Accessibility links

جێمس ماتس: بەردەوام دەبین لە پشتیوانی هێزە سەربازییە عێراقییەکان


وەزیری بەرگری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پشتڕاستی کردۆتەوە کە هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا یارمەی هێزە سەربازییە عێراقییەکان دەدەن لە ئۆپەراسیۆنی لەناوبردنی داعش لە ڕۆژئاوای موسڵ.

جێمس ماتس دەڵێت "ئۆپەراسیۆنی ڕۆژئاوای موسڵ وەک دەزانن دەستپێکردووە لەو ڕوانگەیەوەی بۆ ماوەیەکە ناوچەکە گەمارۆ دراوە. هێرشکردنە سەر شارەکە شتێکە نامەوێت بچمە وردەکارییەکانییەوە چونکە ئەوە تایبەتە بەو هێزانەی لە شەڕەکەدان. لە هەمان دەمیشدا هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا هەمان ڕۆڵی هاوشێوەی ئۆپەراسیۆنی ڕۆژهەلاتی موسڵیان دەبێت و زۆر لە نزیکەوە ئاگادارن ئەمە ئەگەر دەستیان نەبێت لە شەڕەکەدا، هەروەها هاوپەیمانیش بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنە. بەردەوامیش دەبین لە زیادکردنی ئەو پشتیوانیانە بۆ لەناوبردنی داعش."

لەو دیمانە ڕۆژنامەوانیەشیدا وەزیری بەرگری ئەمریکا باسی لە ئەفغانستان و ڕەوشی ئاسایشی ئەوێشی کردوە و دەڵێت "ئێستا لە یەکخستنی دید و بۆچوونەکانداین، سەرۆک بێدەنگە لەسەر ئەم دۆسێیە چونکە چاوەڕوانی هەڵسەنگاندنەکانی من و دەزگا موخابەراتییەکانە و کراوەشە بۆ ڕاوێژەکانم ، بەڵام پێویستە زانیارییەکان تەواو بن لام و دابڕێژرێن، لەبەر ئەوە سەردانەکەی بۆ ناوچەکە وەک بارێکی ئاسایی بۆ کۆکردنەوەی زانیارییەکانە و هەروەهاش هەڵسەنگاندنی ئەوەی وڵاتانی تر لە ئەفغانستان چی دەکەن بۆ یارمەتیدانی هەوڵەکانمان لەوێ."

وەزیری بەرگری ئەمریکا ئەمڕۆ یەکشەممە بۆ چەند کاتژمێرێک بە ڤیدیۆ قسەی کردووە لەگەڵ ژەنەراڵ جان نیکڵسن فەرماندەی هێزی ئەمریکایی و هاوپەیمانان لە ئەفغانستان بەڵام باسی لەوە نەکردووە ئایا ناردنی هێزی زیاتری سەربازی بۆ ئەفغانستان بە باش دەزانێت یان نا. بەر لەوەی میونخ جێبهێڵیت جم ماتس وتوویەتی ڕۆژی شەممەش بە درێژی قسەی لەگەڵ سەرۆکی ئەفغانستاندا کردووە.

وەزیری بەرگری ئەمریکا بە سەردانێک لە میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبە وەک بەشێک لە یەکەم سەردانی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوەتای پۆستەکەی وەرگرتووە.

XS
SM
MD
LG