Accessibility links

لە یەکەم 8 مانگی 2016دا هێزەکانی ئەفغانستان نزیکەی 15 هەزار قوربانیان داوە


ئاژانسێکی چاودێری حکومەتی ئەمەریکا ڕادەگەیەنێت هێزەکانی ئاسایشی ئەفغانستان کە شەڕی یاخیبوانی تالیبان دەکەن لە ماوەی یەکەم هەشت مانگی ساڵی 2016 دا نزیکەی 15 هەزار قوربانیان داوە لەوانە 5،523 یان گیانیان لەدەست داوە.

ئاژانسەکە هۆشداری زیاد بوونه ئەو ژمارەیەشی داوە لەو وڵاتە بەشەڕ وێران بووەدا.

دەزگای لێکۆلینەوەی تایبەتی بۆ بونیادنانەوەی ئەفغانستان ناسراو بە SIGAR لە ڕاپۆرتی سێ مانگەیدا کە لە ڕۆژی یەکشەممە بڵاو کرایەوە ئاماژە بەوە دەکات کە حکومەتی ئەفغانستان لە سەدا 2.2 ی کۆنترۆڵی ناوچەیی لە شەڕەکانی ئەمساڵدا لەدەستداوە.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت " لە 407 ناوچەی ئەفغانستاندا 258ی لە ژێر کۆنترۆلی حکومەت یان کاریگەری حکومەتدا بوو 33 ناوچە لەژێر دەسەڵات یان کاریگەری یاخیبواندایە و 116 ناوچەش کێشەی لەسەرە."

لە 1 ی مانگی 1 ی 2015 وە هەتا 19 ی مانگی 8 ی 2016 101 هێرش لە ناوخۆی کراوە کە تیایدا ئەندامی هێزی بەرگری و ئاسایشی ئەفغانستان هێرشیان کردۆتە سەر هاوکارەکانیان و 257 کەس لەو هێرشانەدا کوژراون و 125 ی تریش بریندار بوون.

تالیبان شەڕەکان و هێرشەکانی تری لە مانگی هەشتەوە زیاد کردووە و نزیک تر بۆتەوە لە کۆنترۆڵ کردنی شاری کوندوزی باکوری وڵاتەکەو پایتەختی هەرێمی هیلماند.

یاخیبوان بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچە دووردەستەکان و نێوەندەکانی چەند پایتەختێکی هەرێمی و زیانێکی زۆریان بە هێزەکانی ئەفغانستان گەیاندووە.

بەهۆی ڕووداوەکانی پەیوەست بە شەڕوپێکدادانەوە زیاتر لە 8 هەزار کەسی سڤیل لە ئەفغانستان بوون بە قوربانی لە ناویاندا زیاتر لە 2500 یان کوژراون لە یەکەم 9 مانگی ساڵی 2016دا.

SIGAR ڕادەگەیەنێت وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەلایەنی کەم 1 ملیار دۆلار تەرخان دەکات بۆ پرۆژەکانی کە بە مەبەستی باشترکردنی ژیانی ژنانی ئەفغانستان دادەنرێن وەکو پشتیوانی کرد لە یەکسانی دەستڕاگەیشتن بە خوێندن و یەکسانی نوێنەرایەتی کردن لە حکومەتدا.

15 ساڵ پاش ئەوەی ئەمەریکا ڕژێمی تالیبانی ڕووخاند ئەفغانستان هێشتا بە خراپترین شوێن لە جیهاندا بۆ ژنان دادەنرێت.

XS
SM
MD
LG