Accessibility links

لە هێرشكی خۆکوژیدا لە پاکستان 6 کەس دەکوژرێن


کاربەدەستان لە پاکستان ڕایانگەیاند ئەمڕۆ سێشەممە لە هێرشێکی خۆکوژیدا بۆ سەر دادگایەک لە شارۆچکەیەکی هەرێمی خەیبەر پەختوونخوای باکوری ڕۆژئاوای وڵات 6 کەس کوژراون.

ئیجاز خان سەرۆکی پـۆلیسی ناوچەی چارسەدەی خەیبەر بەختوونخوا بۆ میدیاکانی ڕاگەیاند بەیانی ئەمڕۆ سێ خۆکوژ بە بۆمبی نارنجۆکی و چەکی کڵاشینکۆڤ هێرشیان کردووەتە سەر دادگای شارۆچکەی تەنگی و لە ئاکامدا منداڵێـک و 4 پـۆلیس و پارێزەرێـک کوژراون.

سوهەیل خالید ئەفسەری پـۆلیس لە ناوچەکە ئەویش گوتی یەک لە خۆکوژەکان بۆمبی نارنجۆکی بۆ پاسەوانانی بەردەم دادگاکەی هەڵداوە و خۆی تەقاندووەتەوە و دوو خۆکوژکەی دیکە تەقەیان کردووە، بەڵام پاسەوانانی دادگاکە لێـیان هاتوونەتەدەست و دوو خۆکوژەکەی دیکەیان کوشتووە بەر لەوەی خۆیان بتەقێنـنەوە. هەروەها گوتی 15 کەسی دیکە برینداربوون.

وتەبێژێکی جەماعەت ئەلئەحراری تاڵیبان لە بەیانـنامەیەکدا بەرپرسیارێتی گروپەکەیانی لە هێرشەکە ڕاگەیاند.

محەمەد شاه باز خان دانیشتوویەکی ناوچەکە بۆ ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند کە لەناو دادگاکەدا بووە کاتێک خۆکووژەکان هێرشەکەیان کردوو.

وتی " ڕامکرد بەرەو کانتینەکە و بە دیوارەکەدا هەڵگەڕام بۆ ئەوەی ژیانی خۆم ڕزگار بکەم. بەڵام خەڵکانێکی زۆر کوژران و بریندار بوون."

شایەنی باسە لە ماوەی 10ڕۆژی ڕابردوودا زنجیرەیەک تەقینەوە و کاری خۆکوژی لە پاکستان ڕوویانداوە و زیاتر لە 100 کەس کوژراون و سەدانی تریش بریندار بوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG