Accessibility links

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردسـتان نامەی پـیرۆزبایی بۆ دۆناڵد ترەمپ دەنێرێت

  • VOA News

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردسـتانی عێراق نامەیەکی پـیرۆزبایی بۆ دۆناڵد ترەمپ ناردوو بەبۆنەی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا.

ئەمەش دەقی نامەکە

بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرکۆماری داهاتووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بە ناوی خۆم و حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، پیرۆزبایی لە بەڕێز دۆناڵد ترەمپ دەکەم و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم.

ئەم هەڵبژاردنەی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە کاتێکدایە کە ئێمە سەرقاڵی ئۆپەراسیۆنێکی فراوانین لە مووسڵ و دەوروبەری بۆ بنەبڕکردنی تیرۆرستانی داعش. خەڵکی هەرێمی کوردستانیش ئاگاداری ئەوەن کە پێشتر بەڕێز ترەمپ لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا پشتیوانیی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان و پیشمەرگە دووپات کردبووەوە و بە پەرۆشەوە چاوەڕێی جێبەجێکردنی ئەو پشتیوانییە دەکەن.

هاوپەیمانییەکی بەهێز لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و توندڕەوی، لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستاندا هەیە و هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ هەر کار و ئەرکێکی هاوبەش لەگەڵ ئەو هاوپەیمانە ئەنجامی بدات. لەمبارەیەشەوە بەپەرۆشەوە پێشوازی لە سەردانی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان لە داهاتوو دا دەکەین.

XS
SM
MD
LG