Accessibility links

وردەکارى دەستگیرکردنى خاڵۆزاکەى سەدام حسێن لە سنورى داقوق ى کەرکوک


هێزە ئەمنیەکانى کەرکوک کەسێکیان لەنێو تانکەیەکى ئاودا لەسنورى قەزاى داقوق ى باشورى کەرکوک دەستگیرکرد ، کە لەکاتى لێکۆڵینەوەدا دانى ناوە بەوەى خاڵۆزاى سەدام حسێن ى سەرۆک ى پێشووى عێراق بووە و بەشدارى لە هێرشەکەى رۆژى هەینى رابردووى داعش دا بۆ سەر کەرکوک کردووە.

عەمید کاوە غەریب فەرماندەى پۆلیسى داقوق کەبەشدارى لەو ئۆپۆراسیۆنەدا کردووە کە تۆمەتبارەکەیان دەستگیرکردووە، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"دەستگیرکراوەکە ناوى نزار حمود عەبدولغەنى یە و خاڵۆزاى سەدام حسێن ى سەرۆک کۆمارى لەسەرکارلابراوى عێراقە ، لەکاتى دەستگیرکردنیان لەنێو تانکەیەکى ئاودا خۆى شاردووەتەوە."

وتیشى"کاتێک دەستگیرکراوە چوار کلاشینکۆف و زیاتر لە هەزار فیشەک و کۆمەڵێک گولـلە نەبڕى پێبووە ، ئەو جێگەیەش کە لێى دەستگیرکراوە ماڵى هاوەڵزاوایەکى بووە."

جەختیشیکردەوە"رۆژى رووداوەکەى کەرکوک لەناو ئەو شارەدا بووە و دواتر بۆ سنورى داقوق هەڵاتووە."

بەپێى وتەى فەرماندەى پۆلیسى داقوق ، دەستگیرکراوەکە لەکاتى لێکۆڵینەوەدا دانى ناوە بەوەى خۆى و 9 براى لەناو داعشدا کاردەکەن و بەرپرسیارێتیان هەیە.

عەمید کاوە غەریب ، ئاماژەى بەوەشکرد دەستگیرکراوەکە پاسەوانى قوسەى کورى سەدام حسێن بووە و هاوسەرەکەشى لەخانەوادەى سەدام حسێنە، هەروەها وێنەیشیان دەستکەوتوو لەکاتى وەرگرتنى نیشانەى ئازایەتیدا کەسەدام پێیداوە.

دواى روداوەکەى رۆژى هەینى رابردووى کەرکوک پۆلیس و هێزە ئەمنیەکان ئۆپەراسیۆنێکى چر و فراوانیان لەدەوروبەرى کەرکوک دەستپێکردووە، دەستگیرکردنى نزار حەمودیش لەچوارچێوەى ئۆپەراسیۆنەکان دا بووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:38 0:00

XS
SM
MD
LG