Accessibility links

سەرۆک وەزیرانی کەنەدا: ڕێگە لەو کەسانە ناگرین بەشێوەیەکی نایاسایی دێنە وڵاتەکەوە و داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن


جەستن ترودو سەرۆک وەزیرانی کەنەدا وتی وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە وەرگرتنی ئەو کەسانەی لە ئەمەریکاوە بەشێوەیەکی نایاسایی دێن و داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن بەڵام چی پێویست بێت دەیکات بۆ پارێزگاری کردن لە هاوڵاتیانی.

لەم هەفتانەی ڕابردوودا ژمارەی ئەو کۆچبەران کە دەیانەوێت بێنە کەنەداوە زیادی کردووە بەهۆی ترس لەو بڕیارانەی سەرۆک ترامپ دەیاندات سەبارەت بە کۆچبەران.

ترودو لەبەردەم پەرلەماندا وتی " یەکێک لە بنەما بەهێزیەکانی کەنەدا کە وای لێدەکات وەکو وڵاتێکی کراوە بمێنێتەوە متمانەی کەنەدییەکانە بە سیستمی کۆچبەران و پارێزراوی سنوورەکانمان و یارمەتیدانی ئەو کەسانەی دەگەڕێن بەدوای پارێزراویدا."

هەروەها وتیشی" بەردەوام دەبین لە ڕاگرتنی هاوسەنگی نێوان سیستمێکی بەهێز و وەرگرتنی ئەو خەڵکانەی پێویستیان بە یارمەتییە."

شایەنی باسە پۆلیسی کەنەدا ڕایگەیاند هێزەکانی زیاتر کردووە لەسەر سنووری کێبێک و کاربەدەستانی سنوورەکەش پەناگەیەکی کاتییان دروست کردووە بۆ ئەو کۆچبەرانەی لە ئەمەریکاوە دێن و داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن و ژمارەشیان لە زیادبووندایە

دەزگای خزمەتگوزاری سەر سنوور وتی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە لە ئەمەریکاوە دێن بۆ کەنەدا و داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن ئەمساڵ زیادی کردووە لەچاو ساڵانی 2015-2016دا ئاماژەشی بەوەدا مانگی پێشوو 452 کەس داوای مافی پەنابەرێتی کردووە لە کاتێکدا لە مانگی یەکی ساڵی پێشوو تەنها 137 کەس داوای کردبوو.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG