Accessibility links

وەزیری بەرگری ئەمریکا لە بەغدا


وەزیری بەرگری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەر لەوەی بگاتە بەغدا بە پێچەوانەی ڕای دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکاوە دەڵێت ئەمریکا مەبەستی نییە دەستبگرێت بەسەر نەوتی عێراقدا.

لە مانگی یەکی ڕابردوودا سەرۆک ترامپ پێشنیازی دەستبەسەرداگرتنی نەوتی عێراقی کرد وەک قەرەبوویەک بۆ زیانە گیانی و ماڵییەکانی ئەمریکا لەشەڕی ڕزگارکردنی عێراقدا.

جەیمس ماتس، یەکەم سەردانی خۆی بۆ عێراق دەکات لەوەتای پۆستی وەزارەتی بەرگری ئەمریکای وەرگرتووە لە بەڕێبەرایەتی ئەمریکادا.

دکتۆر ساڵح موتڵەگ: ئەگەر ئەمریکا سەقامگیری دەوێت لە ناوچەکەدا ئەگەر دەیانەوێت تێرۆر لە ناوچەکەدا لەناوبەرن ئەوا سەقامگیری لە عیراقدا ئەرکی سەرەکییە.

دکتۆر حازم ئەلشەممەری: تا ئەم ساتەوەختەش واشنتۆن وەها دەڕوانێتە عێراق کە فێدراڵی و یەکگرتووە و بە باشترین وێنەش لە ناوچەکەدا دەیبینێت.

پەنتاگۆن لە هەوڵی چڕکردنەوەی زیاتری هەوڵەکاندایە دژی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکەی دەوڵەتی ئیسلامی کە بەشێکی زۆری عێراق و سوریای داگیرکردووە.

دکتۆر حازم ئەلشەممەری، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی بەغدا دەڵێت ڕاگەیاندنی پرۆسەی ئازادکردنی ڕۆژئاوای موسڵ هۆکاری سەرەکی سەردانەکەی وەزیری بەرگری ئەمریکایە بۆ بەغدا و دەشڵێت دەشبێت بزانرێت کە ئێستا لە ئەمریکا ڕوانینێکی نوێ هەیە بەرامبەر ئەو ڕۆڵەی ئێران لە عێراقدا هەیەتی وەک دەڵێت "ئەمەش بەشێکی ئەم سەردانە لە ناکاوەی وەزیری بەرگری ئەمریکا دەگرێتەوە بۆ بەغدا."

بەڵام لێرەدا پرسیارە هەرە گرنگەکە ئەوەیە ئایا بەرنامە و پلانەکانی حکومەتی نێوەندی عێراق چی دەبن و چۆن دەبن لە کاتێکدا لەناو بەغداوە دەگوترێت دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە بەبێ پەسەندکردن لە ئێرانەوە ناتوانن بڕیارە گرنگەکان بدەن.

"ئێران نەیدەوێرا خۆی لە کاروباری عێراق وەربدات یان بێتە ناو عێراقەوە ئەگەر لە ساڵی 2003 دا ئەمریکا عێراقی داگیر نەکردبا." ساڵح موتڵەگ، سەرۆکی فراکسیۆنی ئەلعەرەبیە لە پەرلەمانی عێراق وەها دەڵێت.

موتڵەگ کە پێشتر پۆستی جێگری سەرەک وەزیری عێراقی هەبووە دەشڵێت لەسەر ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێونەتەوەییشە هەموو دەستێوەردانە دەرەکییەکان لە عێراقدا ڕابگرن.

تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە فەرمی پشتیوانی خۆی ڕانەگەیاندووە بۆ هیچ پڕۆژەیەک یان ڕوانینێکی باس لە قۆناغی پاش دەوڵەتی ئیسلامی دەکەن لە عێراقدا و ئەوەی لە ستراتیژیەتەکەشیدا دەخوێندرێتەوە جەخت کردنەوەیە لە لەناوبردنی دەوڵەتی ئیسلامی، بەڵام دوای ئەوە چیی تر دێتە ئاراوە، وەک شیکەرەوە دەڵێن لە جیهانی سیاسەت و بەرژەوەندیەکاندا هەموو ئەگەرێک کراوەن.

لەسەر بنچینەی وتووێژەکانی لەگەڵ دکتۆر حازم ئەلشەممەری و ساڵح موتڵەگدا، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:27 0:00

XS
SM
MD
LG