Accessibility links

دەزگا ئەمنیەكان رێگە بەگەرانەوەى 500 خێزان بۆ جەلەولا نادەن


ناحیەى جەلەولاى پارێزگاى دیالە لەلایەن دانیشتوانەكەیەوە بەتەواوەتى ئاوەدانكرایەوە و ئاوارەكان گەراونەتەوە سەر ماڵ و حاڵیان ، تەنها ژمارەیەك خێزان نەگەراونەتەوە كەتۆمەتبارن بە هاوكارى كردنى داعش.

یەعقوب یوسف لهێبى بەرێوەبەرى ناحیەى جەلەولا، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"12 هەزار و 300 خێزان گەراونەتەوە بۆ ناحیەى جەلەولا و گەرانەوەى ئاوارەكانیش بەردەوامى هەیە."

ئاوەدانكردنەوەى ناحیەى جەلەولا لەلایەن دانیشتوانەكەیەوە، لەكاتێكدایە گوندەكانى دەوروبەرى ئەو ناحیەیە كە بەهۆى شەرِەوە وێرانە بوون تا ئێستا ئاوەدان نەكراونەتەوە.

عەقید جمهور رۆستەم فەرماندەى پێشمەرگە لەجەلەولا، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"دانیشتوانى گوندەكان بۆیە ناگەرێنەوە ترسیان لە مەفرەزەى داعش و كێشەى حەشدى شەعبى هەیە، چونكە گوندەكان هێشتا لەرووى ئەمنیەوە پارێزراو نین."

جگە لە گوندەكان ، نزیكەى 500 خێزانى ترى جەلەولایى بەرەو شارى باقوبەى ناوەندى پارێزگاى دیالە رۆیشتوون ، كە ئەو خێزانانە لەعەشیرەتى كروین و تۆمەتبارن بە هاوكارى كردنى داعش كاتێك كە شەرِ لەنێو ناحیەكەدا لەنێوان پێشمەرگە و داعشەوە بەرپابوو.

بەرێوەبەرى ناحیەى جەلەولا ، وتى"لەو 500 خێزانە هەر خێزانێك بیەوێت بگەرێتەوە لاریمان نیە، بەمەرجێك لەفلتەرى دەزگا ئەمنیەكان دەربچن و تۆمەتبار نەبن."

لە ئەنجامى شەرِى نێوان داعش و پێشمەرگە لەناحیەى جەلەولا ، زیاتر لە 150 پێشمەرگە گیانیان لەدەستداو ژمارەیەكى زۆریش برینداربوون، بۆیە بریاردراوە رێگە بە گەرانەوەى ئەو خێزانانە نەدرێت بۆ نێو ناحیەكە كەتۆمەتبارن بەهاوكارى كردنى ئەو رێكخراوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:20 0:00

XS
SM
MD
LG