Accessibility links

وەزیری بەرگری ئەمەریکا دەگاتە هەولێر


وەزیری بەرگری ئەمەیرکا ئاشتن کارتەر ڕۆژی یەکشەممە گەیشتە هەولێر بە مەبەستی ئەوەی لە نزیکەوە شەڕی دژ بە گروپی تیرۆرستی دەوڵەتی ئیسلامی لە باکوری عێراق هەڵبسەنگێنێت و وتووێژە لەگەڵ ڕێبەرە کوردەکاندا بکات.

کارتەر لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی و کاربەدەستانی ئەمەریکا کۆبۆوە کە ئەوانیش دوور نین لە شەڕەکەوە.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا ستایشی هەوڵەکانی هێزی پێشمەرگەی دا و ئاماژەی بە قوربانییەکانیان کرد.

کارتەر گوتی " ئەوان زۆر شەڕێکی باش دەکەن، بەڵام لەبەر ئەوەی شەڕێکی سەخت دەکەن، زیانی گیانیان هەیە."

وەزیری بەرگری ئەمەریکا ڕۆژی شەممە لە بەغدا بوو و لەوێشەوە زانیاری نوێی لەسەر شەڕەکە لە کاربەدەسانی لەشکریەوە وەردەگرت و لەگەڵ سەرۆک وەزیری عێراق حەیدەر ئەلعەبادی کۆبۆوە.

ژەنەڕاڵ هەڵگورد حیکمەت وتەبێژی هێزی پێشمەرگە ڕایگەیاند کە هەتا ئێستا لە ئۆپەراسیۆنی ئازاد کردنی موسڵدا 25 پێشمەرگە گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆرتریش بریندار بوون. گوتیشی پێشمەرگە پشتیوانییەکی باشی ئاسمانی هەبووە، بەڵام پێویستی بە سەرچاوەی زیاتری لەشکری هەیە بەتایبەتی زرێپۆش. ناوبراو گوتی زۆربەی پێشمەرگەکانی کە گیانیان بەخت کردووە بەهۆی ئەوە بووە کە لە نێو ئۆتۆمبێلی ئاساییدا بوون. و گوتی لە پاش زرێپۆش پێشمەرگە پێویستی بە کارمێری زیاتر هەیە بۆ دۆزینەوەی بۆمبی چێندراو.

هێزکانی پێشمەرگە لە باکوورەوە پێشڕەوییەکی باش دەکەن بەرەو موسڵ. زیاتر لە 100 سەربازی هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی ئەمەریکاش لەگەڵ سەرکردە کوردەکان و عێراقییەکان هاوکاری دەکەن.

XS
SM
MD
LG