Accessibility links

دوو ساڵ پاش هێرشی داعش، هەندێک لە ژنانی ئێزیدی بە دووگیانی دەگەڕێنەوە


نوسینی ڕێکار حوسێن

دوو ساڵ دوای پەلاماری داعش بۆ سەر ناوچە ئێزیدیەکان و بە کۆیلەکردنی هەزاران کەس، بەگوێرەی لێدوانی چەندین سەرچاوەی کوردی و عێراقی بۆ دەنگی ئەمریکا، بەشێک لە ژن و کچە ئێزیدیەکان بە دووگیانی، یا خود لە هەندێ حاڵەتدا لەگەڵ منداڵی ساوا، دەگەڕێنەوە. سەرچاوەکان دەشڵێن دوای گەڕانەوەیان ئەم کچ و ژنانە ڕووبەڕووی چەندین بەربەستی کۆمەڵایەتی و یاسایی ئاڵۆز دەبنەوە.

لە سەرەتای مانگی ٨ی ساڵی ٢٠١٤، ڕێکخراوی داعش هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئێزیدیەکان و هەزاران ژن و کچی ئێزیدی ڕفاند و کردنی بە کۆیلەی سێکسی. بەگوێرەی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، توانراوە نزیکی ١٥٠٠ کچ و ژن لەژێر چنگی داعش ڕزگار بکرێن بەڵام زیاتر لە ٢٠٠٠ ژن هەتا ئێستا ڕزگار نەکراون.

پاش تێپەڕبوونی چەندین مانگ لە کۆیلەیی سێکسی چەندین کچ و ژنی ئێزیدی بە دووگیانی دەگەڕێنەوە، ئەمە بە وتەی نەمام غەفووری بەرپرسی ڕێکخراوی کوردی-سویدی ناسراو بە هاوکاری هاوبەش بۆ کوردستان.

نەمام غەفوری لە پەیوەندییەکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "گەڕانەوەی كچ و ژنانی ئێزیدی دەکرێ دابەش بکرێن بەسەر سێ قۆناغ، لە قۆناغی یەکەم ئەو کچ و ژنانە دەگەڕانەوە کە دەستدرێژی سێکسیان کرابووە سەر؛ لە قۆناغی دووهەم، بەدووگیانی دەگەڕانەوە؛ لە قۆناغی سێهەم، ئێستا، هەندێ لە کچ و ژنەکان کە دەگەڕێنەوە منداڵی ساوایان لە باوەشە."

'ژمارەکان مەترسیدارن'

بەگوێرەی لێدوانی غەفوری، دووگیان بوونی ژنانی ئێزیدی بووە بە بابەتێک لای ڕێکخراوەکەی ئەو لە سەرەتای مانگی ١١ی ساڵی ٢٠١٤ - چوار مانگ دوای هێرشی داعش بۆ سەر شنگال.

غەفوری بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "لەم کاتەوە، چەندین ئافرەت بە دووگیانی گەڕاونەتەوە. هەندێکیان بۆ هەشت یا نۆ مانگ دووگیانن بەگوێرەی ماوەی مانەوەیان لە ژێر دەستەڵاتی داعش....لەهەموو ئەو حاڵەتانەی لای ئێمە منداڵەکان لەباربراون."

تا ئێستا هیچ ئامارێكی ڕەسمی لەبەردەستدا نییە سەبارەت بە ژمارەی ئافرەتە دووگیانەکان یاخود منداڵانی تازە لەدایک بوو بەهۆی ئەوەی ئەم بابەتە هەم لەلایەن قوربانیە ژنەکان و هەم لەلایەن کاربەدەستان لە کوردستان و عێراق بە نهێنی ماوەتەوە. سەرچاوە کوردی و عێراقیەکان بەدەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاند کە قوربانیان و کاربەدەستان بەهۆی مەترسی کاردانەوە کۆمەڵایەتی و یاساییەکان هەوڵیانداوە بابەتەکە بە نهێنی بهێلدرێتەوە.

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بەچەندین ژنی ئێزیدی کرد کە منداڵەکانیان لە باربردووە، بەڵام هیچیان ئامادە نەبوون لێدوان بدەن.

لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک لە بەرپرسەکان لە کوردستان و عێراق دەڵێن ژمارەی حاڵەتەکانی دووگیان بوون و منداڵبوون مەترسیدارن و ناکرێ هیچی تر پەردەپۆش بکرێن.

بەپێی وتەکانی پارێزگاری نەینەوا ،نۆفڵ حەمادی عاکوب، نزیکەی ٣٠٠٠ منداڵی تازە لەدایك بوولە ناوچە سونیەکانی ژێردەستی داعش تۆمارکراون کە دایك و باوکیان نادیارن بەهۆی ئەوەی منداڵەکان بەهۆی پرۆسەی جیهادی نیکاح لەگەڵ چەکدارانی داعش لەدایكبوون.

عاکوب ڕایگەیاند "ئاڵۆزترین کێشە کە ڕووبەڕوی عێراق دەبێتەوە لەدوای ئازادکردنی پارێزگای نەینەوا لە داعش بریتیە لە کێشەی منداڵانی دایک و باوک نەناسراو کە لە ئەجامی پرۆسەی جیهادی نیکاح لەدایک بوون،".

حاڵەتی سكپربوونی ژنان لەژێر دەستی داعش تەنها لەنێوان قوربانیانی ئێزیدی نییە، بەڵکوو پرسەکە لە نێو ئافرەتانی سوونیش بەشێوەیەکی بەرفراوان بڵاوە. بەڵام دەرهاویشتەکانی بۆ ژنانی ئێزیدی ئێجگار زۆرە بە بەراور بە ژنانی سونی، بەگوێرەی سەرچاوە کوردی و عێڕاقیەکان.

کاردانەوەی کۆمەڵایەتی

کۆمڵگای ئێزیدی وەکو کەمینەیەکی ئاینی لە کوردستان بەدرێژایی مێژوو لەهەوڵی مانەوەی خۆیدابووە لەو ناوچەیەی کە هەمیشە مەیدانی شەي و ململانێی خوێناوی بووە. لەم چوارچێوەیەدا، ئاینی ئێزیدی ڕێگە بە هاوسەرگیری ئەندامانی نادات لەگەڵ پەیڕەوکارانی ئاینەکانی تر. بۆیە کاتێک داعش هەزاران کچ و ژنی ئێزیدی ڕفاند و وەکو کۆیلەی سێکسی مامەڵەی لەگەڵدا کردن، ئەو کچ و ژنانە ڕووبەڕوی چەندین بەربەستی کۆمەڵایەتی بوونەوە لەدوای گەڕانەوەیان.

لە مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠١٤، کەسایەتی باڵای ئاینی ئێزیدیەکان، بابە شێخ، ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە و داوای لە کۆمەڵگاکەی کرد کە بە شێوەیەکی شایستە مامەڵە لەگەڵ قوربانیە ژنەکان بکەن چونکە 'ئەوان بەزۆر ڕووبەڕوی ئەو بارودۆخە کراونەتەوە و دەستدرێژیان کراوەتەسەر.'

ئەم ڕاگەیاندنەی بابە شێخ تاڕادەیەكی باش کاریگەری هەبوو لەسەر گۆڕانی هەڵوێستی ئێزیدیەکان سەبارەت بە ئافرەتە ئازادبووەکان. بەڵام هەڵوێستی کۆمەڵگای ئێزیدی سەبارەت بە ژنە دووگیانەکان و منداڵی تازە لەدایكبوو جیاوازە.

لەپەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، بابە شێخ ئەوەی ڕەتکردەوە کە هیچ حاڵەتێكی سکپڕبوون یا لەدایك بوونی منداڵ لای ژنانی گەڕاوەی ئێزیدی هەبێت، بەڵام 'لە هەبوونی حاڵەتێکی وەهادا پێویستە پەنا بۆ لەباربردن ببردرێت.'

بابە شێخ بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "قوربانیان کچ و خوشکی ئێمەن و لەسەر چاومانن، بەڵام لەئاینی ئێمەی ئێزیدیان ڕێگە بەوە نادرێت منداڵێک لە دایک بێت گەر دایک و باوکی ئێزیدی نەبن."

"لەڕووی یاسای خێڵەکیشەوە نەگونجاوە و مایەی شەرمە. گەر ئەو منداڵانە لەدایک بن، ئەی خەڵک ناپرسن باوکیان کێێە؟ ئەفغانییە؟ ئەوروپییە؟" بابەشێخ ڕایگەیاند.

بۆیە لە ئێستادا لەباربدن وەکو باشترین هەنگاو مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت؛ بەڵام دووکێشە لە جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوەدا هەیە: یەکەم، لەباربردنی منداڵ ڕێگە پێنەدراوە لە کوردستان و عێڕاق؛ دووهەم، هەندێ لە ژنە ئێزیدییەکان نایانەوێت منداڵەکانیان لەباربەرن.

لەباربردن وەکو چارەسەر

لە کوردستان و عێراق بەگوێرەی یاسا لەباربردنی منداڵ تاوانە تەنانەت لەحاڵەتی دەستدرێژی سێکسیشدا. لەباربردن تەنها لەوکاتەدا ڕێگە پێدراوە ئەگەر ژیانی دایکەکە بکەوێتە مەترسیەوە یا منداڵەکە لەڕووی جەستەییەوە ناتەندروست بێت، شارەزا یاساییەکان بەدەنگی ئەمریکایان ڕاگەیاند.

بەڵام سەبارەت بە لەباربردنی منداڵان لەلایەن کچ و ژنانی ئێزیدی، پەرلەمانتاری ئێزیدی، ڤیان دەخیل، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە 'ڕێککەوتنێکی نەنوسراو' لەگەڵ دەستەڵاتدارانی کوردستان و عێراق کراوە بۆ ئەوەی ڕێگە بەم کارە بدرێت بەبێ هیچ لێپرسینەوەیەکی یاسایی.

خاتو دەخیل لە پەیوەندییەکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند "لەباربردن نایاساییە بە گوێرەی یاسای عێراق بەڵام ئێمە لەگەڵ دەستەڵاتداران گەیشتینە لێکتێگەیشتنێک لەسەر ئەم بابەتە سەرەتا پزیشکەکان سەبارەت بەم بابەتە هاوکاریان نەدەکردین بەڵام ئێمە بەرپرسیاریە یاساییەکانمان خستە سەر شانی خۆمان چونکە ئەم ژنانە بەزۆر خراونەتە ئەم حاڵەتەوە."

بەمەبەستی بە نهێنی هێڵانەوەی بابەتەکە و دوورکەوتنەوە لە هەر کاردانەوەیەکی کۆمەڵایەتی و یاسایی، زۆربەی لەباربردنەکان لە پشت دەرگا داخراوەکان بە ناڕەسمی ئەنجام دەدرێن، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند لەهەندێ بارودۆخدا، ئەگەر بێت و ژنەکە بۆ ماوەی زیاتر لە ٥ مانگ دووگیان بێت و لەباربردن مەترسی بخاتە سەر گیانی، ئەوا پزیشکی شارەزا پڕۆسەی لەباربردنەکە بەوپەڕی نهێنی ئەنجام دەدات.

بۆیە، زۆربەی حاڵەتە سکپڕیەکان بە نهێنی و بەڕێگەی لەباربردن مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، بەڵام هەندێ لە ژنەکان نایانەوێت منداڵەکانیان لەباربەرن، یاخود لەهەندێ حاڵەتدا منداڵەکان لەدایك بوون بەر لەڕزگاربوونی ژنە ئێزیدیەکان لەدەست داعش.

منداڵی تازە لەدایک بوو

بەگوێرەی پەرلەمانتاری کورد لە پەڕلەمانی عێراق، ڕێزان دلێر، هەندێ لە ژنە ئێزیدیەکان دوای گەڕانەوەیان نایانەوێت منداڵەکانیان لەباربەرن.

بۆ نمونە، "ماوەیەک لەمەوبەر، ژنێکی ئێزیدی دوای ئەوەی کە لە ژێردەستی داعش گەڕایەوە دەرکەوت کە سكپڕ بوو،" دڵێر چیرۆکی ئافرەتێکی ئێزیدیەکی ڕزگاربووی بۆ دەنگی ئەمریکا گێڕایەوە بەبێ ئەوەی ناوی ئافرەتەکە ئاشکرا بکات.

"ژنەکە ڕەتیکردەوە کە منداڵەکەی لەباربەرێت بەڵام مێردە ئێزیدیەکەی پێداگری کرد لەوەی کە لێی جیابێتەوە گەر منداڵەکە لەبار نەبات. لە کۆتایی دا لەیەکتر جیابوونەوە."

"ئێستا ژنەکە لەیەکێك لە کامپەکانی پەنابەران لە دهۆك دەژێت و منداڵەکەی تەمەنی ٥ مانگە،" دلێر ڕایگەیاند.

لە هەندێ حاڵەتی تر ژنە ئێزیدیەکان منداڵەکانیان داوەتە خێزانی کورد. یاخود هەندێ جار "ژنە ئێزیدیەکان وتویانە کە واباشترە لە ناو داعش لە ژێر کۆیلایەتی بمێننەوە گەر گەڕانەوەیان ببێتە هۆی لەناوبردنی منداڵەکانیان،" دلێر بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند.

بەگوێرەی سەرچاوکان کە لێدوانیان بۆ دەنگی ئەمریکا دا، ئاستەنگە کۆمەڵایەتی و یاساییەکان دوای لەدایك بوونی منداڵەکان زیاتر دەبن.

ئاستەنگەکان لە داهاتوو

"ئەم بابەتە یەکێك لە ئاڵۆزترین کێشە یاساییەکانە کە ڕووبەڕومان دەبێتەوە لە داهاتوو دا" خامۆش عومەر ڕاوێژکاری یاسایی لەپەڕلەمانی کوردستان بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند.

"بە پێی یاسای عێراقی، ئەو منداڵانە وەکو بەرهەمی پەیوەندی ناشەرعی (زینا) مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و لە ئەنجام دا دایكەکان مافی بەخێوکردنیان نابێت،" عومەر بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند.

هەڵبژاردنی ئاین یەکێکی ترە لە ئاستەنگەکان. یاسای عێراقی، کە بەگوێرەی شەریعەتی ئیسلام هەڵچنراوە، دەڵێت کە منداڵی تازە لەدایك بوو لەسەر ئاینی باوکی هەژمار دەکرێرت، بەگوێرەی ڵیدوانی عومەر.

"ئایا ئەم منداڵانە بە مسوڵمان هەژمار دەکرێن لەکاتێکدا دایکەکانیان ئێزیدین؟ یاسا هیچ وەڵامێکی بۆ ئەم پرسیارانە پێنییە،" عومەر ڕایگەیاند.

پەڕلەمانتاری کورد لە ئەنجومەنی نوێنەڕانی عێڕاق ڕێزان دلێر دەڵێت هەوڵی زۆری داوە بۆ ئەوەی ئەو بابەتە بگەیەنێتە ناو هۆڵی ئەنجومەنەکە بەڵام ئومێدەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك زۆر کەمن.

"من ژنم و لەو بارودۆخە ناخۆشە تێدەگەم کە ئێستا ئەو ژنە ئێزیدیانە تێیکەوتوون. بەڵام لای پەڕلەمانی عێراق ئەم بابەتە مایەی شەرمە باسی بکرێت،" دلێر بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند.

"من پێموایە لە پەڕلەمانی عێراق ناهێڵن بابەتێکی وە‌ها بچێتە ناو هۆڵی پەڕلەمانیش چجای ئەوەی بخرێتە دەنگدان و چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە."

XS
SM
MD
LG