Accessibility links

گرتەیەکی ڤیدیۆیی گومانباری تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵ بڵاو دەبێتەوە


میدیای تورکیا ڕۆژی سێشەممە وێنەی نوێی پیاوێکی بڵاو کردۆتەوە کە بڕوا دەکرێت ئەو چەکدارەی داعش بێت کە 39 کەسی لە یانەیەکی شەوانەدا کوشت، ئەو گرتە ڤیدیۆیەی کە بڵاو کراوەتەوە لەلایەن گومانبارەکە خۆیەوە گیراوە لە کاتێکدا بە دەوری بەناوبانگترین مەیدانی ئەستەنبوڵ دەسوڕێتەوە.

لەو گرتە ڤیدیۆییە 44 خولەکییەی کە لە ڕۆژی سێ شەممەدا بڵاو کراوەتەوە ڕووی کامێراکە هەر لەسەر دەموچاوی ئەو پیاوەیە کە بەبێ پێکەنین بە مەیدانی تەقسیمی ئەسەنبوڵدا دەسوڕێتەوە ئەو شوێنەی کە جێگای سەرنجی گەشتیارانە.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ئەوە ڕوون نییە کە ئەو گرتە ڤیدیۆیە چۆن بە دەستهاتووە و ئایە بەر لە هێرشەکەی سەری ساڵ یان پاش هێرشەکە گیراوە.

هێرشبەرەکە هەتا ئێستا دەستگیر نەکراوە. کاربەدەستان بە ئاشکرایی ناسنامەشیان بڵاو نەکردۆتەوە و پۆلیس ئەوەش ڕەت دەکاتەوە کە زانیاریەکانی ئەو پاسەپۆرتە کەرغیزیەی کە لە میدیای تورکیا بڵاو کراوەتەوە هی ئەو چەکدارە بێت.

ڕۆژی دووشەممە داعش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ و ڕایگەیاند " سەربازێکی خەلافەتەکەی" ئەو هێرشەی ئەنجام داوە بۆ تۆڵە سەندنەوە لە لەشکری تورکیا بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانیان دژ بە داعش لە باکوری سوریا.

هەتا ئێستا بەلایەنی کەم 14 کەس لە پەیوەندی بەو هێرشەوە دەستگیر کراون. بە پێی ئاژانسی ئەنادۆڵۆی تورکیا ڕۆژی سێشەممە دوو کەسی بیانی لە فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی ئەتاتورک دەستگیر کران پاش ئەوەی پۆلیس تەلەفۆنەکانیان و جانتاکانیانی پشکنی بوو.

ڕۆژنامەی حوڕییەت ڕایگەیاندووە ئەو ژنەی کە میدیای تورکیا بە هاوسەری چەکدارەکە ڕایگەیاندووە بە پۆلیسی گوتووە کە ئەو نەیزانیوە هاوسەرەکەی ئەندامی داعشە.

ئەو ژنە لە شارۆچکەی کۆنیا دەستگیر کرا وەکو بەشێک لە لێکۆڵینەوەکان بەڵام نە ناوی ئەو ژنە و نە ناوی هاوسەرەکەی ئاشکرا نەکراون.

چەند دەزگایەکی تری ڕاگەیاندن ڕۆژی دووشەممە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاسایش کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، ڕایانگەیاند بڕوا دەکرێت گومانبارەکە خەڵکی ناوەڕاستی ئاسیا بێت و ڕەنگە بەشێک بێت لەو شانەیەی کە هێرشەکەی مانگی 6 ی فڕۆکەخانەی ئەتاتورکی ئەستەنبوڵیان ئەنجام دا کە 45 کەسی تێدا کوژرا.

ڕۆژنامەی خەبەر تورک ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاندووە بڕوا دەکرێت ئەو پیاوە موسوڵمانێکی چینی بێت.

XS
SM
MD
LG