Accessibility links

ئاگر لە مزگەوتێـکی ویلایەتی فلۆریدا بەردەدرێت

  • VOA News

کەسێـکی نەناسراو ئاگری بەردراوەتە ئەو مزگەوتەی عومەر مەتین سەردانی دەکرد، ئەوەی هێرشی کردە سەر یانەیەکی شەوانی شاری ئۆرلاندۆی ویلایەتی فلۆریدا و دەیان کەسی کوشت و بریندارکرد.

مەیجەر دەیڤد تۆمپسۆن لە پـۆلیسی ناوچەی سانت لویس دەڵێت کاژمێر 12:31 ی شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە، تەلەفون بۆ دەزگای بەهاناچوونەوە کرابوو، گوتویانە ئاگربەربووەتە سەنتەری فۆرت پـرێسی ئیسلامی Islamic Center of Fort Pierce .

پاشان گوتی ڤیدیۆکانی لە ڕێگەی کامێراکانی چاودێریـیەوە گیراون نیشانی دەدەن کەسێـک لە لە دیوی ڕۆژهەڵاتی بیناکە نزیکبووەتەوە و ئاگرەکە هەڵگیرساوە و لە شوێنەکە هەڵاتووە.

کاربەدەسـتان دەڵێن بەپـێی بەڵگەکان بڕوادەکرێت بە مەبەست ئاگربەردرابێتە مزگەوتەکە. دەشڵێن لەم زووانە ڤیدیۆی کەسەکە بڵاودەکەنەوە بەو هیوایەی ئەگەر یەکێـک بیناسێتەوە دەسەڵاتداران ئاگاداربکاتەوە.

بەهۆی ڕووداوەکە نوێژی جەژن لە مزگەوتەکە نەکرا تاوەکو بوار بە دەزگا بەرپـرسەکان بدرێت بەڵگەکان کۆبکەنەوە و لێکۆڵینەوەی پـێویستی خۆیان لە شوێنەکە بکەن.

جێی وەبیرهێنانەوەیە عومەر مەتین کە تەمەنی 28 ساڵ بوو و بە ڕەچەڵەک ئەفغانی بوو، شەوی 12 ی مانگی شەش بە چەکەوە هێرشی کردە سەر یانەیەکی شەوانە لە شاری ئۆرلاندۆی ویلایەتی فلۆریدا و تیایدا 49 کەسی کوشت و 53 کەسی دیکەی بریندارکرد. پاشان بە گولـلەی پـۆلیس کوژرا.

XS
SM
MD
LG