Accessibility links

عەمید سەرحەد قادر: تا ئێستا 96 چەكدارى داعش كوژراون و 8 چەكداریشیان خۆیان تەقاندوەتەوە هەندێكیشیان دیارنین


لەو چەكدارانەى داعش كە هەفتەى ڕابردوو دزەیانكردبووە نێو شارى كەركوك تا ئێستا زیاتر لە 100 كەسیان لێكوژراوە و خۆیان تەقاندوەتەوە ، گومانیش دەكرێت ژمارەیەكیان لەنێو ئەو شارەدا مابێتنەوە و خۆیان حەشاردابێت.

عەمید سمكۆ مەحمود وتەبێژى ئاسایشى كەركوكى یەكێتى، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"ئەو چەكدارانەى داعش كە دزەیانكردە نێو كەركوك تائێستا سەروى 90 كەسیان لێكوژراوە."

هەرچەندە لەئێستادا بارودۆخى شارى كەركوك لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە كۆنترۆڵكراوە ، بەڵام پۆلیس لەسەر بەشێك لەباڵەخانە بەرزەكان جێگیركراون بۆ رێگرى كردن لەهەر هەوڵێكى ئەو چەكدارانەى كە گومان دەكرێت لەنێو شاردا مابن.

عەمید سەرحەد قادر بەرێوەبەرى پۆلیسى قەزاو ناحیەكانى كەركوك ، ژمارەى ئەو چەكدارانەى داعشى ئاشكرا كرد كە كوژراون و خۆیان تەقاندوەتەوە، وتى"تائێستا 96 چەكدارى داعش كوژراون و 8 چەكداریشیان خۆیان تەقاندوەتەوە ، گومانیش دەكرێت ژمارەیەكیان مابێتنەوە و خۆیان حەشاردا بێت ، تائێستاش نازانرێ‌ ئەوانەى ماونەتەوە لەنێو كەركوكدان یان بەو رێگەیەى پێشتر لێوەى هاتوون گەراونەتەوە بۆ حەویجە."

بەرێوەبەرى پۆلیسى قەزاو ناحیەكانى كەركوك، ئاماژەى بەوەشكرد ئەمرۆ شەمە ئۆپەراسیۆنێكیان بۆ سنورى ناوچەى دبس ى رۆژ ئاواى كەركوك دەستپێكردووە، بۆ دەستگیركردنى ئەو تۆمەتبارانەى هاوكارى چەكدارەكانى داعشیان كردووە.

رۆژى 21 ى ئەم مانگە زیاتر لە 120 چەكدارى داعش كە لەسنورى حەویجەوە نێردرابوون ، دزەیانكردە نێو شارى كەركوك و دواى 3 رۆژ پێكدادان لەگەڵ هێزەكانى پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەكان ئینجا رەوشى شارەكە كۆنترۆڵكرا.

XS
SM
MD
LG