Accessibility links

مه‌حمود سه‌نگاوی باس له‌ هۆكاری ڕاسته‌قینه‌ی كۆنه‌بونه‌وه‌ی وه‌فده‌ ئه‌مریكیه‌كه‌ ده‌كات له‌گه‌ڵ یه‌كێتی


مه‌حمود سه‌نگاوی به‌رپرسی میحوه‌ری گه‌رمه‌سێر ده‌ڵێت هه‌ر وه‌فدێك له‌ ئاستی وه‌زیر یان جێگری وه‌زیر بێت ئێمه‌ وه‌ك سه‌ركرده‌ سه‌ربازیه‌كانی یه‌كێتی نایبینین ته‌نها ئه‌و كه‌سه‌ سه‌ربازیانه‌ نه‌بێت كه‌ جار جار دێنه‌ میحوه‌ره‌كان. چونكه‌ پێگه‌ی یه‌كێتی به‌هۆی كێشه‌ و ململانێ ناوخۆییه‌كانی خۆمانه‌وه‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌ و ئه‌و وه‌فدانه‌ به‌پێویستی نازانن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی كۆببنه‌وه‌.

مه‌حمود سه‌نگاوی له‌ میانەی گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مەریكا نیگه‌رانیه‌كانی خۆی وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی سه‌ربازی نه‌شارده‌وه‌ و گوتی "ئه‌و وه‌فدانه‌ی له‌سه‌ر ئاستی وه‌زیر یان جێگر دێن هیچ به‌رپرسێكی سه‌ربازی یه‌كێتی نایانبینێت و ته‌نها پارتی به‌تایبه‌ت پاراستنی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌یانبینێت ئێمه‌ ئاگاداری هیچ نین،به‌شێك له‌ هۆكاره‌كه‌شی نه‌بوونی نوێنه‌ری یه‌كێتیە له‌و ئه‌نجومه‌نه‌ سه‌ربازیه‌ی كه‌ بۆ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌ جه‌نگی داعشدا پێكهاتوه‌.

مه‌حمود سه‌نگاوی كه‌ خۆی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌ دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌ به‌شی سه‌ره‌كی كۆنه‌بونه‌وه‌ی وه‌فده‌كانی ده‌ره‌وه‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ كێشه‌ و ململان ناوخۆییه‌كانی یه‌كێتیه‌وه‌ و ده‌ڵێت؛زۆر په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ كێشه‌و ململانێ ناوخۆییه‌كانی یه‌كێته‌وه‌ ته‌نانه‌ت زۆر كات هه‌ڤاڵانی پارتی پێمان ده‌ڵێن نازانین له‌گه‌ڵ كێ قسه‌ بكه‌ین ،ئێوه‌ ناوه‌ندی بڕیارتان نیه،وه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئێو كه‌سانه‌ی ئێمه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ بوون براده‌رانی پارتی گرنگیان پێناده‌ن هه‌رچه‌نده‌ شه‌هید و قوربانی زۆرمان دابێت له‌شه‌ڕه‌كاندا.

كۆتایی هه‌فته‌ی ڕابردوو جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن سەرۆکایەتی شاندی ئەمەریکای کرد بە یاوەری نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانێتی شەڕی دژ بە داعش، برێت مکگۆرک، و یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک، جۆسف پنینگتن له‌گه‌ڵ به‌رپراسنی حكومه‌تی هه‌رێم كۆبونه‌وه‌ به‌ڵام به‌شێك له‌ به‌رپراسنی یه‌كێتی ڕایانگه‌یاند:به‌ پاساوی نه‌بوونی كاته‌وه‌ ئه‌و وه‌فده‌ له‌گه‌ڵ هیچ به‌رپرسێكی یه‌كێتی نیشتمانی كۆنه‌بونه‌ته‌وه‌.

مه‌حمود سه‌نگاوی ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌ كۆنه‌بونه‌وه‌ی ئه‌و وه‌فده‌ ئه‌مریكیه‌ په‌یوه‌ندی هه‌بێت به‌ نه‌بوونی كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت په‌یوه‌ندی نه‌بووه‌ به‌ نه‌بوونی كاته‌وه‌ به‌ڵكو په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌و كێشه‌ و ململانێ ناوخۆییانه‌ی ناو یه‌كێتی و نه‌بوونی ناوه‌ندی بڕیار چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئێمه‌ دابنیشێت ڕه‌نگه‌ داده‌ هێرۆ بڵێت ئه‌وه‌ گوزارشت له‌ ڕای فه‌رمی یه‌كێتی ناكات ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌وانیش دابنیشێت ڕه‌نگه‌ ئێمه‌ بڵێین ئه‌وان نوێنه‌ری ئێمه‌ نین له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌وانیش ئاماده‌ نین له‌گه‌ڵ ئێمه‌ دابنیشن و به‌ پێویستیشی نازانن.

هه‌روه‌ها وتی"ئێمه‌ خۆمان ده‌زانین په‌یوه‌ندی به‌ نه‌بونی كاته‌وه‌ نه‌بوو به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتی ئه‌و هێزه‌ نه‌ماوین و ئه‌وانیش به‌ پێویستی نازانن ئه‌مه‌ش به‌هۆی كێشه‌ ناوۆخۆییه‌كانی ناو یه‌كێتیه‌وه‌یه‌."

جه‌ختیشیكرده‌وه‌ ئه‌م ناكۆكیانه‌ی ناو یه‌كێتی نه‌ك زیانی له‌ پێگه‌ی یه‌كێتی داوه‌ به‌ڵكو هه‌ر هه‌ڵی وه‌شاندووه‌،ئه‌وه‌نده‌ خراپه‌ نێوانمان پێگه‌ی یه‌كێتی هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه‌.

گوتیشی ئێمه‌ چه‌ندین جار له‌ناو مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی كۆبوینه‌ته‌وه‌ و بڕیارمان داوه‌ به‌ڵام دوای سه‌عاتێك داده‌ هێرۆ به‌ شه‌خسی بڕیاره‌كانی هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه‌ و گوێی به‌ بڕیاره‌كانی مه‌كته‌بی سیاسی نه‌داوه‌.

مه‌حمود سه‌نگاوی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد:له‌ مه‌سه‌له‌ی ئاڵۆگۆڕی پۆسته‌كانی سلێمانی هه‌ندێك كه‌س له‌ناو یه‌كێتیدا پێیان باش بوو پۆستی پارێزگار نه‌درێته‌وه‌ گۆڕان من بۆ خۆم پێم باش بوو پۆستی پاڕێزگار بدرێته‌وه‌ گۆڕان و وه‌فامان هه‌بێت بۆ ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕان هه‌مانه‌،دواتر كه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا ئه‌كره‌م شه‌ریف دیاریكرا به‌ڵام به‌یانیه‌كه‌ی سه‌عات(٧)ی به‌یانی داده‌ هێرۆ نامه‌ی نوسیبوو ناوی كاندیده‌كه‌ی گۆڕیبوو هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م هه‌ڤاڵه‌شمان كاك ئازاد كادیرێكی باش و دڵسۆزه‌ به‌ڵام مه‌به‌سته‌كه‌ی من گوێنه‌دان بوو به‌ بڕیاری مه‌كته‌بی سیاسی له‌لایه‌ن داده‌ هێرۆوه‌ كه‌ سه‌عات (٧)ی به‌یانی دێت ناوی كاندیده‌كه‌ ده‌گۆڕێت به‌شه‌خسی و هه‌وه‌سی خۆی ئه‌مانه‌ هه‌مووی هۆكارن بۆ كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی یه‌كێتی و هه‌روه‌ها ئه‌و وه‌فدانه‌ی كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌وه‌ دێن گوێ نه‌ده‌نه‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری یه‌كێتی كۆببنه‌وه‌.

مه‌حمود سه‌نگاوی به‌رپرسی میحوه‌ری گه‌رمه‌سێر ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ ڕوو كێشه‌ و ململانێكانی ناو یه‌كێتی نه‌ك ته‌نها كاریگه‌ری هه‌بووه‌ له‌سه‌ر گوێنه‌دان و كۆنه‌بونه‌وه‌ی وه‌فده‌كانی ده‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی به‌ڵكو له‌ ڕووی چه‌ك و ته‌قه‌منیشه‌وه‌ كاریگه‌ری هه‌بووه‌ به‌جۆرێك به‌ ته‌نها له‌ ٢%ی ئه‌و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیانه‌ی دێت بۆ پێشمه‌رگه‌ ده‌گاته‌ ده‌ست هێزه‌كانی یه‌كێتی،ئه‌م كێشه‌و ململانێ ناوخۆییانه‌ وای لێكردوین كه‌ لایه‌نی پارتی دیموكراتی كوردستانیش زۆر گوێ به‌ بیر و ڕا و داواكاری ئێمه‌ نادات.

مه‌حمود سه‌نگاوی هۆشداری دا له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر یه‌كێتی به‌م شێوه‌یه‌ بمێنێته‌وه‌ ئه‌وا ده‌بنه‌ هێزی بچوك بچوك و توانای هیچمان نامێنێت.

سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كان له‌سه‌ر نه‌وتی كه‌ركوك مه‌حمود سه‌نگاوی ئاشكرای كرد:نامه‌یه‌ك هه‌یه‌،نامه‌كه‌ هی حكومه‌ته‌ ئه‌و نه‌وته‌ دابه‌شكراوه‌ و نێردراوه‌ بۆ چه‌ند جێگه‌یه‌ك بۆیه‌ من پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌وته‌ ڕۆیشتبێت ئه‌وا ئێمه‌ش شه‌ریك بین به‌ڵام ئێمه‌ وه‌ك حیزب نا به‌ڵكو وه‌ك شه‌خس شه‌ریك بن،ڕه‌نگه‌ بازرگانی شه‌خسی تێدا كرابێت و بۆ حیزبه‌كه‌ نه‌گه‌ڕابێته‌وه.‌

XS
SM
MD
LG