Accessibility links

دەنگدەرانی کۆلۆمبیا ڕێککەوتنی ئاشتی ڕەت دەکەنەوە


ڕێبەرانی سیاسی لە کۆلۆمبیا بۆ ڕێگاچارەیەکیی تر دەگەڕێن پاش ئەوەی کە دەنگدەران بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو ڕێککەوتنێکی ئاشتیان لەگەڵ سەرهەڵداوانی چەپڕەوی FARC ڕەتکردەوە کە دەرفەتێک بوو بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی 52 ساڵەی وڵاتەکە.

سەرۆک خوان مانوێل سانتۆس بڕیارە لەگەڵ هەمو پارتە سیاسییەکانی وڵاتەکەدا کۆببێتەوە و فەرمانی داوە بە وتووێژکارەکانی خۆی بگەڕێنەوە بۆ هەڤانا کە لەوێ وتووێژی ئاشتی چوارساڵی ئەنجام درا.

دەنگدەران لە کۆلۆمبیا بە جیاوازییەکی زۆر کەم ئەو ڕێککەوتنەیان بە 50.2 بەرامبەر بە 49.7 ڕەت کردەوە کە جیاوازییەکە تەنها 54 هەزار دەنگ بوو.

سەرۆک سانتۆس و ڕێبەرانی سەرهەڵداوەکان پەیمانیان داوە کە بەردەوام بن لەسەر پرۆسە ئاشتییکە، هەرچەندە ڕوون نییە بە چ ڕێگایەک چونکە پلانی B یان پلانی پاڵپشت ڕانەگەیەندراوە.

سەرۆک سانتۆس شەوی یەکشەممە لە وتارێکی تەلەفیزیۆنیدا ڕایگەیاند " من کۆڵنادەم و بەردەوام دەبم بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی هەتا دووا ڕۆژی تێرمی سەرۆکایەتییەکەم."

ڕێبەری ‌هێزی شۆڕشگێڕی لەشکری کۆلۆمبیا، ڕۆدڕیگۆ لەندۆنۆ کە بە تیمۆچینکۆ ناسراوە دەڵێت کۆڵ نادات و ڕایگەیاند " گەلی کۆلۆمبیای کە خەون بە ئاشتییەوە دەبینن، پشتمان پێ ببەستن. ئاشتی سەردەگرێت."

نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە بەیاننامەیەکیدا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند " نەتەوە یەکگرتووەکان بە تەواوەتی پەیوەستە بە پرۆسەی ئاشتییەوە و بەردەوام دەبێت لە هاوکاری کردنی حکومەت تا بگات بەو ڕێککەوتنە لەگەڵ سەرهەڵداواندا."

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بان کی موون نوێنەری تایبەتی خۆی ناردووە بۆ هەڤانای پایتەختی کوبا بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا.

ئەو ڕێککەوتنە ئاشتییەی کە لە هەفتەی پێشوو مۆر کرا بە مەبەستی کۆتایی هاتنی فەرمی بوو بە سەرهەڵدانی 52 ساڵەی سەرهەڵداوە چەپڕەوەکان. شەڕی گەریلا لە کۆلۆمبیا بوو بەهۆی کوشتنی زیاتر لە 220 هەزار کەس و ملیۆنان کەسی ئاوارە کرد.

حکومەتەکەی سەرۆک سانتۆس هەڵمەتێکی زۆری کرد بۆ پشتیوانی کردن لەو ڕێککەوتنە ئاشتییە، داوای لە ملیۆنان کۆلۆمبیای کرد کە دەڵێن بێزار بوون لە شەڕ و توندوتیژی و تیرۆرسم دەنگ بدەن بەو ڕێککەوتنە.

بەڵام دەنگی نەرێنی لەلایەن بەرهەڵستی سەرەکی سیاسی سانتۆسەوە بوو ئەوەیش سەرۆکی پێشوو ئالڤارۆ ئوریب بوو کە هەڵمەتێکی زۆری دژ بەو ڕێککەوتنە بەڕێوە برد.

بەشدار بوون لە ڕاپرسییەکەش زۆر کەم بوو لەسەدا 37 ی ئەوکەسانەی کە مافی دەنگدانیان هەبوو بەشداریان کردبوو ، ئەوەش بەشێکی بەهۆی زریانی ماتیۆ بوو کە بارانێکی زۆر بە بایەکی بەهێزەوە لە ناوچەکانی کەناری کۆلۆمبیای دا زۆربەی دانیشتوانی ئەو ناوچانەش پشتیوانی حکومەتن.

زۆربەی ئەو کەسانەش کە دژی ڕێککەوتنەکە بوون بەهۆی ئەوە بوو کە لێخۆشبوون نزیەکەی هەمو سەرهەڵداوەکانی دەگرتەوە ئەوانەش کە گوایە لە کاتی سەرهەڵدانەکاندا تاوانیان ئەنجام داوە. ئەوان لەوەش ناڕازین کە FARC کورسی پێ دەدرێت لە پەرلەمانی کۆلۆمیبادا بەبێ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ملیۆنان دۆلاری خەرج کردووە لە هاوکاری لەشکریدا بۆ حکومەتی کۆلۆمبیا بۆ شەڕی دژ بە FARC و هێنانیان بۆ سەر مێزی دانوستاندن.

XS
SM
MD
LG