Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: دانۆڵد ترامپ لە کۆنگرێس


دانۆڵد ترامپ سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یەکەم وتاری خۆی لەبەردەم کۆنگرێسدا پێشکەش کرد و تیایدا باسی لە پێویستی کەمکردنەوەی کەلێنی ئەو دابەشبوونەی ناو ئەمریکا کردەوە.

لە وتارەکەیدا سەرۆک ترامپ جەختی لەو دۆسێیانە دەکردەوە کە زیاتر پەیوەندییان بە ڕەوشی ناوخۆی وڵاتە یەکگرتووەکانەوە هەبووە وەک وتی "من سەرۆکی ئەمریکام نەک سەرۆکی جیهان."

یەکێک لە دۆسێ هەرە گرنگەکانی سەرۆک ترامپ کە بە درێژی لەو وتارەی ڕۆژی سێشەممەیدا لەسەری دوا، دۆسێی کۆچبەری بوو کە بۆ یەکەم جار باسی لە چاکسازی کردن کرد لە یاسا و ڕێساکانی کۆچبەریدا.

سەرۆک ترامپ دەڵێت ئەوانەی ڕێگەیان پـێدەدرێن بێنە ناو ئەمەریکاوە پێویستە پشـتیوانی لە ئەمەریکا و لە گەلی ئەمریکا بکەن و هەروەهاش بەها ئەمریکاییەکانیان خۆشبووێن. سەرۆک ترامپ دەڵێتنابێت ڕێگە بدرێت تێرۆریستان بێنە ناو ئەمەریکاوە و وڵاتەکە ببێتە شوێنێک بۆ داڵدەدانی توندڕەوان، و دەشڵێت هەربۆیەشە بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی کار بۆ باشترکردنی ڕێوشوێنەکانی لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوە دەکات و بەم زووانە هەنگاوی نوێ دەنرێت بە ئاڕاستەی پارێزراوی وڵاتەکە و دورخستنەوەی ئەوانەی دەیانەوێت زیان بە ئەمەریکا و ئەمەریکایـیەکان بگەیەنن.

میوانی بەرنامە:

قارەمان مامەند، شیکەرەوەی سیاسی.

ترامپ و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛

سەرۆک ترامپ دەڵێت وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕی 6 ترلیۆن دۆلاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خەرج کردووە و دەکرا بەو شەش ترلیۆن دۆلارە وڵاتەکەی خۆمانمان پێ بونیاتبنایاتەوە وەک دەڵێت خەرج کردنی ئەو بڕە پارەیە لە کاتێکدا بووە کە ژێرخانی ئەمریکا کێشەی هەبووە. ئەم شەش ترلیۆن دۆلارە کە دانۆڵد ترامپ باسی دەکات لە ماوەیەکی دوورودرێژدا بووە.

لە ڕاپۆرتێکدا، مانگی دوو لەلایەن نێوەندێکی توێژینەوەی کۆنگرێسی ئەمریکاوە کە نێوەندێکی بێلایەنە، نوسراوە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا وەهای مەزەندە کردووە لە ساڵی 2001 ەوە تا مانگی 9 ی ساڵی 2016خەرجییەکان بە بڕی یەک ترلیۆن و حەوت سەد ملیار دۆلار بوون کە کردە لەشکرییەکانی عێراق و ئەفغانستان و سوریا و لیبیای تیادابووە.

ترامپ و شەڕی داعش؛

سەرۆک ترامپ دەڵێت داعش تۆڕی کەسانی خوێنڕێژ و دڕندەیە کە موسڵمان و کرستیان و خەڵکی تری سەر بەهەموو ئاینە جیاوازەکان دەکاتە ئامانج.

سەرۆک ترامپ ئاماژەی بەوەش کرد کە بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی ڕێوشوێنی پـێوست دەگرێتە بەر بۆ پاراستنی ئەمریکا و ئەمریکاییەکانیش لە هێرشە تێرۆرکارییەکانی توندڕەوی ئیسلامی.

وەک سەرۆک ترامپ لە وتارەکەیدا باسی کرد بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی داد لەوەتای هێرشە تێرۆرکارییەکانی یازدەی سەپتێمبەر زۆرینەی گوناهباران بە تێرۆریزم تاوانەکانی تری پەیوەندییان بە تێرۆرەوە هەیە لە وڵاتانی ترەوە هاتونەتە ناو ئەمریکاوە.

سەرۆک ترامپ دەڵێت لەگەڵ هاوپەیمانان بە دۆستەکانی ناو جیهانی ئیسلامیشەوە کاردەکرێت بۆ لەناوبردن و شکستپێهێنانیتێرۆریستان لەسەر گۆی زەوی.

سەرۆک ترامپ دەشڵێت ئەو هێرشانەی لە ناو ئەمریکا و لە شوێنەکانی تری جیهانیشدا دەکرێن بەهۆی کەمتەرخەمییەکانەوە بوون لەو جۆرە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونە وردانەی پێویستە بکرێن.

ئایا سەرۆک ترامپ توانی کەلێنی جیاوازییەکانی نێوان ئەمریکاییەکان هەر هیچ نەبێت کەم بکاتەوە؟
ئایا دروستکردنی دیوارێک کۆتایی بە کێشەی کۆچبەرانی نایاسایی دەهێنێت لە ئەمریکادا؟
ئایا لەم چوار ساڵەی سەرۆکایەتی ترامپدا کۆتایی بە ڕێکخراوە تێرۆریستیەکەی دەوڵەتی ئیسلامی دێنێت؟
سەرۆک ترامپ لە وتارەکەیدا پشتیوانی بۆ هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕاگەیاند، ئایا ئەمە وەرچەرخانە لە سیاسەتی ترامپدا؟

قارەمان مامەند، شیکەرەوەی سیاسی لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (لەگەڵ ڕووداوەکاندا) وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:25:55 0:00

XS
SM
MD
LG