Accessibility links

هێزەکانی حکومەتی سوریا گازی ژەهراوی بەکاردەهێنن


بە پێی ڕاپۆرتێکی نهێنی کە ڕۆژی هەینی خراوەتە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، لێکۆڵینەوەیەکی نێونەتەوەیی دەریدەخات هێزەکانی حکومەتی سوریا بۆ سێهەمین جار هێرشی گازی ژەهراوییان ئەنجام داوە.

چوارەمین ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەیەکی 13 مانگی کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاییەوە ئەنجام دراوە هێزەکانی حکومەتی سوریا بە بەکارهێنانی گازی ژەهراوی لە 16 ی مانگی 3 ی ساڵی 2015 لە ئیدلب تاوانبار دەکات.

سێهەمین ڕاپۆرتی ئەم لێکۆڵینەوەیە کە لە مانگی 8 بڵاو کرایەوە حکومەتی سوریای بۆ بەکارهێنانی هێرشی کلۆرین لە تەلمەناس لە 21 ی مانگی 4 ی 2014 و لە سارمین لە 16ی مانگی 3 ی 2015 تاوانبار کرد و گوتی چەکدارانی داعشیش گازی خەردەلیان بەکارهێناوە.

ئەم ئەنجامانە دووا تاقیکردنەوە دەبێت لە بەردەم پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەو خاوەن ڤیتۆکەی ئەنجومەنی ئاسایش، کە ڕەنگە ڕوسیا و چین دژ بە بڕیارەکانی ئەمەریکا، بەریتانیا و فەرەنسا بوەستن لەسەر ئەوەی چۆن تاوانبارەکە بەرپرسیار بکرێت.

دووابەدوای پێشکەشکردنی سێهەمین ڕاپۆرتی ئەو گروپە، ڕوسیا ڕایگەیاند دەرئەنجامەکە نابێت بۆ سەپاندنی سزا لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەکاربێت.

لەو ڕاپۆرتەی کە لە ڕۆژی هەینیدا پێشکەش کراوە هاتووە کە هێزەکانی حکومەتی سوریا هەلیکۆپتەریان بۆ هەڵدانی بۆمبی بەرمیلی بەکارهێناوە کە گازی کلۆرینی تێدا بووە. تیایدا هاتوشە کە ئەو هەلیکۆپتەرانە لە بنکەی جیاوازەوە ڕوانە کراون.

هەرچەندە ڕاپۆرتەکان نێوی ئەو کەسانەی تێدا نییە کە فەرمانیان بەو هەلیکۆپتەرانە داوە.

XS
SM
MD
LG