Accessibility links

ئۆباما داوا لە کۆنگرێس دەکات بودجە بۆ بەربەرەکانی دژ بە ڤایرۆسی زیکا تەرخان بکات


سەرۆک باراک ئۆباما داوا لە کۆمارییەکانی کۆنگرێس دەکات کە بودجە بۆ بەربەرەکانی دژ بە ڤایرۆسی زیکا پەسەن بکەن.

لە میانەی وتاری هەفتانەی ڕۆژی شەممەیدا سەرۆک ئۆباما ڕایگەیاند شەش مانگ لەمەوبەر داوای لە کۆنگرێس کرد کە بودجە بۆ سەرچاوە تەنگەتاوییەکان تەرخان بکەن لە کاتێدا شارەزایانی تەندروستی گشتی دەیانەوێت ڕێگە لە ڤایرۆسی زیکا بگرن، بەڵام کۆنگرێس وەڵامی نەرێنی دایەوە.

سەرۆک گوتی لەبەری ئەوە " ئێمە ناچارکراین کە سەرچاوەکانی تر بەکاربهێنین کە بۆ ئیبۆلا، شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی تر تەرخان کراوە." ئۆباما گوتی ئەو ڕێگایە چارەسەرییەکی بەردەوام نەبوو. کۆنگرێسیش لە پشوی 7 هەفتەییدایە بەبێ ئەوەی شتێک بکات بۆ پاراستنی ئەمەریکاییەکان لە ڤایرۆزی زیکا.

سەرۆک ئۆباما گوتی" کۆمارییەکانی کۆنگرێس پێویستە وەکو هەڕەشەکانی تر چاو لە زیکا بکەن و کاتێک گەڕانەوە بۆ واشنتۆن پاش ڕۆژی کارکەر پێویستە ئەمە مەسەلەیە بکەنە ئەرکی سەرەکییان".

لە ڕۆژی هەینی بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا ڕێنماییەکانی بۆ بەخشینی خوێن فراوان کرد و دەڵێت پێویستە خوێن بۆ نەخۆشی زیکاش تاقیکردنەوەی لەسەر بکرێت.

FDA دەڵێت پاش ئەوەی کە بەڵگەکان دەریدەخەن ڤایرۆسی زیکا گرفتێکی ڕژدی تەندروستییە بۆ سەر کۆرپەلە و ژنی دووگیان، ئەوان ڕێنماییەکانیان زیاد کردووە.

XS
SM
MD
LG