Accessibility links

هه‌له‌و واشنتن: باری ئابوری هەرێمی کوردسـتانی عێراق

  • Haider Kareem

هەتا دێت زیاتر باری ئابوری هەرێمی کوردستانی عێراق بەرەو خراپـتر دەڕوات و ئەو نیوە موچەیەی حکومەتی هەرێم بەڵێنی دابوو بە فەرمانبەرانی خۆی بدات ئەویش لە کاتی خۆیدا نادرێت.

سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی داهاتی هه‌رێم له‌ ڕێگه‌ی هه‌نارده‌کردنی نه‌وته‌ که‌ هه‌تا ئێستا سوودێـکی ئه‌وتۆی بۆ ئابوریـیه‌که‌ی نه‌بووه‌، به‌ڵکو قه‌رزارباریشه‌. هه‌ندێک ده‌ڵێن له‌ ئه‌نجامی ناشه‌فافیه‌ته‌ و هه‌ندێکیش ده‌ڵێن دابه‌زینی نرخی نه‌وت هۆکاره‌ و هه‌یه‌ ده‌ڵێت ئاستی کواڵتی نه‌وتی هه‌رێم به‌رزنیـیه‌.

بەپـێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی سامانە سروشتیـیەکانی هەرێم نرخی مامناوه‌ندی یەک بەرمیل نەوتی کوردسـتان کە لە مانگی هەشتدا فرۆشراوە 32.44 دۆلار بووە، ئەمەش لە کاتێـکدا بەغدا هەر لەو مانگەدا نەوتی خۆی بە 39.24 دۆلار فرۆشتووە، واتە هەرێمی کوردسـتان هه‌ر به‌رمیلێکی بە 6.8 دۆلار کەمتر فرۆشتووە.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی باسمان کرد، ناکۆکی سیاسی نێوان حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانیشی هاتووه‌ته‌ سه‌ر.

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم له‌ کۆتایی مانگی هەشت سەردانی بەغدای پایتەختی کرد و لەوێ لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق ڕێکەوتن لەسەر فرۆشتنی پەنجا بە پەنجای نەوتی دوو کێڵگەی کەرکوک.

بەپـێی ماڵپەڕی سۆمۆی حکومەتی عێراق کە بەرپـرسە لە گرێبەست و مامەڵەکانی هەناردە و فرۆشتنی نەوتی عێراق، بڕیاردراوە ڕۆژانە لە هەردوو کێڵگەی نەوتی بابا گڕگڕ و خەباز 150 هەزار بەرمیل نەوت بە ڕێگەی لولەی نەوتی بەندەری جیهانی تورکیـیەوە هەناردەبکرێن، 75 هەزار بەرمیلی بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق و 75 هەزارەکەی دیکەی بۆ وەزارەتی سامانە سروشتیـیەکان.

ئەم ڕێکەوتنە پاش ئەوە هات کە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان داوای لە سەرۆک وەزیری عێراق کردبوو هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک بۆ بەندەری جیهانی تورکیا ڕابگرێت، دەڵێت داهاتەکەی بە شێوەیەکی شەفاف و دادپەروەرانە لە کوردستان خەرج ناکرێت.

لێرەدا پـرسیار ئەوەیە چی بکرێت بۆ ڕزگارکردنی هەرێمی کوردسـتان لەو قەیرانە ئابوریـیەی تێی کەوتووە؟

ئه‌مه‌ بابه‌تی به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشنتنی ئه‌م هه‌ینیـیه‌ بوو که‌ حه‌یده‌ر که‌ریم له‌ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا به‌ڕێوه‌ی دبرد و میوانه‌کان ئه‌م به‌ڕێزانه‌ بوون:
محەمەد عوسمان، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
حاکم تارق گەردی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردسـتان.

XS
SM
MD
LG