ئامادە نەبوو لێدوان لەسەر ئەو مەسەلە بدات.

دەقی ڕاپۆرتەکەی پەیامنێرمان دڵشاد ئەنوەر

XS
SM
MD
LG