Accessibility links

وه‌زیرى كۆچ و كۆچبه‌رانى عێراق: له‌سه‌ره‌تاى شه‌رى داعشه‌وه‌ 3 ملیۆن و 700 هه‌زار كه‌س ئاواره‌بوون


وه‌زیرى كۆچ و كۆچبه‌رانى عێراق: له‌سه‌ره‌تاى شه‌رى داعشه‌وه‌ 3 ملیۆن و 700 هه‌زار كه‌س ئاواره‌بوون

له‌سه‌ره‌تاى ده‌ركه‌وتنى داعش له‌ عێراق له‌ ساڵى 2014 ه‌وه‌ تا ئێستا ، 3 ملیۆن و 770 هه‌زار كه‌س له‌ عێراق ئاواره‌ بوون و ماڵ و حاڵیان به‌جێهێشتووه‌ ، به‌ڵام زیاتر له‌ نیوه‌ى ئه‌و ژماره‌یه‌ گه‌راونه‌ته‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانیان و به‌هۆى شه‌رِى موسڵیشه‌وه‌ ئاواره‌بوون به‌رده‌وامه‌.

دكتۆر ده‌رباز محه‌مه‌د وه‌زیرى كۆچ و كۆچبه‌رانى حكومه‌تى عێراق ، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى راگه‌یاند"رۆژانه‌ له‌موسڵ نزیكه‌ى 2 هه‌زار كه‌س ئاواره‌ ده‌بن ، له‌كاتێكدا هێشتا شه‌رِ نه‌گه‌یشتوه‌ته‌ ناو جه‌رگه‌ى شاره‌كه‌ بۆیه‌ چاوه‌روانى ئاواره‌ بوونى زیاتر ده‌كرێت."

وتیشى"ته‌نها له‌ماوه‌ى مانگى رابردوودا 63 هه‌زار كه‌س له‌ موسڵ و ده‌وروبه‌رى ئاواره‌ بوون."

ئاواره‌بوونى ده‌یان هه‌زار دانیشتوى شارى موسڵ و ده‌وروبه‌رى به‌هۆى شه‌رِى داعشه‌وه‌ ، له‌كاتێكدایه‌ هێشتا به‌هه‌زاران ئاواره‌ى پارێزگاكانى سه‌ڵاحه‌دین و دیاله‌ دوور له‌ ماڵ و حاڵیان ژیان ده‌گوزه‌رێنن ، هه‌رچه‌نده‌ ناوچه‌كانیان له‌لایه‌ن هێزه‌ عێراقیه‌كانه‌وه‌ ئازادكراون.

ده‌رباره‌ى هۆكارى رێگه‌نه‌دان به‌ ئاواره‌كان بۆ گه‌رانه‌وه‌یان بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵیان ، وه‌زیرى كۆچ و كۆچبه‌رانى عێراق وتى"سونه‌كان هۆكارى نه‌گه‌رانه‌وه‌ى ئاواره‌كان بۆ كێشه‌ى تایه‌فى و شیعه‌كانیش بۆ مه‌سه‌له‌ى ئه‌منى ده‌گێرنه‌وه‌ و هه‌ردوولاشیان پاساوى خۆیان هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ ناوچه‌كانیان هه‌رچه‌نده‌ ئازادكراوه‌ به‌ڵام گرفتى ئه‌منى یان تێدایه‌."

ئه‌و خێزانانه‌ى كه‌ به‌هۆى شه‌رِى داعشه‌وه‌ له‌ عێراق ئاواره‌ بوون له‌كاتى گه‌رانه‌وه‌شیاندا رِووبه‌رِووى كێشه‌و گرفت ده‌بنه‌وه‌ ، به‌و پێیه‌ى به‌هۆى شه‌رِى نێوان داعش و هێزه‌ عێراقیه‌كان و بۆردومانى فرۆكه‌وه‌ ماڵه‌كانیان به‌ته‌واوه‌تى رووخاون و وێرانه‌ بوون.

XS
SM
MD
LG