Accessibility links

بومەلەرزەیەکی بەهێز لە نیوزیلاند ڕوودەدات


بومەلەرزەیەکی بەهێز لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە لە دورگەیەکی باشوری نویزلاندی دا، خەڵکی لە خەو ڕاچلەکان، زیانی گەیاند بە باڵەخانەکان و دەزگاکانی فریاکەوتن خەڵکییان لە کەنارەکان ئاگادار کردەوە کە بچن بۆ ناوچەیەکی بەرزتر تا سونامی کاریان تێنەکات.

گوڕی بومەلەرزەکە 7.8 بوو لە سەر پێوانەی ڕێختەر کە پاش نیوەشەو ڕوویدا و لە زۆربەی ناوچەکانی نزیک شاری کریستچەرچ هەستی پێکرا بەڵام بە زۆری لە ویڵینگتۆنی پایتەخت هەستی پێکرابوو.

دانیشتوان دەڵێن لەرینەوەکە نزیکەی بۆ سێ خولەک بەردەوام بوو و پاش ئەوەش چەندین وردە بومەلەرزەی تر ڕوویدا.

بەهۆی ئەو بومەلەرزەیە بۆ ماوەیەکی کاتیی هێڵی پۆلیسی فریاکەوتنی نیوزیلاند لەکارکەوت. لە شوێنەکانی نزیک ناوەندی بومەلەرزەکە چەند پردێکی هاوتوچۆ ڕووخاون و پەنجەرەی باڵەخانەکان شکاون و سەدان گەشتیار کەوتوونەتە سەر شەقامەکان لە کاتێکدا کە ئوتێلەکان چۆڵ کران.

ڕۆژی دووشەممە کاربەدەستان داوایان لە دانیشتوانی ویلینگتۆن کرد ئەوانەی کە لە ناوەندی شارەکە کاردەکەن لە ماڵەکانی خۆیان بمێننەوەو نەچن بۆ کار بەهۆی ئەوەی ژمارەیەک لە باڵەخانەکان زیانیان لێ کەوتووەو مەترسی ڕووخانیان هەبوو. چەند کاتژمێرێک پاش ڕووداوەکەش هیچ ڕاپۆرتێک لەسەر زیانی گیانی نەدراوە.

XS
SM
MD
LG