وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جۆن کیری بڕیارە ڕۆژی دووشەممە بگاتە کینیا بۆ تاوتوێکردنی تیرۆرسم لە وڵاتانی دراوسێدا بەرلەوەی بەڕێبکەوێت بۆ نایجیریا و عەرەبستانی سعودیە.
سەرەتا کیری لەگەڵ سەرۆکی کینیا ئوهورو کینیاتا کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی باس لە کێشەکانی هەرێمەکە بکەن لە ناویاندا ناکۆکییەکانی سودانی باشوری دراوسێی و توندوتیژییەکانی سۆمالیا.
پاشان بەرەو نایجیریا بەڕێدەکەوێت و لەوێش لەگەڵ سەرۆک موحەمەدو بوهاری کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی خراپی ڕەوشی ئابوری وڵاتەکەو مەسەلەکانی گەندەڵی و زیادبوونی هەڕەشەی گروپی تیرۆرستی بۆکۆ حەرام.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممەو پێنجشەممەیه لە عەرەبستانی سعودیە بەسەر دەبات و بڕیارە لەوێش لەگەڵ ڕێبەرانی وڵاتانی هەرێمی کەنداو و هەروەها هاوشانە بەریتانییەکەی و نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەمەن کۆببێتەوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی شەڕ لە یەمەنی دراوسێی.
هاوپەیمانێتی بەڕێبەرایەتی عەرەبستانی سعودیە شەڕی دژ بە سەرهەڵداوە شیعەکان دەکات لە یەمەن و پشتیوانی دەکات لە حکومەتی کە لەلایەن کۆمەڵگای جیهانەوە دانی پێدانراوە.