Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: خوێندن و قەیرانی دارایی هەرێم


پێگەیاندنی نەوەی نوێ ئەرکی سەرەکی و بێ چەندوچوونی هەموو تاکێکی کۆمەڵگەیە، جا ئەو کەسە لە هەر پۆستێکی کارگوزاریدا بێت لە سەرۆکی وڵاتەوە تا بچوکترین فەرمانبەر و ئەوجا بۆ ئەندامانی خێزان.

پێگەیاندنی ئەم نەوە نوێیە بەبێ خوێندن و بایەخ دان بە تواناییە زانستیەکان هەرگیز نایەتە دی و ئەمەش ئەو ئەرکەیە کە مامۆستا بەڕێوەی دەبات.

گه‌شه‌ دارا حه‌فید
گه‌شه‌ دارا حه‌فید

ئەرکی مامۆستا هەر تەنها فێرکردنی ئەلف و با نییە بۆ خوێندکاران، یان وانە وتنەوە بێت بەڵکو یەکێک لە ئەرکە هەرە سەرەکییەکان ڕەخساندنی ژینگەیەکە بۆ خوێندکاران کە تێبگەن لەوەی خوێندن ئەرکە و لە ڕێی خوێندننەوە پەرەسەندن و گەشەکردن دێتە ئاراوە و ئەو یان ئەم نەوەیە چەندێک خوێندەواربێت ئەوا هێندە کۆمەڵگە پێشکەوتووتر دەبێت.

مامۆستا لە قۆناغی سەرەتاییەوە تا زانکۆ کۆڵەکەیەکی سەرەکی پێشکەوتنەکانە، بەڵام لە ئاوەها ڕەوشێکدا کە مامۆستایان نەتوانن بژێوی ژیانی خێزانیان دابین بکەن بەهۆی دواکەوتن و نەدانی ئەو چارەکە موچەیەی بەپێی سیستەمی پاشەکەوتکردنی بڕیارە بدرێتە فەرمانبەرانی حکومەت، دەبێت چییان لێ چاوەڕێ بکرێت لە هۆڵەکانی خوێندندا؟! ئەمە بۆ هەموو موچەخۆرانی هەرێم دروستە.

سەفین دزەیی، دەمڕاستی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە لێدوانێکی پێشتریدا وەک وەڵامێک بۆ ناڕەزاییەکانی مامۆستایان دەڵێت " دەبێت مامۆستایان چاوەڕیی چارەسەری قەیرانەکان بن، بۆ ئەوەی موچەکانیان چاک بکرێت و هەر مامۆستایەکیش 30 ڕۆژ دەوام نەکات فەسڵ دەکرێت."

شۆڕش غەفوری
شۆڕش غەفوری

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە میانەی وتوێژێکی تایبەتدا بۆ ئەم بەرنامەیەی (لەگەڵ ڕووداوەکاندا) دەڵێت وەزارەت هیچ مامۆستایەکی لێ زیاد نییە.

شۆڕش غەفوری، لە ڕاگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە دەشڵێت ئەوەی سەفین دزەیی باسی دەکات، باسکردنە لە گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی ئەنجومەنی وەزیران.

ئەم لێدوانەی سەفین دزەیی ناڕەزایی بە دوای خۆیدا هێنا هەم لەناو مامۆستایاندا و هەمیش لە نێوەندەکانی تری هەرێمدا لەوانە کاردانەوە لە ناو پەرلەمانی هەرێمدا وەک شوان قەڵادزەیی ئەندامی پەرلەمان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتوویەتی "گومانی تیانییه‌ هه‌ڕه‌شه‌کردنی وته‌بێژی حکومه‌ت له‌مامۆستایانی کوردستان هه‌ڕه‌شه‌ کردنه‌ له‌ئاسایش وئارامی کوردستان و هه‌وڵدانیشه‌ بۆ تێکدانی ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تی و له‌بار بردنی ئۆقره‌یی وڵاتمان."

زۆرێک لە پسپۆڕان دەڵێن، ئەگەر بێتوو مامۆستایان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن بکەن ئەوا پشێوی دەکەوێتە ناو خێزانەکان لە هەرێم و ئەمەش کاریگەرییەکی تری نەرێنی دەبێت بەسەر ڕەوایی حکومەتەوە.

ئەم لێدوانانەی سەفین دزەیی لە کاتێکدایە زۆرێک لە مامۆستایانیقۆناغە جیاوازەکانی خوێندن بیر لە جێهێشتنی نیشتمان دەکەنەوە و گەڕان بەشوێن ژیانێکی باشتردا.

هەر بۆیە وەک دەگوترێت بە هاناوە چوونی داواکانی مامۆستایان یانی زەمینە ڕەخساندن بۆ نەوەیەکی نوێی پێگەیشتوو و تێگەیشتوو.

ئایا کاریگه‌رییه‌کانی نه‌دانی موچه‌ و ئه‌وه‌ی ناونراوه‌ پاشه‌که‌وت کردنی موچه‌ له‌سه‌ر پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ چه‌نده‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان؟
ئایا مامۆستایان که‌ نه‌توانن ژیانی خۆیان و خێزانه‌کانیان مسۆگه‌ر بکه‌ن له‌به‌ر نه‌بوونی موچه‌، چۆن چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بکرێت زانیارییه‌ نوێیه‌کان بۆ خوێندکاره‌کانیان دابین بکه‌ن؟
ئایا حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌توانێت چی بکات بۆ مامۆستایان؟
ئایا حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان وه‌ک ده‌مڕاستی حکومه‌ت بێ خه‌مه‌ له‌وه‌ی مامۆستایان به‌شوێن کاری تردا بگه‌ڕێن؟
(گه‌شه‌ دارا حه‌فید) ئه‌ندامی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستانی عێراق لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (لەگەڵ ڕووداوەکاندا) وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ و پرسیار و سه‌رنجه‌کانی ئێوه‌ی ئازیزیش ده‌داته‌وه:‌

please wait

No media source currently available

0:00 0:26:37 0:00

XS
SM
MD
LG