Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: ڕوسیا و ئێران و تورکیا لە دۆسێی سوریادا


دیمەنێکی شاری حەڵەب
دیمەنێکی شاری حەڵەب

کوژرانی باڵیۆزی ڕوسیا بۆ تورکیا لە ئانکەرە نەبووە ڕێگر لە کۆبوونەوەی مۆسکۆ و تاران و ئانکەرە سەبارەت بە سوریا بە گشتی و شاری حەڵەب بە تایبەتی.

لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەم کردەی کوشتنە وەک ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە ڕەفتارەکانی ڕوسیا لە شاری حەڵەب لێکدەدرێتەوە بەڵام نکوڵیش ناکرێت لەوەی دەشێت ناڕەزاییەکیش بێت بەرامبەر پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و ئانکەرە.

ئەم ڕووداوەش هاوکات بوو لەگەڵ هەوڵەکانی تورکیا بۆ نزیکبوونەوە لە ڕوسیا کە هەندێک بە مانگی هەنگوینی ناودێریان دەکرد.

میوانی بەرنامە:

دکتۆر جەبار قادر، پسپۆڕی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئەگەرچی گەورە کاربەدەستانی هەردوو وڵات دوابەدوای کوژرانی باڵیۆزەکە ڕایانگەیاند ئەو ڕووداوی کوشتنە کاریگەری نابێت لەسەر پەیوەندییەکانیان هەرچەندە زۆرێک لە چاودێران ڕایان وەهایە تەنانەت ئەگەر کاریگەریشی نەبێت بەڵام بەو مانایە نییە تورکیا لەبەردانەواندنی زیاتر و زیاتر نەکات بۆ ڕوسیا وەک چۆن پێشتر ئانکەرە هەڵوێستی خۆی بەرامبەر ئەگەر و نەگەری مانەوەی بەشار ئەلئەسەد لە دەسەڵاتدا گۆڕی.

ئەم خۆشکردنەوەیەی پەیوەندی تورکیای ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەر تەنها لەگەڵ ڕوسیای ڤلادیمیر پوتندا سنوردار نەبوو بەڵکو کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بەشێکی دانەبڕاوبووە لەم هاوکێشە نوێ سیاسیانەی ئانکەرەدا.

ڕۆژی سێشەممە ڕوسیا و ئێران و تورکیا لە ڕاگەیاندنێکی هاوبەشیاندا خواستی خۆیان دەربڕی بۆ نێوەندگیری بەمەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا. ئەم نێوەندگیری و چارەسەرەی هەرسێ وڵات باسی دەکەن بەبێ دەستهەبوونی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە. هەرچۆنێک بێت شیکەرەوە لەوبڕوایەدان ئەم جۆرە هاوبەندییە نوێیە ڕەنگدانەوەیەکی تری خواستی زلهێزەکانی جیهانە بۆ نێوەندگیری لەم چارەسەریەدا بەڵام هێشتا دیار نییە ئایا تا چەندێک دەتوانن نزیک ببنەوە لە کۆتاییهێنان بە مەینەتییەکانی گەلانی سوریا.

لە ڕاگەیاندنەکەیاندا، مۆسکۆ و تاران و ئانکەرە ژمارەیەک پرەنسیپیان دەستنیشان کردووە بۆ ڕێککەوتنی ئاشتیانە.

هاوکات لە ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکاندا بڕیارێکی نوێ پەسەند کرا بۆ لێکۆڵینەوە کردن لە تاوانەکانی شەڕ لە قەیرانی سوریادا. ڕوسیا و سوریا دژی ئەم بڕیارەبوون و ڕوسیا و چین دەنگیان پێنەدا.

دەگوترێت سوریا لە ڕەوشێکدایە کە خۆی هیچ توانایەکی بڕیاردانی نەماوە و وڵاتانی تر بڕیاری بۆ دەدەن.

کێ دەتوانێت لەم ڕەوشەدا ببێتە فریادڕەس بۆ گەلانی سوریا؟

ئایا پرۆسەی ئاشتی سوریا بەبێ ڕۆڵی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبێت؟

لە کاتێکدا ڕوسیا و ئێران و تورکیا دەخوازن نێوەندگیری بکەن بۆ چارەسەری قەیرانی سوریا، ڕۆڵی کۆمکاری عەرەب چییە؟

کورد لە کوێی ئەم هاوکێشە نوێ سیاسیانەدا دەبێت؟

ئایا کورد بە گشتی و لە ڕۆژئاوا بە تایبەتی دەتوانێت ببێتە بەشێک لە گۆڕانکارییەکان؟

(دکتۆر جەبار قادر ) پسپۆڕی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەڵامی ئەم پرسیارانەی بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (لەگەڵ ڕووداوەکاندا) دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:51 0:00

XS
SM
MD
LG