ڕێکخراوێکی چاودێری ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند سەدان کەس لە حەلەبی سوریا هەڵاتوون بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت لە کاتێکدا هێزەکانی سەر بە حکومەت هێرشەکانیان زیاد دەکەن بۆ سەر گەڕەکەکانی ژێر دەستی ئۆپزسیۆن.
ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی سوریایی بنکە لە بەریتانیا دەڵیت نزیکەی 400 کەس پەنایان بردووە بۆ گەڕەکی مەساکن حەنانۆ، کە لە ڕۆژی شەممە لەلایەن هێزەکانی سەر بە حکومەتەوە دەستی بەسەردا گیرا. ئەمش بێجگە لەو 30 خێزانەی کە هەڵاتون بۆ شێخ مەقسود کە لە ژێر دەستی کوردەکانە.
میدیای دەوڵەتی سوریاش دەڵێت سەدان خێزان ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی سەرهەڵداوانیان چۆڵ کردووە.
تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی سوریا ڕۆژی شەممە گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو کردۆتەوە کە تیایدا نیشان دەدات سەربازێک بە گریانەوە باوەش بە خێزانەکەیدا دەکات بە پێی ڕاپۆرتەکە پاش نزیکەی 5 ساڵ بە ئەندامانی خێزانەکی شاد بۆتەوە. ڕاپۆتەکە دەشڵێت خێزانەکەی لە مەساکن حەنانۆ گیریان خواردبوو.
بەر لە شەڕی ناوخۆی سوریا شاری حەلەب گەورەترین شار و پایتەختی بازرگانی سوریا بوو بەڵام ئێستا گەڕەکەکانی وێران بوون بەهۆی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتەوە.