Accessibility links

بیرە نەوتێكى ترى كەركوك تەقێنرایەوە


دەزگایەکی نەوتی کەرکوک (وێنەی ئەرشیف)
دەزگایەکی نەوتی کەرکوک (وێنەی ئەرشیف)

بەرەبەیانى ئەمڕۆ چوارشەممە لە رێگەى دانانى بۆمبێكى چێنراوەوە بیرە نەوتى ژمارە 34 ى كێڵگەى نەوتى ئاڤانا لەنزیك گوندى سلیمان پەخشانى رۆژئاواى كەركوك گڕى گرت ، بەڵام تەقینەوەكە هیچ زیانێكى گیانى لێنەكەوتوەتەوە.

عەمید سەرحەد قادر بەرێوەبەرى پۆلیسى قەزاو ناحیەكانى كەركوك، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"جگە لەو بۆمبەى بە بیرە نەوتیەكەدا تەقیوەتەوە ، 3 بۆمبى ترى چێنراو لەنزیك بیرە نەوتیەكان دانرابوون كە یەكێكیان تەقیوەتەوە بێ‌ ئەوەى هیچ زیانێكى هەبێت ، بەڵام دوو بۆمبەكەى تریان پوچەڵكراوەتەوە."

تەقاندنەوەى بۆرى و بیرە نەوت لەكەركوك ماوەیەكە سەریهەڵداوە و دوا تەقینەوە ، تەقاندنەوەى كۆگاى نەوتى باى حەسەن بوو لەلایەن چەند چەكدارێكى خۆكوژەوە كە زیانى زۆرى مادى بە كێڵگە نەوتیەكە گەیاند.

بەرێوەبەرى پۆلیسى قەزاو ناحیەكانى كەركوك داعش تۆمەتبار دەكات بەتەقاندنەوەى بۆریە نەوتیەكانى دەوروبەرى كەركوك و ، پێیوایە ئامانج لەم كارەى داعش بەرز كردنەوەى ورەى چەكدارەكانى و دروستكردنى هەڵاى ئیعلامیە.

پێشتر بەرپرسانى پێشمەرگە، ئاماژەیان بەوەكردبوو كە پلان دارێژەرى تەقاندنەوەى كۆگاى نەوتى باى حەسەن لەلایەن هێزێكى دژە تیرۆررەوە دەستگیركراوە ، هەروەها ناسنامەى ئەو چەكدارانەشیان ئاشكراكرد كە خۆیان تەقاندبوویەوە كە دوو چەكدارى تونسى بوون.

لەو بارەیەوە سەرحەد قادر وتى"خەڵكى تریش دەستگیركراون و دانیان بە تاوانەكانیان دا ناوە."

بەشێك لەو كێڵگە نەوتیانەى دەكرێنە ئامانج لەقوڵایى دەسەڵاتى پێشمەرگەدان و دوورن لە ناوچەكانى ژێر دەسەڵاتى داعشەوە ، ئەمەش گومانى لاى هەندێك لەبەرپرسانى كەركوك دروستكردووە بەوەى دەستى سیاسیش لە تەقاندنەوەى بۆریەكاندا تێوەگلابێت .

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:03 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG