هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی کۆچی دوایی سەرۆکی پێشوی کوبا فدڵ کسترۆ کاردانەوەکان دەستیپێکرد.
ماوەیەکی کورت پاش ئەوەی کە حکومەتی کوبا مردنی کاسترۆی ڕاگەیاند، کوباییە دوورە وڵاتەکان لە شاری مەیامی فلۆریدا، ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ خۆشحاڵی دەربڕین. ژمارەیەکیان ئاڵای کوبایان لە خۆیان ئاڵاندبوو، هەندێکیان لە خۆشیا سەمایان دەکرد هەندێکیان بڕوایان نەدەکرد ئەو ڕۆژەی کە لەمێژە چاوەڕوانین هاتۆتە دی.
کارلۆس لۆپێز بە ڕۆژنامەی مەیامی هیرالدی ڕاگەیاندووە " ئێمە لێرە نین بۆ خۆشحاڵی دەربڕین بەرامبەر مەرگی پیاوێک، بەڵکو ئێمە خۆشحاڵی دەردەبڕین بۆ مەرگی ئایدۆلۆژیایەک، ئێمە خۆشحاڵین بەو بەشە کەمە ئازادییەی ئەمڕۆ هاتە دی."
ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا و نوێنەری 27 هەمین ناوچەی فلۆریدا ئیلینا ڕۆسلێنتێن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " ئەو ڕۆژەی کە خەڵکی لە ناو و دەرەوەی ئەو دورگەیە چاوەڕوانی بوون هاتە دی: تاکڕەوێک مرد و دەستپێکی نوێ دەشێت دوا پاشماوەکانی پیشتیوانانی کۆمۆنیست لە ڕۆژئاوای نیوەگۆی زەوی لە ناو ببات."
کاردانەوەکان لە ناو کوباش جۆراو جۆر بوو. ژمارەیەک خەڵکی خەمبارن و پرسە دەگێڕن.
کاردانەوەی ڕێبەرانی جیهان
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووکی نوسیویەتی " فیدڵ کاسترۆ کۆچی دوایی کرد".
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بان کی موون لە میانەی وتارێکیدا لە کۆنفراسێکی لە تورکمانستان پشتیوانی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ گەلی کوبا دەربڕی. بان کی موون گوتی " لە ژێر سایەی سەرۆکی پێشوو کاسترۆ، کوبا پێشوەچوونی لە بوارەکانی پەروەردە، ڕوشنبیری و تەندروستیدا کرد. هیوادارم کوبا بەردەوام بێت لە بەرەوپێشچوون لە بواری ڕیفۆرم و خۆشگوزەرانی زیاتر."
نیکۆلاس مادورۆی سەرۆکی ڤێنزوێلا ڕایگەیاد کە لەگەڵ ڕاول کاسترۆی برای فیدڵ کاسترۆدا قسەی کردووە و هاوخەمی خۆی بۆ کوباییەکان دەربڕیوە.
سەرۆکی ئیسپانیا ماریانۆ برای هاوخەمی خۆی لەگەڵ گەلی کوبا دەربڕی و کاسترۆی بە کەسایەتییەکی مێژووی لەقەڵەم دا.
سەرۆک وەزیری هندستان نارێندرا مودیش کاسترۆی وەکو یەکێک لە کەسایەتییە هەرە بەناوبانگەکانی سەدەی 20هەم لەقەڵەم دا. و لە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەری نوسیویەتی " هندستان پرسە بۆ مەرگی هاوڕێیەکی باشی دەگێڕێت".
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بۆریس جۆنسن لە سەر تویتەر دەڵێت " مەرگی کاسترۆ دەبێتە کۆتایی قۆناغێک بۆ کوبا و دەستپێکێکی نوێ بۆ گەلی کوبا".
سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا یێن کلاود یۆنکەر ڕایگەیاند" جیهان پیاوێکی لەدەست دا کە بۆ زۆر کەس قارەمانێک بوو... مێژوو بڕیار لەسەر میراتی سیاسی ئەو کابرایە دەدات".
سەرۆکی مەکسیک ئینرێکێ پێنا نیتۆ لە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دەڵێت " بۆ مەرگی فیدل کاسترۆ روز دەگریەم، ڕێبەری شۆڕشی کوبا و کەسایەتی سەدەی بیستهەم".
سەرۆکی فەرەنسا فرانسوا ئۆلاندیش کاسترۆی بە کەسایەتییەکی بەناوبانگی سەدەی بیستهەم لە قەڵەم دا.
سەرۆکی ڕوسیا ڤلادمێر پوتنیش پەسەنی کاسترۆی داو گوتی سیمبولی سەردەمێک بوو.