چەکدارانی ئۆپزسیۆنی سوریا بە پشتیوانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ڕۆژی شەممە هێرشێکیان ئەنجامدا لە هەوڵێکدا بۆ گرتنەوەی شارۆچکەی دابق لە دەستی داعش، کە کاریگەرییەکی گەورەی هەیە بەسەر ئایدۆلۆژیا و پروپاگەندەکانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆرستییە.
ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی بنکە لە بەریتانیا ڕایگەیاند بە تۆپبارانێکی زۆر دەستیپێکرد. ڕایشیگەیاند چەکدارەکانی ئۆپزسیۆنی کە تورکیا پشتیوانیان لێ دەکات سێ گوندی نزیکیان کۆنترۆڵ کردووە و دەوروبەری دابقیان گرتووە و هەمو ڕێگاکانیان بۆ ناو دابق داخستووە.
شایانی باسە تورکیا لە مانگی 8 هێزی ناردە باکوری سوریاوە بۆ هاوکاری کردنی هێزەکانی ئۆپزسیۆن دژ بە داعش و هەروەها ڕێگاگرتن لە پێشوەچوونی زیاتری هێزە کوردییەکان کە ئەمەریکا پشتیوانیان لێ دەکات و ئەنکەرە بە بەشێکیان دەزانێت لە پەکەکە.