Accessibility links

ئازاد حەمە: قەیرانە سیاسی و ئابورییەکان زیانی گەورەی بە زانکۆکان گەیاندووە


ناوەندە ئەکادیمییەکان لەجیهاندا تێکڕا هەم لەڕووی زانستییەوە هەم لە ڕووی بەشداری توێری و کردارییەوە هەماهەنگ لەگەڵ دیاردەو پرسە گرنگەکانی جیهاندا لەگفتوگۆو توێژینەوەو پەیوەندیدان. شارەزایانی بواری ئەکادیمی لە زانکۆ بەناوبانگەکانی دنیا لە ئەمریکا و ئەوروپا و وڵاتانی خۆرئاوا بە گشتی پرس و دیاردەی تیرۆر و کێشە گەورەکانی جیهان بەهەند وەدەگرن و چەندین توێژینەوە و تۆڕی گفتوگۆ و کاری ستراتیژی هاوبەشیان لەگەڵ ناوەندەکانی توێژینەوە و ناوەندە هەستیارەکانی کۆمەڵگەو دەسەڵاتدا هەیە.

ئایا زانکۆکانی کوردستان کەوتونەتە کوێی ئەم نەخشە جیهانییەوە؟ ئاستی ئاکادیمیان چۆنە؟ قەیرانە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان چ بەڵایەکی بۆ پەروەردە و خوێندنی باڵا دروستکردووە؟ رۆڵ و بایەخی زانکۆ لە گەشەی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئەکادیمیدا چین؟

سەبارەت بەو تەوەرانە و چەندین پرسی گرنگ ئاسۆ جەبار بۆ هەفتەنامەی رەهەندەکان وتووێژێکی لەگەڵ نوسەر و پسپۆری ئەکادیمی دکتۆر ئازاد حەمە دا سازکردووە.

سەبارەت بە جیاوازی و بەربەستەکانی بەردەم زانکۆکان ئازاد حەمە دەڵێت "بێباکی سیاسی رەنگە کاریگەری هەبێت لەسەر دروستکردنی ئەم دیوارە لەنێوان کۆمەڵگەو نێوەندی ئەکادیمیدا".

"لەهەموو زانکۆکانی جیهاندا زانکۆ جیاوازە لەقاوەخانە، لەریستورانت، لەشوێنی گشتی، لەپارک؛ بە تەواوەتی کە دەڵێی زانکۆ پیرۆزییەکی هەیە، بە مانا ئاینییەکەی نا، پەیکەر و کیانێکی خۆی هەیە".

سەبارەت بە گرفتەکانی زانکۆ ئازاد حەمە دەڵێت "زانکۆ دەبێت بودجەیەکی هەبێت بۆئەوەی تێچووەکانی ناو زانکۆ دابینبکات، بتوانێت کۆنفرانس بکات، وۆرکشۆپ بکات، بتوانێت خەڵکانێک بنێرێتە دەرەوەو هەندێک میوان لەدەرەوە بهێنێت، دەیان شتیتریش؛ زانکۆی سلێمانی ئەو بودجەیەی نیە".

هەروەها دەشڵێت" ئێستاکە هەلومەرجێکی سیاسی و ئابوری لەئارادایە، کە زانکۆکانی پابەندی خۆی کردووە، زانکۆکانی هەژارکردووە، زانکۆکانی برسی کردووە؛ ئەمە وایکردووە لێپرسینەوە نەمێنێت".

"ئەم هەژارییە ئابورییە، ئەم کەمکورییە دەرامەتییە کێشەی زانین دروستدەکات، زانین هەژار دەکات، مەعریفە هەژار دەبێت، ئەمە وادەکات جیاوزی ئەوتۆ لەنێوان شەقام و زانکۆدا نامێنێت، مامۆستایەکی زانکۆو شۆفێرێکی تاکسیدا نامێنێت، خوێندکارێکی زانکۆ و دوکاندارێک نامێنێت، ئەمە تراژیدیایە".

سەبارەت بە هەڵوێستی دەسەڵات بەرامبەر خوێندنی باڵا و پەروەردە رۆشنبیریی؛ ئازاد حەمە دەڵێت "دەسەڵات لەکاتی قەیرانەکاندا پەلاماری وەزارەتی رۆشنبیری و پەروەردەو خوێندنی باڵادا دەدات؛ چونکە پێیوایە کە ئەمانە بەرهەمهێنەر نین، ئەمانە مشەخۆرن، ئەگەر پێیوانەبێت وا ناکات. بەڵام لەخۆرئاوا بایەخدان بە کەرتی تەندروستی و پەروەردەو خوێندنی باڵا لەپێشی پێشەوەی هەموو شتەکانە".

هەروەها دەشڵێت "دەستێوەردانی حیزبی هەیە بۆ زانکۆکان، بەڵام هەوڵێکیش هەیە لەلایەن زانکۆی سلێمانییەوە بۆ رووبەڕوبونەوەی ئەو دەستتێوەردانە و دانانی سنورێک بۆ ئەم دەستتێوەردانە. لەم دەڤەرە رەنگە ئەم تەقەلایە هەبێت، بەڵام لەزانکۆکانی تر رەنگە ئەم تەقەلایە زۆر نزمتر بێت".

"لەهەندێک لە زانکۆکاندا جیاوازییەکی ئەوتۆ ناکەیت لەنێوان بارەگایەکی حیزبی و زانکۆیەکدا".

سەبارەت بە کاریگەری ئیسلامییەکان لەسەر زانکۆ ئازاد حەمە دەڵێت "ئیسلامی سیاسی توانیوێتی پەلاماری ئەو دوو گۆڕەپانە بدات، گۆڕەپانی خوێندنی باڵاو پەروەردە".

سەبارەت بە بارودۆخی مامۆستایانیش دەڵێت "مامۆستاکان، ئێستا لەپەروەردە هەمویان شتی ناوماڵ ئەفرۆشن، مامۆستا یەخچاڵەکەی دەفرۆشێت، ئەوپەڕەکەی سێ رۆژ دەتوانێت پێی بژی، لەکۆمەڵگەیەکدا کە مامۆستا لە 75% ی موچەکەی وەردەگرێت کە کیلۆی گۆشت بە 18.000 دینارە، ئەبێت ئەم مامۆستایە چ هێزێکی تیادا بێت کە بەیانی کاژمێر 8 ئەچێت بۆ قوتابخانە؛ چی بڵێتەوە بەم خوێندکارانە، لەکوێوە لێیان بپرسێتەوە".

لە ڕێی ئەم بەستەرەوە دەتوانن گوێبیستی تەواوی وتووێژەک ببن......

XS
SM
MD
LG