Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: هانا قادر


هانا قادر
هانا قادر

ساڵی نوێتان پیرۆزە.

هەست و نەست پێکەوە لە تێکستە شیعرییەکاندا ئامادەییان هەن، هەرچەندە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەندێک، نوسینی شیعر دەبەستنەوە بە دەربڕینێکی پڕ لە جوانکاریانەی ئەو هەستە ناسکانەوەی لە تراژیدیا یان لە خۆشنودیەوە سەرچاوەیان گرتووە.

بەڵام ناکرێت ئەوە لە یادبکەین کاتێک خودی شاعیر بە قوڵی دەکەوێتە بیرکردنەوەیەکی وردەوە و وشەکان لەگەڵ خەیاڵیدا تێکەڵ دەکات و دەکەوێتە گەشتێکی هەتایی و بە شوێن وێنە ناوازەکانی دەربڕیندا دەگەڕێت و کاتێکیش دەیاندۆزێتەوە، هەڵیاندەکێشێت لە سیحری ئاوازێکی نەرم و بە بەرگێکی ئیستاتیکیانەوە دەیانخاتە بەر دیدی خوێنەرانی.

"لە کاتی عاشقبوونمدا
گەرم ترین شیعرم لێ ئەڕژێت!

خراپ ترین بیر کردنەوەم لێ ئەبارێت!
لە عانی خۆشەویستیدا
میھرەبان ترین ئینسانم
دڕندە ترین مەخلوقم
لە لەحزەی دڵداریدا
پەشۆکاو ترین ژنم،
ئینکار ترین منداڵ
ھەر بۆیە دەمێک وەک سەگی ھار،
پەلاماری خۆشم دەدەم،
دەمێکی تر وەک نەخۆشێک،
پەنا بۆ تیمار کردنم دەبەم

لەو کاتەنەدا
دەم و چاوم گەرم ئەبێت و
بە دەنگێکی نووساوەوە
ھەرکەس لە پەناما دانیشتبێت،
بێ پێشەکی پێی ئەڵێم:
پێم ناڵێی من چۆنی ئەم سەگبابە لە بیر بکەم؟
ئاخر لەبیر کردنی پیاوێک،
کە تێیدا ڕژاوم
ناشیرین ترین جۆری درۆیە
كە تەحەمولی وتنی ناکەم
خراپ ترین جۆری سزایە،
کە شایەنی ئەو شەقە نیم!"

هەرچەندێک شیعری (هانا قادر) دەخوێنمەوە بەردەوام ئەو بیرکردنەوەیەم لا دروست دەبێت کە شاعیرێکی بێ ئۆقرەیە، سڵ لە وتن ناکاتەوە و هەر دێڕە شیعرێکیشی دەکەوێتە تێکشکاندنی بارە باوە تابوەکان.

ئەگەرچی لە نەریتی کۆمەڵگای کوردیدا دەرفەتێکی ئەوتۆ نابینرێت کە نوسەرێک بەتایبەتی ژنانی نوسەر بتوانن بوێرانە دژی ئەو داب و نەریتانە بوەستنەوە بەڵام ژنانێکی نوسەر هەن ئازایانە و ئازادانەو ڕاشکاوانە و ئاشکرایانەش باس لە بوونی خۆیان دەکەن، جیاواز لە بیرکردنەوەی پیاوانە و بە دڵنیاییشەوە (هانا قادر) یەکێکە لەو شاعیرانە.

"بیری ئه‌و نیشتمانه‌ ده‌که‌م،
كه‌ نه‌یویست ته‌نانه‌ت گۆڕه‌که‌شم
له‌ باوه‌شیدا هه‌ڵکه‌نن!
بیری ئه‌و هاوڕێیانه‌م ده‌که‌م،
كه‌ هیچ کات بێ په‌رده‌یی منیان،
ته‌حه‌مول نه‌کرد!
بیری زۆر که‌س و شت ده‌که‌م!
بۆ نموونه:‌
بیری ئه‌و پیاوه ده‌که‌م
كه‌ شێتی بووم و
دڵنیام شایه‌نی نه‌بوو!
بیری کچێک ده‌که‌م،
من به‌ ئه‌ندازه‌ی خودا خۆشمویست و
ئه‌ویش هێنده‌ی خودا،
کێشامی به‌ دڵڕه‌قیدا!"

کاتێک خودی شاعیر خۆی بە وابەستە دەزانێت لە کۆمەڵگەدا، دەشزانێت چ بەرپرسیاریەتییەکی لە ئەستۆیە لە ڕەهەندەکانی هێنانە ئارای گۆڕانکاری و پاراستن و بەرەوپێشبردنی فەرهەنگ و زماندا و تێکستە فەرهەنگییەکانیان تەنها نابنە پێناسەکردن بۆ ژیان، هێندەی ئەوەی ژیان ئاسا خۆیان دەنوێنن.

ئایا بۆ نوسینی دەقە داهێنەر و ناوازەکان هەر تەنها بوێری بەسە؟

ئایا دەکرێت شکاندنی بارە باوەکان وەک بەشێک لە داهێنان لە دەقدا لێی بڕوانرێت؟

ئایا مەرجە بۆ هەر خانمە شاعیرێک یان نوسەرێک ببێتە فێمینیزم؟

کامیان بۆ (هانا قادر) لە پێشترە، شیعر یان فێمینیزم؟

(هانا قادر) نوسەر و شاعیر وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:25:43 0:00

XS
SM
MD
LG