Accessibility links

هاوژین ئەمین باس لە کارەساتی بەتاڵانبردنی سامانی گشتیی، وێرانکردنی سەرمایەی نەتەوەیی و داڕزانی کۆمەڵایەتی دەکات


شارەزایان تیشکدەخەنە سەر چەند کۆڵەکەیەکی پڕ بایەخ و بنچینەیی کە شوناسی تەواوی کۆمەڵگە لە مەودایەکی شارستانیی جیاوازدا بەرجەستە دەکەن. سەرباری ژێرخانی ئابوریی و هاوکات مەودای سیاسی و ئایدۆلۆژی؛ کۆمەڵگە وەک دامەزراوەیەکی مۆدێرن کە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە تیایدا هەست بە ژیان و مرۆڤبونی خۆیان بکەن و کولتۆریش وەک هێزێکی شارستانی زیندوو، کە پێکڕا زیندوێتی و دامەزراوەیی کۆمەڵگە رەنگڕێژ دەکەن. هاوکات فشار و هەڵمەتە شارستانی و کۆمەڵایەتییەکان ئەگەر رەنگڕێژ نەبێت بە روانینگەلێکی مەعریفی و فەرهەنگی باڵا؛ ئەوا رەنگە خولانەوە بێت لە بازنەیەکی داخراودا و بەرلەوەی فشارێکی شارستانی بێت دەبێتە فشارێکی هەژار و خاڵی. بەڵام بەبێ دەستخستنە سەر تەواوی کەمکوڕی و نەهامەتی و کوڵەکە شکستخواردووەکانی ژیانێکی شارستانی شایستە، مۆمکین نییە رەهەندە زیندووەکانی ئەو ئاستە ژیارییە بەرجەستەبکەین.

ئاسۆ جەبار لە دەنگی ئەمریکاوە بۆ بەرنامەی رەهەندەکان وتووێژێکی لەگەڵ نوسەر و مامۆستای زانکۆی سلێمانی هاوژین ئەمین سازکردووە.

سەبارەت بە ناڕەزایی و نائومێدییەکان هاوژین ئەمین دەڵێت "من چاوەڕوانی تەقینەوەی گەورە ئەکەم، لەڕاستیدا نائومێدی خەڵک گەیشتۆتە ئاستێکی بێمانا و زۆر قورس". هاوکات "نائومێدبوونی تەواوی ئەو خەڵکە لەهەموو ئەو هێزە وسیاسیانەی کە لە کوردستاندا هەن، بەناوی ئۆپۆزسیۆن و بە ناوی هێزی سیاسی ناڕازی".

سەبارەت بە شوناسی دەسەڵات لەکاتی رووبەڕووبونەوەکانیدا لەگەڵ خەڵکدا هاوژین دەڵێت "لەو باوەڕەدام تا رادەی رووبەڕووبونەوەی کۆڵان بە کۆڵان هێزی سیاسی کوردستان ئەو سەرمایەدار و قاچاخچیانە لەهەرێم لەگەڵ خەڵکدا دەڕۆن".

هەروەها دەڵێت "خەڵک لەوە تێگەیشتووە کە ئەم هێزە سیاسیانەی کوردستان، ئەم قاچاخچیانەی کوردستان لەوە ناچێت بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو کۆنتراکتانە ببن، لەوە ناچێت بە ئاسانی دەستبەرداری دەسەڵات و بردنی سەرمایەی خەڵک ببن، وەئەگەری زۆری ئەوە هەیە ئەگەر ناڕەزاییەکان توندببنەوە و زۆر بە توندی کۆتایی پێبێت".

سەبارەت بە کردنەوەی قوتابخانەو زانکۆکان و ناڕەزاییەکان؛ هاوژین ئەمین دەڵێت "رەنگە قوتابخانەکانی کوردستان بە کراوەیی نەبینین، رەنگە زانکۆکان بە کراوەیی نەبینین، لەڕاستیدا؛ رەنگە وەزارەتی تەندروستی کە ئەمانە هەمووی ناوەندی زۆر هەستیارن لەهەر وڵاتێکدا نەتوانن درێژە بە ئیشی خۆیان بدەن، ئەمانە هەمووی بونەتە هۆی ئەوەی بچوکترین سوێ بچێتە گیانی ئەو هێزە گەندەڵکار و قۆرخکارە کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە".

هاوکات دەڵێت "کێشە گەورەکە ئەوەیە کە خەڵکی ناڕازی هەرێمی کوردستان ئێستا تا ڕادەیەکی زۆر بێ پشتە، بە تەنیایە".

سەبارەت بە ئۆپۆزسیۆنیش دەڵێت "ئەوەی پێی دەوترێت شەپۆلی ئۆپۆزسیۆن لەهەرێمی کوردستاندا، هیچ نیە لەسێبەرێکی درۆزن و پەراوێزی ناکاریگەری ئەو دوو هێزە سیاسییەی تر بەداخەوە".

سەبارەت بە قەیرانە ئابوری و سەرجەم قەیرانەکانی دیکە هاوژین ئەمین دەڵێت "ئەمە بەتاڵانبردنی سامانی گشتییە، ئەمە وێرانکردنی سەرمایەی نەتەوەییە، کارەساتێکی نەتەوەیی زۆر گەورەیە". "بەشێکی زۆر لەخڵک برسییە، ئەگەر مانایەک مابێتەوە ناوی لێبنێن شۆڕشی برسییەکان، بەڕاستی خەڵک برسێتی، مامۆستای زانکۆ هەیە پارە لەگیرفانیا نیە، خەڵک هەیە کەتۆتە سەر ئەوەی کە زبڵی بەرپرسەکان کۆبکاتەوەو بیخوات و دەرخواردی ماڵ و مناڵی خۆی بدات، ئەمە حەقیقەتە".

هەروەها دەڵێت " کەسێک ئەوەندە لەکەرامەتی دراوە، ئەوەندە لەکەسایەتی دراوە، لە بوونی دراوە؛ دێتە سەر شەقام و دەڵێت من نانم نیە بیخۆم، من پارەم پێ نیە جەژن بکەم، پێشمەرگەکانیش کە بەرگری لەم نیشتیمانە دەکەن ئەوانیش هەر برسین، ئەمە کێشە گەورەکەیە"

دەرەنجام هاوژین دەڵێت "ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت یان داڕزانێکی کۆمەڵایەتی زۆر گەورەیە یان تاکە ئومێدێک هەبێت ئەگەر هۆشیارییەک مابێت لەناو ئەم کۆمەڵگەیەدا نوخبەیەکی هۆشیار لەچین و توێژە جیاوازەکان کۆببنەوە کە رۆحێک بکەنەوە بەبەر ئەم کۆمەڵگەیەداو جارێکی تر جۆرێک لەژیان لە ئومێدی پێببەخشنەوە. شتێک بە مانای ئۆپۆزسیۆنێکی راستەقینە".

"ئۆپۆزسیۆنێکی راستەقینە کە بتوانێت کۆمەڵگە لەو خۆبچوککردنەوەیە بۆ ئاستی داواکردنی موچە بهێنێتە دەرەوە".

لە کۆتاییدا دەڵێت "ئینسانی کورد نابێت ئەوەندە کەرامەتی بشکێت بێتە سەر شەقام بۆ سواڵکردن".

لەڕێی ئەم بەستەرەوە دەتوانن گوێبیستی تەواوی وتووێژە ببن.....

XS
SM
MD
LG