Accessibility links

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ: هێزە کوردەکان پاش شەڕەکانی داعش ماڵە عەرەبەکانیان وێران کردووە


ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ڕاپۆرتێکی بڵاو کردۆتەوە کە تیایدا دەڵێت هێزەکانی ئاسایشی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی نایاسایی ژمارەیەکی زۆری ماڵی عەرەبەکان و لە هەنێک باردا تەواوی گوندەکانیان لەو ناوچانەی کە لە دەستی دەوڵەتی ئیسلامی ڕزگار کراوە وێران کردووە.

لەو ڕاپۆرتە 80 پەڕەییەدا باس لە وێران کردنی ماڵەکان دەکرێت لە نێوان مانگی 9 ی ساڵی 2014 هەتا مانگی 5 ی 2015 لە ناوچە مشتومڕ لەسەرەکانی کەرکوک و نەینەوا، کە بە شێوەیەکی فەرمی ئەو ناوچانە بەشێکن لە حکومەتی ناوەندی عێراق بەڵام لە ڕووی دەسەڵاتەوە لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانن. ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لەو وێرانکارییانەی کە پاش ئەوەی هێزەکانی پیشمەرگە داعشیان لە ناوچەکان دەرکردووە هاتۆتە کایا، تەنها ماڵە عەرەبەکان کراون بە ئامانج و هیچ لە ماڵە کوردەکان نەکراوە. ڕێبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێن ئەوانە ناوچەت مێژوویی کوردەکانە و هەوڵ دەدەن بیخەنە سەر هەرێمی کوردستان.

ڕێکخراوەکە چەند دۆسێیەکی تریشی خستۆتە ڕوو کە بە شێوەیەکی نایاسایی چەنیدن خانوبەرە لە کۆتایی مانگی 10 ی ساڵی 2016 وێران کراون.

جۆ ستۆرک جێگری بەڕێوەبەری ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت " لە گوند لە دوای گوندی کەرکوک و نەینەوا، هێزەکانی ئاسایشی حکومەتی هەرێمی کوردستان ماڵە عەربەکانیان وێران کردووە،کە هیچ هۆکارێکی شەرعی لەشکری تێدا نەبووە بەڵام دەستیان لەوانە نەداوە کە هی کوردەکانن." جۆ دەشڵێت ئامانجی سیاسی ڕێبەرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەوایی نادات بە وێران کردنی ماڵەکان بە شێوەیەکی نایاسایی.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ داوا دەکات لە کاتێکدا هێزەکانی پێشمەرگە داعش لە گوندەکانی دەوروبەری موسل دەردەکەن، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئەندامانی تری هێزی هاوپەیمانان بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکا پێویستە سور بن لەسەر ئەوەی کە ڕێبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەفسەرانی پێشمەرگە کۆتایی بەم هێرشە نایاساییانەیان بهێنن.

لەو ڕاپۆرتەی کە ڕۆژی یەکشەممە لەسەر ماڵپەڕی فەرمی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ بڵاو کراوەتەوەوە چەندین وێنەش دانراوە وەکو بەڵگە کە بەراوردی ناوچەکان دەکات پێش ڕووداوەکان و پاش ڕووداوەکان.

XS
SM
MD
LG