Accessibility links

پیوەندی نێوان تالیبان، ئێران و ڕوسیا


ڕۆژی دووشەممە پەرلەمانی ئەفغانستان ڕایگەیاند لێکۆڵینەوە لەسەر زیاد بوونی پەیوەندی لەشکری نێوان یاخیبوانی تالیبان و ئێران و ڕوسیا دەکات.

فەزەل هادی موسلمیار سەرۆکی سیناتی ئەفغانستان ڕایگەیاند " بەڵگەی هاوکاری ڕوسیا و ئێران بۆ یاخیبوانی تالیبان دۆزراوەتەوە." گوتشی ڕاپۆرتی پەیوەندی دەرەوە لەگەڵ تالیبان نیگەرانی دروست دەکات.

ئەم لێکۆڵینەوانە پاش ئەوە بوو کە ژەنەڕاڵی ئەمەریکا جۆن نیکۆڵسن، ڕێبەری ئەرەکی ناتۆ بۆ پشتیوانی کردنی ئەفغانستان گوتی پەیوەندی تالیبان لەگەڵ ڕوسیا و ئێراندا دۆزی سەقامگیری ئەفغانستان بەرەوپێش نابات.

بە پێی ڕاپۆرتان مۆسکۆ گوایە پشتیوانی لە تالیبان دەکات و پڕچەکیان دەکات لە هەوڵێکدا بۆ ئەوەی کاریگەری هەبێت بەسەر ڕێکخراوەکانی سەر بە دەوڵەتی ئیسلامی لە ئەفغانستان و ڕیگایان لێ بگرێت تا ببن بە هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانی لە ناوەڕاستی ئاسایا.

کاربەدەستانی ئەفغانستان ئێرانیش تاوانبار دەکەن بەوەی پشتیوانی لە چەکدارانی تالیبان دەکەن لە ناوچە سنوورییەکاندا.

ئاسیف نانگ پارێزگاری هەرێمی فەرەح لە ڕۆژئاوای ئەفغانستان بەم دواییانە لە وتووێژێكیدا لەگەڵ ڕادیۆ لیبرتی گوتی " خێزانەکانی ڕێبەرە باڵاکانی تالیبان لە ناو ئێران دەژین." گوتیشی ئەوان لە شارەکانی وەکو یەزد، کرمان و مەشهەد ئەژین و بۆ چالاکییەکانیان ئەچنەوە بۆ ناو ئەفغانستان.

ئەو پارێزگارە گوتیشی تەرمی ئەو چەکدارە تالیبانانەی کە لە پێکدادانەکانی ئەم دواییانەدا کوژران ڕەوانەی ئێران کرانەوە بۆ خێزانەکانیان. نانگ بە میدیای ئەفغانی گوت کە زیاتر لە 5 هەزار چەکداری تالیبان لە ئێستادا هەرێمی فەرەحن.

دانیشتوانی ناوچەکە دەڵێن زۆربەی جار ئەندامانی تالیبان دەبینن دەچنە نێو سوری ئێرانەوە.

جەمالودین پەنابەرێکی ئەفغانی لە شاری تەیباد کە لەسەر سنووری ئەفغانستانە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " لەم ڕۆژانەدا زۆر خەڵکی نوێ دەبینن کە لە ئەفغانستانەوە هاتوون و هەوڵ دەدەن تێکەڵ بە خەڵکی نەبن و خۆیان لە ئەفغانیەکانی تر بشارنەوە، و هەندێک لە ئەفغانییەکانیش دەڵێن ئەوانە ئەندامی تالیبانن."

کاربەدەستانی ئەفغانی دەڵێن تاران چەکی ئاڵؤزیش دەدات بە تالیبان.

جومەدین گەیانوال ئەندامی پەرلەمان لە هەرێمی پاکتیکا دەڵێت " ئێران نەک تەنها پێشوازی لە خێزانەکانی ئەندامانی تالیبان کردووە بەڵکو چەکیش دەدات بە گروپەکە ."

ئێران ئەم تاوانبارکردنانە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت پەیوەندییەکی نزیکی هەیە لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستندا. بەهرام قاسمی گوتەبێژی ئۆفیسی کاروباری درەوەی ئێران دەڵێت پەیوەندییەکی برایانەیان هەیە لەگەڵ کابوڵدا لە سەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش.

کاتێک تالیبان لە ناوەڕاستی 1990کان سەریهەڵدا ئیران ئەو بزوتنەوەیەی بە هەڕەشەیەکی سەرەکی ئایدۆلۆژیا لەقەڵەم دا.

بەڵام فاتیمە ئەمان شارەزای کاروباری ئێران و باشوری ئاسیا لە ئەمەریکا دەڵێت " سەرەڕای ئەوەی کە بە دوژمنی یەکتر دادەنران لە 90کاندا بەڵام تاران دوودڵ نەبوو لە پڕچەککردنی تالیبان لە هەوڵیکدا بۆ ڕێگەگرتن لە سەربازانی ئەمەریکا کە ئەفغانستان وەکو بنکەیە بۆ هێرش کردنە سەر ئێران بەکار بهێنن."

بەمدواییانە نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ڕوسیا ڤلادمێر پوتین بۆ ئەفغانستان زەمیر کابولۆڤ لە میانەی وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵۆی تورکیا ڕایگەیاند کە مۆسکۆ لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ ڕێبەرانی تالیبان تا ئاشتییەکی بەردەوام لە نێوان تالیبان و حکومەتی ئەفغانستان بەرەوپێش بەرێت.

XS
SM
MD
LG