Accessibility links

هێزێكى تایبەتى حەشدى شەعبى كە ڕاستەوخۆ ئەو هێزە بە مەرجەعیەتى باڵاى شیعەكانى عێراق بەستراوەتەوە، ڕەوانەى قەزاى خورماتوى پارێزگاى سەڵاحەدین كراوە بۆ رێگرتن لە دروستبوونى كێشە لەنێوان كورد و توركمانى شیعە.

خورماتوو

خورماتوو

شەلال عەبدول قایمقامى قەزاى خورماتو، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"ئەو هێزەى كە رەوانەى خورماتو كراوە سەر بە فیرقەى عەتەباتى عەلەویە و لەگەڵ پێشمەرگەدا بەهاوبەشى ئەمنیەتى خورماتو دەپارێزن."

وتیشى"ئەو هێزە لەسەر داتاو زانیارى راستەوخۆى خۆیان كاردەكەن و شتەكان وەكو خۆى دەگەیەننە مەرجەعیەت ، بێ‌ لایەنن لەناكۆكیەكانى نێوان كورد و توركمانى شیعە."

رەوانەكردنى ئەو هێزە بۆ قەزاى خورماتو كە راستەوخۆ بەمەرجیەت و بەرپرسە باڵاكانى حەشدى شەعبیەوە بەستراونەتەوە، لەكاتێكدایە ساڵى رابردوو دەیان كەس لەشەرِى نێوان كورد و توركمانى شیعە لەو قەزایە كوژران ، دواتریش بەرپرسانى كورد وەفدێكیان رەوانەى نەجەف كرد بۆ گەیاندنى كێشەكان، چونكە ئەوان پێیانوابوو لایەنى توركمانى زانیارى هەڵەیان دابووە مەرجەعیەت.

هاوكات نازم كەهیە رێكخەرى پەیوەندیەكانى نێوان پێشمەرگە و حەشدى شەعبى لەباشورى كەركوك، بەدەنگى ئەمەریكاى وت"هێزێكى فیرقەى عەباسى قیتالیش كەژمارەیان 80 كەسە و خەڵكى نەجەفن ، لەناحیەى تازە خورماتون بۆ هاوكارى كردنى پێشمەرگە و حەشدى شەعبى لەحاڵەتى هێرشى داعشدا."

هێزە تایبەتیە رەوانەكراوەكەى حەشدى شەعبى و هێزێكى پێشمەرگە پێگەوە هێزێكى هاوبەشیان لێ‌ دروستكراوە ، رۆژانە بەناو قەزاى خورماتودا دەسورێنەوە و خاڵى سەربازیان داناوە بۆ رێگرتن لەدروستبوونى گرژى.

دەقی ڕاپۆرتەکەی پەیامنێرمان دڵشاد ئەنوەر

XS
SM
MD
LG