Accessibility links

موحسین ئەدیب: زەمینەیەکی زۆر خراپ هەیە لە هەرێمی کوردستان بۆئەوەی گروپە تیرۆریستییەکان سودی لێ وەربگرن


جیهادییەکان و ناوەندە ئیسلامییە توندڕەوەکان لە رۆژهەڵاپتی ناوەڕاست و جیهاندا تێکڕا بونەتە جێی پرسیار و لێکۆڵینەوە. کردنەوەی چەندین دەروازەی راڤەکاریی و وردبونەوە لە تیرۆر و جیهادگەرایی تێکڕا چاودێرانی خستۆتە بەردەم کۆمەڵێک رەهەندی جومگەیی کە تێکڕا گفتوگۆو شیکاریی گەورە دەخوازێت، رەوشی مرۆڤبوون و مەترسی لەسەر تەواوی بەها مرۆیی و سروشتی و مۆڕاڵی و ئاینی و مێژووییەکانی مرۆڤایەتی راماندەگرێت لەبەردەم گومان و بەرپرسیارێتی گەورەدا. کێشەکە تەنها تیرۆر نییە، داعش و مەترسییەکانی تیرۆر سەرجەم جیهانی لەیەک گۆڕەپانی جەنگ و پڕ کێشمەکێشی سەربازی و ناوچەیی و ئاینییدا کۆکردەوە. بەڵام ترس لە چارەنوسی داعشە کوردەکان و بیانییەکانی ناو داعش پاش شکستەکانی جێی تێڕامان و لێکۆڵینەوەی زیاترن.

ئاسۆ جەبار بۆ هەفتەنامەی رەهەندەکانی دەنگی ئەمریکا وتووێژێکی لەگەڵ لێکۆڵەرەوەو شرۆڤەکار موحسین ئەدیبدا سازکردووە.

موحسین ئەدیب دەڵێت "تیرۆر ئەوکاتە مەترسی نیە کە لەناوچەیەکی دیاریکراودا شەڕی خۆی دەکات، بەڵکو مەترسی تیرۆر لەوێدا بەرجەستە دەبێت کە پنتێکی دیاریکراوی نیە بۆ شەڕکردن، واتە مەیدانێکی دیاریکراوی جەنگی نیە، کاتێک ناوچەیەکی دیاریکراوی نەبوو لەڕاستیدا ئیتر دەکرێت بڵێین هەموو دنیاو ئەم ناوچەیەی ئێمە بەتایبەتی دەبێتە مەیدانی جەنگ".

سەبارەت بە مەترسی توندڕەوی ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان موحسین ئەدیب دەڵێت "ئەگەر مەلا کرێکار و ئیسلامییە توندڕەوەکان لە کورستان پێشتر ناڕاستەوخۆ باسی داعش و دەوڵەتی ئیسلامی کردبێت و وە زۆر پشتگیری و پشتیوانی خۆی پیشان نەدابێت، ئەوا لە لێدوانەکانی ئەم دواییانەیدا بە راستەوخۆ دەڵێت داعش گروپ و رێکخراوێکی جیهادییەو پێویستە موسڵمانان پەیوەندی پێوەبکەن کە ئەوان دژی تاغوتییەکان و نوسەیرییەکان و دژی عەلمانییەکانن شەڕ دەکەن".

هاوکات دەڵێت "زەمینەیەکی زۆر زۆر خراپ هەیە لەهەرێمی کوردستان بۆئەوەی گروپە تیرۆریستییەکان ئائەمە دەقۆزنەوەو سودی لێوەردەگرن، ئەگەر هەوڵی زۆر رژد نەدرێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو فاکتەرانەی کە دەبنەهۆی گەشەکردنی داعش یان داعشییەکان".

هەروەها دەڵێت "داعش و گروپە توندڕەوەکان لەژینگەیەکدا گەشەدەکەن کە مەرگدۆستی لەلوتکەدا بێت".

موحسین ئەدیب داواکارییەکی هەیە: "لەڕێگەی رادیۆی ئەمریکاوە داوا دەکەم لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و رۆشنبیری و ئەوقاف کە کۆنفرانسێک و کۆبونەوەیەکی گەورە ئەنجام بدەن لەسەر سەرلەنوێ خوێندنەوە بۆ چەمکی ئاین و رۆڵی ئاین".

لەڕێی ئەم بەستەرەوە دەتوانن گوێبیستی تەواوی وتووێژەکە ببن...

please wait

No media source currently available

0:00 0:15:57 0:00

XS
SM
MD
LG