Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: ئێران لە سیاسەتی بەڕێوبەرایەتی نوێی ئەمریکادا


دۆناڵد ترامپ
دۆناڵد ترامپ

لەگەڵ هەر باسکردنێکی ڕەوشی سیاسی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ، کۆماری ئیسلامی ئێران بەشێکی سەرەکی ئەو باسکردنانەیە.

تاران لە زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکەدا ڕۆڵ و کاریگەریی هەیە وەک عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، سوریا، یەمەن، لوبنان، بەحرەین و چەندان شوێنی تریش لە ناوچەکەدا.

ڕۆڵی ئێران لە عێراقدا گەیشتۆتە ئەو ئاستەی وەک دەگوترێت فەرمانڕەوای وڵاتەکەیە و هیچ بڕیارێکی سیاسی لە عێراقدا بەبێ ڕەزامەندی ئێران نابێت، لە سوریاشدا پشتیوان و هاوپەیمانێکی سەرەکی ڕژێمەکەی بەشار ئەلئەسەدە بە ئەندازەیەک وەک باسدەکرێت هۆکارێکە بۆ مانەوەی ئەم ڕژێمە کە بەرپرسە لە کوژرانی سەدان هەزار کەس لە قەیرانی ناوخۆیی سوریادا.

خەسرەو ئەڵماسی
خەسرەو ئەڵماسی

لە لوبنان میلیشیاکانی حزبوڵا بەهۆی پشتیوانییەکانی ئێرانەوە بوونەتە فاکتەرێک بۆ پشێوی سیاسی و ئاسایشی لەو وڵاتەدا و لە یەمەنیش داکۆکییەکانی ئێران لە حوثیەکان درێژەی بە قەیرانی ناوخۆیی ئەو وڵاتە داوە.

بە هەمان شێوەش لە بەحرەین، تاران بەردەوامە لە جوڵاندنی شیعەکان و نانەوەی گرفت بۆ حکومەتی ئەو وڵاتەی کەنداو.

هەندێک لە چاودێر لەوبڕوایەدان سیاسەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (بەڕێوبەرایەتییەکەی ئۆباما) بەرامبەر ئێران سیاسەتێکی نەرم بووە و چاوپۆشییەکی زۆر لە ئێران کراوە و وەک ئاماژەیان پێداوە لەبەرامبەر ڕێککەوتنە ناوکییەکە.

بەڵام بۆ چوار ساڵی داهاتوو چۆن دەبێت؟

لە مانگی ئایندەدا بەڕێوبەرایەتی نوێی ئەمریکا (بەڕێوبەرایەتییەکەی دۆناڵد ترامپ)دەستبەکاردەبێت و زۆرێکیش لە پۆستە سەرەکییەکان دراونەتە ژەنەراڵە خانەنشینەکان و دیپلۆماتەکانی وەک دەگوترێت سەرنجی زۆریان لەسەر ئێران هەیە.

پێشتر ترامپ لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا جەختی لەوە دەکردەوە کە خراپترین دانوستاندن لەسەر ئەم ڕێککەوتنە ناوکییە کراوە و ئەوەشی نە دەشاردەوە کە پێویستە ئەم ڕێککەوتنە هەڵبوەشێندرێتەوە.

لەم ماوەیەی ڕابردوودا لە سیناتی ئەمریکا بە تێکڕای دەنگ سزاکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران درێژکرایەوە.

تاران داوا دەکات سەرۆک ئۆباما ئەو بەرنوسەی سینات مۆر نەکات و ڤیتۆی بکات تا نەبێتە بڕیار دەنا وەک کاربەدەستانی ئێرانی دەڵێن بەرەنجامی خراپی دەبن.

لە دە ڕۆژی ڕابردوودا سەرۆک ئۆباما نە بەرنوسەکەی مۆر کرد و نە ڤیتۆشی کردەوە، ئەمەش نەیتوانی ڕێگر بێت لە بەردەم بوونی ئەم بەرنوسە بە بڕیار.

کۆشکی سپی دەڵێت بوونی ئەم بەرنوسە بە بڕیار هیچ کاریگەری نابێت بەسەر ڕێککەوتنە ناوکییەکەی لە نێوان کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و ئێراندا مۆرکراوە.

ئایا سنوردارکردنی جموجۆڵه‌کانی ئێران له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ده‌بێته‌ به‌شێک له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی نوێی ئه‌مریکا؟
ئایا ئه‌گه‌ره‌کانی سیاسه‌تی ئه‌مریکا چ جۆره‌ کاریگه‌رییه‌کیان ده‌بێت به‌سه‌ر کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا؟
ئایا ده‌کرێت وه‌ها له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تی نوێی ئه‌مریکا بڕوانرێت که‌ ده‌رفه‌تێکه‌ بۆ ئۆپزسیۆنی ئێرانی؟

(خەسرەو ئەڵماسی) لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (لەگەڵ ڕووداوەکاندا) وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە.

دەقی بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (لەگەڵ ڕووداوەکاندا) :

please wait

No media source currently available

0:00 0:28:00 0:00

XS
SM
MD
LG