Accessibility links

واشنتۆن و مۆسکۆ لە سویسرا لەسەر مەسەلەی سوریا کۆدەبنەوە


دیپلۆماتی باڵای ئەمەریکا و هاوشانە ڕوسییەکەی ڕۆژی شەممە لە سویسرا کۆدەبنەوە لە هەوڵێکدا بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنێک کە پرۆسەی ئاشتی لە سوریا ڕزگار بکات.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جۆن کیری و وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سەرگێ لاڤرۆڤ لە لۆزان کۆدەنبەوە و لەوێ هەوڵ دەدەن کۆتایی بە هێرشەکان بۆ سەر شاری حەلەبی سوریا بهێنن کە لەلایەن هێزەکانی حکومەت و فڕۆکە جەنگییەکانی ڕوسیاوە بۆردومان دەکرێت. هەرچەندە لاڤرۆڤ لە ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند لەوبڕوایەدا نییە کە ئەم وتووێژانە هیچ بەرهەمێکی هەبێت.

ڕێکخراوە خێرخوازە بەناوبانەکانی جیهان ڕۆژی شەممە داوایان کرد ئاگربەستێکی 72 کاتژمێری بۆ ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی حەلەب ئەنجام بدرێت تا ڕێگا بدرێت کە نەخۆشەکان و بریندارەکان دەربکرێن و خۆراک و دەرمانیش بگاتە ئەو ناوچە گەمارۆدراوە.

سەدان هەزار کەسی سیڤیل لە ناو حەلەب گیریان خواردووە، لە کاتێکدا ئەو شوێنە بۆتە ناوچەی سەرەکی شەڕی پێنج ساڵەی ناوخۆی سوریا. سەرهەڵداوان ڕۆژهەڵاتی حەلەبیان لە دەستدایە لە کاتێکدا لەشکری سوریا بەشەکەی تری شارەکەی کۆنترۆڵ کردووە.

ئەمەریکا و هاوپەیمانانی ڕۆژئاوای ڕوسیا و سوریای هاوپەیمانی بە بۆردومان کردنی نەخۆشخانەکان و شاندەکانی نتەوە یەکگرتووەکان لە سەرانسەری حەلەب تاوانبار دەکەن. بەڵام سوریا و ڕوسیاش دەڵێن ئەوان تەنها هێرش دەکەنە سەر ملیتانەکان.

ڕوسیا نکوڵی لەوە دەکات کە هێرش بکاتە سەر سڤیلەکان و دەڵێت تەنها تیرۆرستان دەکاتە ئامانج ئەمەش ئەو تێرمەیە کە ڕوسیاو و سوریا بۆ ئۆپۆزسیۆنی بەکار دەهێنن، ئەو ئۆپۆزسیۆنەی کە هەوڵی ڕوخانی ڕژێمەکەی ئەسەد دەدەن.

سەرۆکی ئەمەریکا باراک ئۆباما ڕۆژی هەینی لەگەڵ دەستەی ئاسایشی نشتیمانیدا کۆبۆوە بۆ تاوتوێکردنی ڕەشی سوریا. کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هەرچەندە وتووێژە دوولایەنەکان لەگەڵ ڕوسیا ڕاگیراوە بەڵام پێویستە وتووێژی فرەلایەنە لەگەڵ وڵاتە سەرەکییەکاندا بکرێت بۆ ئەوەی هەمو لایەنەکان هان بدرێن تا پشتیوانی لەوە بکەن توندوتیژییەکان ڕابگیرێن.

وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، عەرەبستانی سعودیە، قەتەر، ئێران و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریاش بەشداری لەو کۆبونەوەیەی سویسرا دەکەن.

XS
SM
MD
LG