Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: یو ئێن و تێرۆریزم / لێسەندنەوەی متمانە لە وەزیری دارایی عێراق

  • Balen Salih

لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا دوو تەوەر باسدەکرێن، یەکەمیان دۆسێی تێرۆریزم لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا و دووهەمیش لێسەندنەوەی متمانە لە هوشیار زێباری وەزیری دارایی عێراق.

تەوەری یەکەم: تێرۆریزم لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەنجومەنی گشتی یو ئێن

ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی نۆی ساڵی دوو هەزار و شەشدا ستراتیژیەتێکی جیهانی پەسەند کرد بۆ بەرەنگار بوونەوەی تێرۆریزم.

به‌ختیار که‌ریم

به‌ختیار که‌ریم

ئەم ستراتیژیەتەی دەساڵ لەمەوبەر داڕێژرا میکانیزمێکی دەگمەن بوو، بۆ تۆکمەکردن و پەرەپێدانی هەوڵە خۆجێیی و نێونەتەوەییەکانیش کە بە مەبەستی لەناوبردن و بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم دەدرێن. وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی گشتی یو ئێن بۆ یەکەم جار بوو بڕیار لە ستراتیژیەتێکی هاوبەش بدەن دژی تیرۆریزم، ئەمەش هەر لەوەدا نەوەستایەوە هەوڵەکانی لە ناردنی پەیامی ڕوون و ئاشکرادا بوەستێتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم و بگوترێت جێی قایل بوون نییە، بەڵکو سوربوونێک لەو هاوڕاییەدا هەبوو کە هەنگاوی گونجاو و دروست بگیرێتە بەر، جا ئایا هەنگاوی تاک لایەنە بێت یان هەنگاوی پێکەوەیی بێت، هەم بۆ ڕێگەگرتن لە تێرۆریزم و هەمیش بۆ شەڕی دژی تێرۆر.

بەڵام دوای دە ساڵ لەو ستراتیژیەتە هێشتاش وەک چاودێر دەڵێن هەر وڵاتە و بە شێوەیەکی تایبەت پێناسەی تێرۆریزم دەکات و تەنانەت جیاوازیش لەسەر ناساندنی ئەم یان ئەو ڕێکخراوی تێرۆریست هەن کە بە ئەندازەی جۆراوجۆرەوە کاریگەری کردۆتە سەر هەوڵەکانیش بۆ لەناوبردنی تێرۆریزم کە لە ئێستادا بە ترسناکترین مەترسی دادەنرێت بۆسەر ئاسایشی جیهان.

ئایا چ جیاوازییه‌ک هه‌یه‌ له‌ نێوان کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مساڵی ئه‌نجومه‌نی گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و ساڵانی پێشوودا؟
ئایا چاوه‌ڕوان ده‌کرێت وڵاتانی به‌شدار ببنه‌ خاوه‌نی کارنامه‌یەکی نوێ بۆ به‌گژدا چوونه‌وه‌ی تێرۆر؟
ئایا ڕێبه‌رانی به‌شدار له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا ده‌توانن ده‌ستبه‌رداری به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان ببن و جیهان له‌ مه‌ترسییه‌کان بپارێزن؟
(به‌ختیار که‌ریم) نوسه‌ر و لێکۆڵه‌ر وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ و پرسیار و سه‌رنجه‌کانی ئێوه‌ی ئازیزیش ده‌داته‌وە.

تەوەری دووهەم: لێسەندنەوەی متمانە لە وەزیری دارایی عێراق

پەرلەمانی عێراق بە 158 دەنگی بەڵێ و 77 دەنگی نەخێر لە دانیشتنەکەی ڕۆژی 21 ی مانگی نۆیدا لە ڕێی دەنگدانێکی نهێنییەوە متمانەی لە وەزیری دارایی عێراق سەندەوە.

دکتۆر هه‌ڵمه‌ت غه‌ریب

دکتۆر هه‌ڵمه‌ت غه‌ریب

ئەم دانیشتنەی پەرلەمان دوابەدوای دانیشتنێکی پێشتری پەرلەمان بوو کە تیایدا زۆرینەی پەرلەمانتاران هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی بڕوایان بە وەڵامەکانی هوشیار زێباری نییە.

وەزیری دارایی عێراق ڕووبەڕووی ژمارەیەک دۆسێی گەندەڵی کرایەوە لە پەرلەماندا و زێباری ئامادەی دانیشتنی لێپێچینەوە بوو لە پەرلەماندا و وەڵامی پرسیارەکانی پەرلەمانتارانی دایەوە.

لە لێدوانە رۆژنامەوانییەکەیدا بۆ پەیامنێران لە هەولێر، هوشیار زێباری ناڕەزایی بەرامبەر ئەو دانیشتنەی ڕۆژی چوارشەممەی پەرلەمان دەردەبڕێت و بە نایاسایی ناودێری دەکات و دەشڵێت "دەنگدانەکە سیاسی بووە و دەستی تیادا هەبووە."

هوشیار زێباری دەڵێت لە دادگای باڵای عێراقدا تانە لەو لێسەندنەوەیەی متمانە دەدرێت.

لەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەیدا، زێباری ژمارەیەک ئاماژەی کرد لەوانە "زۆر هەن دڵیان بەوە خۆشە کە ئەم لێسەندنەوەی متمانەیە شکستە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و بۆ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، ئەوانە هەڵەن. بەپێی دەستوری عێراق پێویستە پاش حەوت ڕۆژ دانیشتن بۆ تاووتوێی وەڵامەکان بکرێت، بەڵام پەرلەمان پاش دوو ڕۆژ کردی. دانیشتنەکەی رۆژی 27 ی مانگی هەشت پیشەییانە نەبووە و پرسیارەکانیش بە خواستێکی پاکەوە نەکراون. دانیشتنەکە بۆ لێسەندنەوەی متمانە بە دەنگدانی نهێنی بووە کە لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراقدا دەنگدانی نهێنی نییە. لەگەڵ ئەوەشدا پسپۆڕە داراییەکانی وەزارەتی دارایی، سەرەک وەزیری عێراق، دادگای فێدراڵی وڵاتەکەش داوایان کرد ئەم دانیشتنە دوابخرێت، بەڵام پەرلەمان هەر دانیشتنەکەی خۆی کرد."

لە دانیشتنەکەی پەرلەماندا بۆ لێسەندنەوەی دەنگدان لە خالید ئەلعوبەیدی، وەزیری پێشووی بەرگری عێراق دەنگدان هەر بە نهێنی کرا.

ئایا لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ وه‌زیری دارایی عێراق یارییه‌کی تری سیاسیانه‌یه‌ له‌ به‌غداوه‌؟
ئایا لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ هوشیار زێباری په‌یامێکی تایبه‌ته‌ بۆ کورد؟
ئایا له‌ ڕووی یاساییه‌وه‌ ئه‌م لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌یه‌ له‌ زێباری دروسته‌؟
(دکتۆر هه‌ڵمه‌ت غه‌ریب) پسپۆڕی یاسایی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ و پرسیار و سه‌رنجه‌کانی ئێوه‌ی ئازیزیش ده‌داته‌وه.

زانیاری زیاتر لە دەقی بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (لەگەڵ ڕووداوەکاندا) یە: ‌

XS
SM
MD
LG