Accessibility links

پەیوەندی تەلەفۆنی ترامپ لەگەڵ سەرۆکی تایوان کاردانەوەی چینی لێدەکەوێتەوە


چین ڕۆژی شەممە ناڕەزایی دەربڕی بەرامبەر بەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی کە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ کردی بۆ سەرۆکی تایوان.

وەزارەتی دەرەوەی چین لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " ئێمە لەم بارەیەوە ناڕەزایی خۆمان گەیاندۆتە ئەمەریکا، دەبێت ئاماژە بەوە بکرێت کە تەنها یەک چین لە جیهاندا هەیە. تایوان بەشێکی جیانەکراوەیە لە ناوچەی چین."

بە پیوەندی کردن بە سەرۆکی تایوان سای ئینگ-وین ەوە ترامپ پرۆتۆکۆڵی دیپلۆماسی 40 ساڵەی وەلاوە نا. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ساڵی 1979 پەیوەندی دیپلۆماتیکی لەگەڵ تایوان بچڕاند.

وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند هیوادارە ئەو پەیوەندیە تەلەفۆنییە کار نەکاتە سەر پەیوەندییەکانی نێوان بێجینگ و واشنتۆن.

وەزیری دەرەوەی چین ئەو پەیوەندییەی بە فرتوفێڵێکی بچووکی تایوان لەقەڵەمداوە.

چین دەڵێت تایوان بەشێکە لە خاکی چین و هەرگیز بەکارهێنانی هێزی لەشکری بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو دورگەیە ڕەت نەکردۆتەوە.

ڕۆژی هەینی ترامپ ڕەخنەیەکی زۆری لێگیرا بەهۆی تەلەفۆن کردنی بۆ ڕێبەری تایوان، بەڵام لە وەڵامێکدا بۆ ڕەخنەگرانی لە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی " سەرۆکی تایوان ئەمڕۆ تەلەفۆنی بۆ کردم بۆ پیرۆزبایی کردن لێم بەبۆنەی سەرکەوتنم بۆ سەرۆکایەتی."

پاشان هەر لە تویتەر نوسیبوی " شتێکی سەیرە کە ئەمەریکا بەبڕی ملیارها دۆلار کەرەستەی لەشکری دەفرۆشێت بە تایوان بەڵام من نابێت تەلەفۆنی پیرۆزبایی وەربگرم."

XS
SM
MD
LG