Accessibility links

تورکیا شەڕ دژ بە کوردی سوریا زیاد دەکات


تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە هێرشەکانی بۆ سەر چەکدارە کوردەکان لە باکوری سوریا زیاد کرد، هێرشەکانی بە فڕۆکەو تۆپخانەکان دەستپێکرد ئەمەش شەڕی دژ بە داعشی لەلایەن ئەنکەرەو واشنتۆن کە هەردوکیان هاوپەیمانی ناتۆن ئاڵۆز کرد.

هاوکات لەشکری سوریا لە شەڕی حەلەبدا توندوتیژییەکانی کەمترکردۆتەوە و داوا لە دانیشتوانی و سەرهەڵداوان دەکات کە ناوچە گەمارۆدراوەکانی شارەکە چۆڵ بکەن کە لە ژێر دەستی سەرهەڵداواندایە.

ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی تورکیا ئەنادۆڵۆ ڕادەگەیەنێت نزیکەی 200 ئەندامی یەپەگە لە پارێزگای حەلەبی سوریا کوژراون بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە.

سەرکردەیەکی باڵای یەپەگە پشتڕاستی هێرشەکەانی تورکیای کردەوە بەڵام گوتی لە 10 شەڕڤان زیاتر نەکوژراون.

هەروەکو چۆن لە عێراق کوردەکان لە پێشەنگی شەڕی دژ بە داعشدان بۆ گرتنەوەی شاری موسڵ، هەر بەوشێوەیەش کوردەکان لە سوریاش شەڕی دژ بە داعشیان کردووە و پێشکەوتنێکی زۆریان کردووە. ئەمەش بۆتە هۆی نیگەرانی تورکیا کە لەوڵاتەکەی خۆیدا گرفتی یاخیبوونی کوردەکانی هەیە و هەوڵ دەدات ڕێگابگرێت لە فراوانبوونی کاریگەری کورد لە سوریا.

سەرکردەی باڵای یەپەگە مەحمود بەرخۆدان بە ڕێگای تەلەفۆن لە ناوچەکەوە بە ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتدی ڕاگەیاندووە " ئێمە نا کشێینەوە، ئێمە شەڕی داعش دەکەین جا ئەوان بۆچی هێرش دەکەنە سەر ئێمە؟". بەرخۆدان تورکیای تاوانبار کرد بەوەی کە یارمەتی داعش دەدات بەوەی کە هەوڵ دەدات شەڕەکە بکات بە شەڕی کورد و تورک.

تۆپخانەکانی تورکیا ناوچەیەکی نزیک عەرفینیشیان بۆردومان کردبوو.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی سوریایی بنکە لە بەریتانیا دەڵێت بەلایەنی کەم 14 شەڕڤانی کورد کوژراون و 4 یش بێسەروشوێنن.

هێزە کوردەکانی سوریا بوون بە سەرچاوەیەکی ئاڵۆزی لە نێوان تورکیا و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. ئەمەریکا لەو بڕوایەدایە یەپەگە کاریگەرترین هێزە کە دژی داعش لە سوریا شەڕ دەکات. تورکیاش بە بەشێکیان دادەنێت لە پەکەکە کە بە ڕێکخراوێکی تیرۆرستی دادەنێت.

کاربەدەستێکی بەرگری لە واشنتۆن ڕایگەیاند ئەو هێزە کوردییەی کە تورکا ڕۆژی چوارشەممە هێرشی کردۆتە سەریان لە نێو ئەو گروپە نین کە هێزەکانی ئەمەریکا هاوکارییان دەکات بۆیە هیچ سەربازێکی ئەمەریکایی لەگەڵیاندا نەبووە لە کاتی هێرشەکەدا.

هەرچەندە کاربەدەستەکە ڕۆژی پێنجشەممە ڕایشیگەیاند، لەبەر ئەوەی ئەو کوردانەی کە هێرش کراوەتە سەریان پەیوەندییان بە ئەو شەڕڤانانەوە هەیە کە ئەمەریکا هاوکاریان دەکات، هێرشەکەی تورکیا گرفت بووە بۆ ئەو کوردانەی کە ئەمەریکا پشتیوانیان لێ دەکات. ئەو کاربەدەستە بە مەرجێک قسەی کرد کە ناوی ئاشکرا نەکرێت.

XS
SM
MD
LG