Accessibility links

لەم ماوەیەی ڕابردوودا دکتۆر ڕێبوار کتێبێکی نوێی چاپکردووە کە تیایداشیعری زیاتر لە 120 شاعیری کوردی وەرگێڕاونەتە سەر زمانی ئینگلیزی.

ئەم پڕۆژەی وەرگێڕانە بەرهەمی نزیکەی 30 ساڵی کارکردنە لە دەستپێکەوە تا دەگاتە ئەوەی ببێتە کتێبێکی ئەلیکترۆنی. پێشدەچێت بەرگی دووهەمی دەقە کوردیە وەرگێڕدراوەکانیش ببینرێت ئەگەر هاتوو ئەم بەرگەی یەکەمی پڕۆژەکە هێندەی پێویستی لێ بفرۆشرێت.

کردەی وەرگێڕانی دەقەکان هەروا سانا نییە تا بتوانرێت گیانی دەقەکە بپارێزرێت و ئەمەش شارەزایی و وردبینییەکی زیرەکانەی دەوێت.
ئەڵبەت دروستە کاتێک دەگوترێت هەرگیز خوێندنەوەی دەقێکی وەرگێڕدراو ئەو تام وچێژەت پێنابەخشێت کە لە زمانی ڕەسەنی دەقەکەوە وەری دەگریت.
هەندێک بڕوایان وەهایە چەندێکیش ورد و پسپۆڕانە دەقێک وەربگێڕدرێت ئەوا ڕووبەڕووی جۆرێک لە گۆڕانکاری دەبیتەوە لە دەقەکەدا.

با نزیکەی دە ساڵێک بگەڕێینە دواوە، لە زۆرێک لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێونەتەوەییەکاندا (تا ئەندازەیەکیش عەرەبی فارسیەکانیش) دەشێت ڕۆشنبیری کورد دووچاری جۆرێک لە واق وڕمان هاتبێت کاتێک لەو کۆڕبەندانەدا زانیویەتی زۆرێک لە بەشداربووان زانیاریەکی ئەوتۆیان نییە لەسەر فەرهەنگی نەتەوەکەی، لە کاتێکدا کورد خاوەنی دەیان نوسەری داهێنەرە. بەڵام لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا وەرگێڕانەکان بۆ زمانە زیندوەکانی وەک ئینگلیزی و فەڕەنسی و ئەڵمانی و هەندێک زمانی تری ئەوروپایی هۆکارێکی سەرەکی بوون بۆ بە یەکتر ناساندنی فەرهەنگەکان.

ئایا ئەوەندە بەسە؟ ئەو هەوڵانەی بۆ وەرگێڕانی دەقە کوردیەکان دەدرێن لە هەوڵی تاکە کەس تێپەڕیان نەکردووە، هەر بۆیە ئەمە پێویستی بە بەرنامەڕێژییەکی گەورە هەیە تا بتوانرێت دەزگای تایبەت هەبن بە وەرگێڕان بۆ زمانە زیندووەکانی جیهان و ئاشناکردنی خەڵک بە بەرهەمە فەرهەنگییە کوردیەکان.

بەڵێ ژمارەیەکی زۆری دەزگای ڕۆشنبیری و چاپەمەنی هەن و هێندەی ئەوەی سەرقاڵی چاپکردنی بەرهەمە بیانییەکانن بۆ کوردی، هێندە کتێبە کوردیە وەرگێڕدراوەکانیان بۆ زمانەکانی تر بە چاپ نەگەیاندووە تا بخرێنە کتێبخانەکانی وڵاتانی ترەوە، خۆ ئەگەر چاپیش بکرێن ئەوا نانێردرێنە دەرەوە و هەر لە کتێبخانە ناوخۆییەکاندا دەمێننەوە.

بۆ بەجێگەیاندنی ئەم ئەرکەش پێویستە سود لە ئەزموونی پسپۆڕ و شارەزایانی زمانەکان وەربگیرێت و لە دەزگای تایبەت بە وەگێڕان وەکاربخرێن چونکە پێکگەیشتنی فەرهەنگەکان و یەکتر ناسینیان، ناسنامە نەتەوەییەکان تۆکمەتر و ناسراوتر دەکات لە ناو نەتەوەکاندا.

شیعر نامۆ نییە بە دکتۆر ڕێبوار، لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا شیعری دەنوسی و لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەوکاتدا بڵاوی کردوونەتەوە.

ڕێبوار فه‌تاح یه‌کێك بووه‌ له‌ دامه‌زرێنه‌ری مانگنامه‌ی (هاوکار)، که‌ به ‌زمانی ئینگلیزی له‌ له‌نده‌ن ده‌رده‌چوو له‌ نیوه‌ی یه‌که‌می 1990ه‌کاندا.

سه‌رنووسه‌ر و دامه‌زرێنه‌رێکی مانگه‌نامه‌ی ژینی نوێ بووه‌، که‌ له‌ نه‌وه‌ده‌کاندا له‌ له‌نده‌دن ده‌رده‌چوو. یه‌کێك بووه‌ له‌ دامه‌زرێنه‌رانی (ده‌زگای کوردیش میدیا) له‌ 1998، کە تا داخستنی سەرنووسەری بووە. له‌ هه‌فته‌نامه‌ی چرادا، که‌ له‌ ئوسترالیا ده‌رده‌چوو، تا داخراوه‌ ستونێکی به‌ناوی 'زه‌نگ'ه‌وه‌ هه‌بووه‌. ستوون نوس بووە لە بڵاوکراوەی 'سۆما' دا کە بە زمانی ئینگلیزی دەدردەچوو.

بۆ کردەی وەرگێڕان لە کوردیەوە کامیان گرنگترە، زمانی دەق یان زمانی وەرگێڕان؟

ئایا ئازادی لە وەرگێڕندا کار دەکاتە سەر مەبەستی ڕاستەقینەی دەقەکان؟

ئایا بە چ پێوانەیەک دەقەکان هەڵدەبژێردرێن تا وەربگێڕدرێنە سەر زمانێکی بیانی؟

بۆ دکتۆر ڕێبوار کامیان ئاسانترە، وەرگێڕان لە ئینگلیزیەوە بۆ کوردی یان بە پێچەوانەوە؟

(دکتۆر ڕێبوار فەتاح) نوسەر ولێکۆڵەر وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:


XS
SM
MD
LG