Accessibility links

مه‌حمود سه‌نگاوی باس له‌ ده‌سپێشخه‌ریه‌كه‌ی پاڤێڵ تاڵه‌بانی و گرفتەکانی ناو یەکێتی دەکات


مه‌حمود سه‌نگاوی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كورستان له‌میانی وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا باس له‌وه‌ ده‌كات له‌ ئێستادا ده‌ستپێشخه‌ریه‌ك له‌لایه‌ن(پاڤێڵ تاڵه‌بانی)ه‌وه‌ خراوه‌ته‌ ڕوو بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی یه‌كێتی و له‌ ئێستاشدا دۆخی یه‌كێتی ورده‌ ورده‌ به‌ره‌و ئارامبنوه‌نه‌وه‌ ده‌ڕوات و هه‌رئه‌مه‌ش هۆكاری كۆبونه‌وه‌كانی مه‌كته‌بی سیاسی و ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیه‌.

مه‌حمود سه‌نگاوی ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات،پاڤێڵ تاڵه‌بانی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیه‌،ته‌نها كوڕه‌ گه‌وره‌ی مامه‌،هه‌مومان حورمه‌تی لێده‌گرین ،وه‌ وه‌كو ته‌نها كه‌سێك كه‌ده‌ستپێشخه‌ری كردوه‌ له‌ناو كۆبونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیدا داده‌نیشێت و گوێ ده‌گرێت به‌تها،هیچ بڕیارێكی له‌ناو یه‌كێتی و مه‌كته‌بی سیاسیدا نیه‌.

سه‌نگاوی ئاماژه‌ به‌ ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه‌ی(پاڤێڵ تاڵه‌بانی)ده‌كات و ده‌ڵێت:ده‌یه‌وێت یه‌كێتی بخاته‌وه‌ سه‌ر هێڵه‌ ئه‌سڵیه‌كه‌ی خۆی و هه‌موو هه‌ڤاڵانی مه‌كته‌بی سیاسی و جێگرانی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی یه‌كبخاته‌وه‌ و ناكۆكیه‌كان بڕه‌وێنێته‌وه‌.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان جه‌ختیش له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ ڕێگه‌ناده‌ن حیزبه‌كه‌یان ببێته‌ حیزبی بنه‌ماڵه‌یی و ده‌ڵێت:هیچ كه‌سێك ناتوانێت یه‌كێتی به‌ره‌و بنه‌ماڵه‌یی ببات چونكه‌ كاتی خۆی جه‌نابی مام جه‌لال كادیرانی یه‌كێتی وا په‌روه‌رده‌ كردوه‌ كه‌ دژی حیزبی بنه‌ماڵه‌یی بن.

له‌باره‌ی بۆچونی ناوه‌ندی بڕیاری یه‌كێتی له‌سه‌ر ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی نێوان گۆڕان و یه‌كێتی ده‌ڵێت:له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئێمه‌ جه‌ختمان له‌سه‌ر ڕێكه‌وتنه‌كه‌ كردۆته‌وه‌ چونكه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌یه‌ك ناوچه‌داین له‌ ڕێكه‌وتنی سیاسیه‌وه‌ تا یه‌كخستنه‌وه‌ له‌گه‌ڵیدابوین،وه‌ دوای ئه‌و گله‌ییانه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش سه‌ركردایه‌تی هه‌ردولا(یه‌كێتی و گۆڕان)كۆبونه‌ته‌وه‌ و ئێستاش ئه‌و گلله‌ییانه‌ی گۆڕان ڕه‌واوه‌ته‌وه‌،وه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی كه‌ بڕیاربوو پێیان بدرێت له‌ سنوره‌كانی حكومه‌تی خۆجێی سلێمانی هه‌مویان دراوه‌تێ و لیژنه‌ پێكهێنراوه‌ بۆ جێ به‌جێ كردنی، ته‌نها ئه‌و پۆستانه‌ نه‌بێت كه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی قوباد تاڵه‌بانیدا نیه‌ و له‌ده‌سه‌ڵاتی كاك مه‌سعودایه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش دان به‌وه‌دا نانێن كه‌ كاك مه‌سعود سه‌رۆكی هه‌رێمه‌.

مه‌حمود سه‌نگاوی كه‌ خۆی له‌ناو ناوه‌ندی بڕیاردایه‌ و یه‌كێك بوو له‌وانه‌ی ئه‌و ناوه‌نده‌یان پێكهێنا ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ناوه‌نده‌كه‌ هه‌ڵوه‌شابێته‌وه‌ و ده‌ڵێت:ناوه‌ندی بڕیار هه‌ڵنه‌وه‌شاوه‌ته‌وه‌ و هه‌ڵیش ناوه‌شێته‌وه‌ تا ئه‌و كاته‌ی یه‌كێتی ده‌كه‌وێته‌وه‌ سه‌ر سكه‌ ئه‌سڵیه‌كه‌ی خۆی.

له‌باره‌ی ده‌ركردنی بڕیار له‌سه‌ره‌تای دروستبونیانه‌وه‌ تائێستا وه‌ك ناوه‌ندی بڕیار،مه‌حمود سه‌نگاوی ده‌ڵێت:ناوه‌ندی بڕیار واتای ده‌ركردنی بڕیار له‌لایه‌ن هه‌ردوو جێگرانی سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌وه‌ به‌ڵام تا ئێستا ناوه‌ندی بڕیار له‌به‌ر پاراستنی یه‌كڕیزی یه‌كێتی هیچ بڕیارێكی ده‌رنه‌كردووه‌.

له‌به‌شێكی تری وتووێژه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ئه‌مریكا،مه‌حمود سه‌نگاوی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ئاشكرای ده‌كات كه‌ له‌كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی بڕیاری گۆڕانكاری دراوه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش دوو لیژنه‌ پێكهاتووه‌ بۆ گۆڕانكاری له‌ پۆسته‌كانی یه‌كێتی به‌ڵام تا ئێستا بڕیاری گۆڕانكاری دراوه‌ له‌ هه‌موو پۆسته‌كانی ئاسایش به‌ پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی سلێمانیشه‌وه‌.

وتیشی:یه‌كێتی نه‌خشه‌ڕێگایه‌كی داناوه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ئێستای كوردستان و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین(بێ ئه‌وه‌ی ئاماده‌ بێت ڕونكردنه‌وه‌ی زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و نه‌خشه‌ ڕێگایه‌ بدات).

سه‌باره‌ت به‌ به‌شداری نه‌كردنی(د.به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح)له‌ كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی، مه‌حمود سه‌نگاوی وتی:كاك به‌رهه‌م ده‌ڵێت تا به‌رهه‌می ده‌سپێشخه‌ریه‌كه‌ی پاڤێڵ تاڵه‌بانی نه‌بینم به‌شداری هیچ كۆبونه‌وه‌یه‌ك ناكه‌م چونكه‌ كێشه‌كانی یه‌كێتی به‌دانان و لابردن چاره‌سه‌رناكرێت.

هه‌روه‌ها مه‌حمود سه‌نگاوی ئاماژه‌ی به‌ نیگه‌رانیه‌كانی به‌رپرسانی یه‌كێتی و ده‌سله‌كاركێشانه‌وه‌ی ئازاد جوندیانی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی كرد و وتی:له‌دوای نه‌خۆش كه‌وتنی مام جه‌لال یه‌كێتیش نه‌خۆش كه‌وت له‌وه‌وه‌ نیگه‌رانیه‌كان سه‌ریهه‌ڵدا،كاك ئازاد جوندیانیش نه‌بۆته‌ پارتی به‌ڵكو ئه‌و ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر مه‌له‌فی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ هه‌بێت له‌كوردستان ده‌یگرێته‌ ده‌ست ئه‌گه‌رنا داده‌نیشێت و سیاسه‌ت ناكات.

وتیشی:پارتی زۆر هه‌وڵیداوه‌ بۆ كڕینی به‌رپرس و كادیره‌كانمان به‌ڵام ئه‌وه‌ مافی شه‌رعی خۆیه‌تی وه‌ك حیزب،ئێمه‌ نیگه‌رانیه‌كانی ناو خۆمان وای كردوه‌ كه‌ ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌مان بڕۆن،ئێستاش ئه‌م كۆبونه‌وانه‌ سه‌ره‌تایه‌كه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.

له‌سه‌ر وتاره‌كانی ئه‌م دواییه‌ی (هه‌ڵۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د)،مه‌حمود سه‌نگاوی وتی:من پێم وایه‌ كاك هه‌ڵۆ له‌وه‌دا هه‌ڵه‌ی كردوه‌ كه‌ باسی دلێری سه‌ید مه‌جیدی كردوه‌،دلێری سه‌ید مه‌جید یه‌كێكه‌ له‌ پیاوه‌ قاره‌مانه‌كان هه‌تا لای زۆربه‌ی له‌ كادیران پێی ده‌ڵێن بۆنی مام جه‌لالی لێوه‌ دێت،دلێری سه‌ید مه‌جید خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی به‌ یه‌كێتی كردوه‌.وه‌ ئه‌وه‌ی كاك هه‌ڵۆش باسی كردوه‌ په‌یوه‌ندی به‌ عائیله‌ی خۆیانه‌وه‌ هه‌یه‌ و من ناتوانم قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌م.

هه‌روه‌ها وتیشی:پێشتر ئه‌و وه‌ڵامه‌م زۆر داوه‌ته‌وه‌ ،نامه‌وێت له‌ ئێستادا وه‌ڵامی ئه‌وه‌ بده‌مه‌وه‌ كه‌ داهاتی یه‌كێتی لای كێیه‌،چونكه‌ پێشتر زۆر قسه‌م له‌سه‌ر كردوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ئێستادا ده‌سپێشخه‌ری هه‌یه‌ بۆ پاراستنی یه‌كڕیزی یه‌كێتی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.

دەقی وتووێژەکەی پەیامنێرمان ژیار محەمەد لەگەڵ مەحمود سەنگاوی

XS
SM
MD
LG