Accessibility links

ئەمەریکا هەوڵی دڵنیاکردنەوەی چین دەدات لە پاش تەلەفۆنەکەی ترامپ لەگەڵ سەرۆکی تایوان 


کۆشکی سپی ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند هەوڵی داوە جارێکی تر چین دڵنیا بکاتەوە پاش پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی سەرۆکی هەڵبژێردراو دانۆڵد ترامپ بۆ ڕیبەری تایوان، کە بەڕێوەبەرایەتیەکەی سەرۆک ئۆباما هۆشداری دا دەشێ ببێتە هۆی بنکۆڵکردنی پێشکەوتنەکانی پەیوەندییەکان لەگەڵ چیندا.

بەیاننامەکەی گوتەبێژی کۆشکی سپی ئەو نیگەرانییانەی خستەڕوو کە بەهۆی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ترامپەوە لەگەڵ سەرۆکی تایوان سای ئینگوین لە ڕۆژی هەینییەوە هاتۆتە ئاراوە و ناڕەزایی لەلایەن بێژینگەوە لێ کەوتەوە.

گوتەبێژی کۆشکی سپی جاش ئێرنست ڕایگەیاند کاربەدەستانی باڵای ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە ڕۆژانی شەممەو یەکشەممەدا دوو جار قسەیان لەگەڵ چینییەکاندا کردووە تا دڵنیایان بکەنەوە لەسەر وابەستەبوونی واشنتۆن بە ڕێبازی یەک وڵاتی چینەوە.

ئێرنست گوتیشی ئەو ڕێبازە 40 ساڵە هەیە و سەنگی دەخاتە سەر پەرەپێدانی هێشتنەوەی ئاشتی و سەقەمگیری لەو ناوچەیە کە لە بەرژەوەندی ئەمەریکا دەبێت. گوتیشی ئەگەر سەرۆکی هەڵبژێردراو خواستێکی جیاوازی هەیە، ئەو دەهێڵمەوە بۆ خۆیان کە شی بکەنەوە.

هەروەها ڕایشی گەیاند ئەم مەسەلەیە مەسەلەیەکی هەستیارە و دەشێ ببێتە هۆی بن کۆڵکردنی هەندێک لەو هەوڵانەمان کە چەند ساڵە داومانە بۆ لە باش کردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ چیندا.

جێگری سەرۆکی هەڵبژێردراو مایک پێنس لە ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند ئەو پەیوەندییە شتێکی ئاسایی بووە و هیچ هەوڵێک نییە بۆ گۆڕانی ڕێبازی ئەمەریکا لەسەر چین.

XS
SM
MD
LG