Accessibility links

فەرماندەیەكى پێشمەرگە ئامانجى داعش لە هێرشكردنە سەر كەركوك ئاشكرا دەكات


فەرماندەیەكى هێزى پێشمەرگە پلانێكى گەورەى داعشى بۆ دەنگى ئەمەریكا ئاشكرا كرد ، كە بەپێى وتەى فەرماندەكە ناوەرۆكى پلانەكە هەوڵدانى ئەو رێكخراوە بووە بۆ كۆنترۆڵكردنى شارى كەركوك بەڵام پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەكان شكستیان بەپلانەكە هێناوە.

شوان حەمەغەریب فەرماندەى لیواى دووى هێزى پێشمەرگە ، ئاماژەى بەوەكرد ئەو پلانەى كە رۆژى هەینى داعش بۆ كەركوك دایرشتبوو ، هەمان ئەو پلانە بوو كە پێشتر لە موسڵ جێبەجێ‌ ى كرد و موسڵى پێ‌ كۆنترۆڵكرد ، وتى"پلانەكەى داعش بەو شێوەیە بوو كە چەكدارەكانى ناو كەركوك دۆخى ناو كەركوك بشڵەژێنن و هێزێكى زۆرى داعشیش لەدەوروبەرەوە هێرش بۆ سەر پێشمەرگە دەست پێبكەن."

بەپێى وتەى فەرماندەكەى پێشمەرگە، داعش پلانى یەكەمى جێبەجێ‌ كرد و پشێوى لەنێو شاردا دروستكرد ، بەڵام پلانى دووەمى كە ئەنجامدانى هێرش بوو لە سێ‌ قۆڵەوە شكستى پێهێنرا و فرۆكەكانى هاوپەیمانان ژمارەیەكى ئێجگار زۆرى لێكوشتن.

ژمارەى ئەو چەكدارانەى داعش كە لەناو كەركوك دا هەوڵى نانەوەى پشێویان دا تائێستا دیار نیە، بەڵام بەپێى وتەى بەرپرسە ئەمنیەكانى شارەكە ژمارەیان 35 بۆ 50 چەكداربووە.

فەرماندەیەكى باڵاى هێزى پێشمەرگە كەداوایكرد ناوى بڵاونەكرێتەوە، زانیارى لەبارەى چۆنیەتى دزەكردنى ئەو چەكدارانە بۆ ناو شارى كەركوك بۆ دەنگى ئەمەریكا ئاشكرا كرد ، وتى"چەكدارەكان سەرجەمیان لە حەویجەوە هاتبوون و لە سەنگەرەكانى پێشمەرگەوە دزەیانكردە ناو كەركوك."

رۆژى هەینى بەهۆى دزەكردنى چەكدارەكانى داعش بۆ ناو كەركوك پشێوى لەگەڕەكانى ئەسراو مەفقودین و دۆمیز و مەجیدیە دروستبوو ، بەهۆى ئەوەى كەچەكدارەكان رۆیشتبونە نێو باڵەخانەكان و بەقەناس تەقەیان لەپێشمەرگە و هێزە ئەمنیەكان دەكرد.

عەمید سەرحەد قادر بەرێوەبەرى پۆلیسى قەزاو ناحیەكانى كەركوك، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"ئێستا تەنها چەند چەكدارێك لەئەسراو مەفقودین ماوە و دۆخەكە كۆنترۆڵكراوە."

وتیشى"سەرلەبەیانى ئەمرۆ ژمارەیەك داعش هەوڵیاندا لەگەرەكى دۆمیزەوە بۆ گوندى زینانەى سەربەناحیەى لەیلان هەڵبێن بەڵام سەرجەمیان كوژران."

روداوەكانى دوێنێ‌ ى كەركوك ، مەسعود بارزانى سەرۆكى هەرێمى كوردستانى هێنایە سەرخەت و لەپەیامێكدا رایگەیاندا كە دەزگا ئەمنیەكانى سەرپشك كردووە بۆ كۆنترۆڵكردنەوەى دۆخەكە.

لاى خۆیەوە ئازاد جەبارى سەرۆكى لیژنەى ئەمنى لەئەنجومەنى پارێزگاى كەركوك، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"شەوى رابردوو فرۆكەكانى هاوپەیمانان چەند شوێنێكیان لەگەرەكى دۆمیز و تسعین بۆمبارانكردووە."

چاوەروان دەكرێت روداوەكانى هەینى كەركوك هەڵوێستى سیاسى كوردى بەرانبەر بە عەرەبى سونە بەدواوە بێت، بەو پێیەى كورد پێیوایە سونەكان هاوكارى داعشیان لە دزەكردنە نێو كەركوك كردووە.

دەقی ڕاپۆرتەکەی پەیامنێرامان دڵشاد ئەنوەر

XS
SM
MD
LG